پێکەوەژیانی ناچاری

09:56 - 2024-11-04
عوسمان ساوجی
182 خوێندراوەتەوە

عوسمان ساوجی


ئینگلیز کاتێک بڕیار لە دامەزراندنی عیراق دەدات، شارەزای پێکهاتەی ئاینزایی و نەریتی کۆمەڵایەتی و سیستمی خێڵەکی ناوچەکە بووە، تێکهەڵکێش کردنی باشووری کوردستان وەک پارسەنگی هێزی دوو پێکهاتەی زۆرینە شیعە و کەمینە سوننە بۆ ئەوەی لەلایەک دەرفەتی خۆسەپێنی کەمبێتەوە، لەلایەکی تریش دەرفەتی بە خوری کردنەوەی ریسەکە قورس بێت کە هەڵوەشانەوەی عیراقە، ئەمە کارێکی زیرەکانە بووە ئەگەرچی لەسەر حسابی مافی کوردیش بووە. لەماوەی 100 ساڵی تەمەنی ئەم دەوڵەتەدا، زۆر لایەنی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەوەی بە نەگۆڕی ماوەتەوە دید و عەقڵی سیاسییەکانی عیراقە، هێشتا زۆرێکیان وادەزانن رژێمی پێشوو لەسەر دەسەڵاتە یان چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکەن، هێشتا پێداگری دەکەن لەوەی بڕیارەکانی بەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بە کارایی بمێننەوە، ئەوەش تەنها لەپێناوی ئەوەی بەگوێرەی ئەو بڕیارانە تەعریبی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان بە یاسایی کراوە. 
وەک بینیمان زۆربەی ئەندامانی پێکهاتەی سوننی هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەجێهێشت و ئامادە نەبوون موڵکی داگیرکراوی کوردی ناوچە کوردستانییەکان رادەستی خاوەنە رەسەنەکانیان بکەنەوە، هەرچەندە لەبەرامبەر ئەوەدا دەستکەوتێکی سیاسی گەورەشیان پێدەبڕێت کە یاسای لێبوردنی گشتییە، ئەوە لە کاتێکدایە کە سوننەکان زۆر گلەیی لە پەڕاویزخستن و لاوازی دەکەن لە پڕۆسەی سیاسیدا، ئەی ئەگەر دەسەڵات وەربگرنەوە چۆن مامەڵە دەکەن؟ هەر ئەم عەقڵ و بیرکرنەوەیە هۆکارێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی عیراق متمانەیان بەیەکتر نەبێت و ترسیان لە بەهێز بوونی ئەوی تربێت و مانەوەشیان پێکەوە قەدەرێکە لە دەرەوەی خواست و ویستی خۆیان.

وتارەکانی نوسەر