شیلان بەرزنجی
لە کاتێکدا کە تورکیا هەنگاوی بانگەشەی ئاشتی و هاتنە پێشی بۆ دانوستان لەگەڵ هێزە کوردییەکان دەستپێکردووە، لەهەمان رۆژی بانگەشەی ئاشتیدا 269 کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن و دەنێردرێن بۆ زیندانەکان.
کێشە دروستکردن بۆ پارتە کوردییەکان کاری لە پێشینەی حکومەتی تورکیا بووە، بۆیە ناتوانین بڵێین کە ئەم ئاشتی و تەباییەی باسی لێوەدەکات راست بێت.
رەوشی ناوچەکە لە گۆڕانکارییەکی گەورەدایە و وایکردووە تورکیا بترسێت و لە هێرش و داگیرکارییەوە بکشێتەوە بۆ هێڵی بەرگری.
ماوەیەکە هەندێک نووسەر و بەناو رۆشنبیری تورکیا لە میدیاکان، باس لەوە دەکەن کە پێویستە لەناو خۆیان نێو ماڵی خۆیاندا رێکبخەن و کێشەی کورد چارەسەر بکەن، یان بە فێڵ هاوسەنگی کاتی رابگرن، بۆ ئەوەی بتوانن پێش لەو گۆڕانکارییانە بگرن کە خەریکە بەرۆکی تورکیا دەگرێت.
ئەو دەنگۆیانەی میدیاکانی تورکیا،
ئەم دەست پێشخەرییە ساختەیە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا چەن مانگێک لەمەوبەر سەرەڕای هێرشێکی چڕی بۆ سەر (پەکەکە) لە قەندیل، پیلانی تێکدان و هەڵوەشاندنی کوردی لە باشوور و رۆژئاوا دانا، یەکەمیان دابڕانی باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بوو کە دەیویست شنگال کۆنترۆڵ بکات و لەو رێگایەوە هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدات، دووەمیان پیلانی لەناوبردنی بەڕێوەبەری (خۆسەری) بوو لە رۆژئاوا، ئەویش بە ئاشتبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی سوریا.
تورکیا هیچکات نەوەستاوە لە پیلانگێڕییەکانی دژی دۆزی کورد جا لە هەر پارچەیەکی کوردستان بووبێت.
هێرشەکانی ئیسرائیل ئەو دوو پیلانەی تورکیای هەڵوەشاندەوە، بۆیە چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە هیچ پڕۆژەیەکی ئاشتی لە ئارادا نییە.
پرسی ئاشتەوایی دەبێت چۆن بێت؟
ماوەی ساڵێکە تورکیا دەیەوێت خۆی لە سوریا نزیک بکاتەوە، لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل بۆ مانەوەی خۆی دەیەوێت بە تەواوی حکومەتی سوریا لاواز بکات و هەندێک ناوچەی بە بیانووی ئەو هێز و گروپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن دەربکات، بەو جۆرەش سوریا دابەش بکات.
تورکیا ترسی هەیە لەوەی کە کورد لە باکووری کوردستان بەرەو پێش بڕۆن و سەنگەری کورد بەهێز ببێت و ببن بە ژمارە لە هاوکێشەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەو و دامەزراندنەوەی ناوچەکە، بەتایبەتی لە سوریا.
تورکیا ناتوانێت هێرش بکات، چونکە ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل رێگەی پێنادات، لەبەرئەوەی ئەمریکا تورکیای لە هاوکێشەکانی ناوچەکە دوورخستۆتەوە، بۆیە دەیەوێت ئەو جەنگە سەختە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی کورد رابگرێت و دەست بە مەراییکردن بکات بۆ کورد تا دووبارە لە خشتەیان بەرێت.
وەک چۆن لە رابردوودا بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ کردوویانە، بەڵام ئێستا، سەردەمی پەیمانی لۆزان بەسەر چوو، کۆی ئەم گۆڕانکارییانە دەریدەخات، پێویستە تورکیا بۆ لەمەودوا لەو راستییە تێبگات، هیچ پڕۆژەیەکی ئاشتەوایی بەبێ چارەسەری دۆزی کورد روونادات و نایەتەدی.
ئەو تورکەی کوردی خۆشنەوێت تورک نییە، ئەمە وتەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی (مەهەپە)یە.
بۆچی ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکەنەوە؟
پێویستە ئەوە بزانین کە باخچەلی، یەکەم کەس بوو دژی ئاشتیکردن بوو لەگەڵ کورد و بە خیانەتی لە قەڵەم دەدا.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین تورکیا هەم لە دەرەوەی وڵات و هەم لە ناوخۆی تورکیا و هەم لە ناوچەکەش، دۆخی حکومەت لە قەیرانێکی گەورەی ئابووریدایە، ئەمە وایکردووە کە نەتوانێت بەم دۆخەی ئێستا لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت.
لەوە تێگەیشتووە کە ئەگەری تێکچوونی باڵانسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و باڵانسێکی نوێ دروستدەبێت، بۆیە تورکیا دەیەوێت لەمەدا، بێ کێشە جێگای هەبێت، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان بناغەی پتەوبکات، بۆیە دەیەوێت هەنگاوی ئاشتەوایی بنێت.
لە لایەکی ترەوە دەیانەوێت سەرلەنوێ دەستوور دابڕێژنەوە لە تورکیا، بۆ ئەوەش پێویستیان بە پشتیوانیی کورد دەبێت و کار لەسەر ئەوە دەکەن سۆزی کورد بەلای خۆیاندا رابکێشن.
تورکیا دەیەوێت دەم پارتی و جەهەپە لەیەک دوور بخاتەوە و پەیوەندییان بپچڕێنێت.
لە هەڵبژاردنی چەند مانگی رابردووی سەرۆک شارەوانییەکانی تورکیادا، جەهەپە و دەم پارتی، پاڵپشتی یەکتربوون بە هاوکاریی دەم پارتی، جەهەپە توانی زۆربەی سەرۆک شارەوانییەکان بباتەوە، هەر لەبەر ئەمەشە حزبی دەسەڵاتداری ئێستا ترسی لێیان هەیە.