پیلانی ئێوە و پلانی ئێمە

10:28 - 2024-11-24
عوسمان ساوجی
36 خوێندراوەتەوە

   پلانی کورد، بە  چەند هەنگاوێکی کورت و کاریگەر، هەموو ئەو پیلانانەی پوچەڵ و بێکاریگەر کرد 

پیلان کە زیاتر خەسڵەتێکی سیاسیی هەیە بە کورتی بریتییە لەهەر رێکەوتنێکی نهێنی و شاردراوە لەنێوان دوو لایەن یان زیاتر بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجێکی نایاسایی و ناپەسەند، هەرئەوەش وادەکات لایەنە بەشدارەکان رێکاری زۆر و ئاڵۆز بگرنەبەر، تا لە رای گشتی بشارنەوە، چونکە بە ئاشکرا بوونی تووشی کاردانەوەی جەماوەر و شەرمەزاریی دەبن. 
هەرچی پلانە بریتییە لە بەرنامەیەکی کاری پەسەندکراو کە دەبێتە نەخشەیەک بۆ داهاتوو بە ئامانجی بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئامانج بە هەموو رەهەندە جیاوازەکانییەوە، پلان کارێکی شەرعییە و دامەزراوە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بە شانازییەوە دەیخەنە بەردەم رای گشتی، بەتایبەتی لەوکاتەدا کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. 
وابەستە بەو بابەتەوە هەموان بینیمان کە چەند ساڵێکە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی، پیلانێکی ئاڵۆز و چڕ بۆ داماڵینی مۆرکی کوردستانیبوون لە کەرکوک، لەسەر دەستی پارێزگارێکی سەپێنراو و پاڵپشتی چەند لایەنێک بەڕێوەدەچوو،  لە کۆتا قۆناغیشیدا ویستیان لە پرۆسەی سەرژمێریدا ئەنجامەکەی بچننەوە، کە ئەوەش جگە لەوەی ئاسایشی نەتەوەیی کوردی بەگشتی دەخستە بەردەم هەڕەشەیەکی جددی و پاشەکشەیەکی کوشندەوە، مانەوەی پارێزگارە کوردەکەشی لە کەکوک بێبایەخ دەکرد.
بەڵام پلانی کورد، بە چەند هەنگاوێکی کورت و کاریگەر، هەموو ئەو پیلانانەی پوچەڵ و بێکاریگەر کرد کە بریتی بوون لە:
-1بانگەشەیەکی سەرکەوتوو بۆ هاندانی کوردی کەرکوک، تا بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و کردیان.
-2 سووربوون لەسەر ئەوەی پاریزگاری ئەو شارە بۆ کورد بێت و ئەوەش کرا.
-3 لە هەمووی گرنگتر هۆشیاریی کەرکوکییەکان بوو کە رۆژێک پێش سەرژمێری، بە کەرنەڤاڵێکی بێوێنە گەڕانەوە بۆ شارەکەیان و هەر ئەو ئێوارە لێکەوتەکانی لەسەر لایەنە پیلانگێڕەکان دەرکەوت، کە داوای راگرتنی پرۆسەکەیان کرد.
لەکۆتاییدا ئەنجامی سەرژمێری هەرچی بێت کورد پەیامی ئەوەیدا بە لایەنە پیلانگێڕەکان کە هەوڵەکانیان بۆ لێکدابڕانی کورد و کەرکوک بێهودەیە و لەو بارەوە ناکرێت ئازایەتی و بوێریی پارێزگاری کەرکوک نادیدە بگرین کە نەیهێشت هیچ ئاستەنگێک بۆ گەڕانەوەی کەرکوکییەکان دروستببێت.

وتارەکانی نوسەر