٢
دووشەممەی رابردوو (١٤/٣/ ٢٠٢١)، هەوڵی خەمڵاندنی ئاستی قەبارەی کاریگەریی لەسەر ئابووریی رووسیاماندا. ئابووریی رووسیا پشت بە داهاتی وزە دەبەستێت کە لە(٦٠٪) کۆی هەناردەی وڵات و لە (٤٠٪) کۆی بودجەی گشتی پێکدێنێت. بەپێی خەمڵاندنی بانکی ناوەندیی رووسیا، پێشبینی گەشەی بە رێژەی (٢٪) دەکرد، بەڵام ئێستا پێشبینی پوکانەوە بە رێژەی (٨٪) لە کۆی بەرهەمی نیشتمانی دەکات. سنوردارکردنی توانای هەناردەکردنی رووسیا بۆ ماوەیەکی باش مەنزومەی ئابووریی و داراییەکەی تێک دەشکێنێت. بەڵام ئەم وتارەی ئەمڕۆ، باس لە دەرهاویشتە نێودەوڵەتییەکانی ئابووریی رووسیا دەکات، هەروەها پێویستیی رووسیا بە تەواوکاریی (التکامل) لەگەڵ ئابووریی چین پێشوەختە بەرنامەی بۆ دانرا بوو.
پێدەچێ هەردوو دەوڵەت (رووسیا و چین) پێشبینی ئەو سزا قورس و گشتگیرەیان نەکردبێت، لەبەرئەوە پێویستیی بە تەواوکاریی و پشت بەستن بە ئابووریی چین دەبێ گەشەی زیاتری پێبدرێت، رووسیا لە مەودای دووردا ئەمەی پێ باش نییە. رووسیا لە ژێر گوشاردایە، رەنگە دوا نیشاندەرەکانی داشکانی پۆلێنکردنەکەی بۆ کەمتر لە پۆلێنکردنی وەبەرهێنان بێت. گوشارێکە دەشێ بۆ چەند ساڵێک بەرگەی بگرێت، بەو مەرجەی هەناردەکردنی نەوتی و گازی سروشتییەکەی رانەگیرێت کە رۆژانە رووسیا لێوەی زیاتر لە(٧٠٠) ملیۆن دۆلاری لێوە دەست دەکەوێت، ئەمەیش بەشی پاراستنی بەهای رۆبڵ دەکات. رەنگە پرسیارەکە سەرەکییەکە ئەمە بێت: ئایا رووسیا دەتوانێ بەبێ سەربەخۆیی تەواویی دارایی و ئابووریی لە سایەی هەژموونی دۆلار و یۆرۆدا بەسەر یەدەک و بزاوتی دارایی جیهاندا، بتوانێ ئابوورییەکەی بە سەربەخۆ بهێڵێتەوە؟
وێنەکە بەبێ زانین و خەمڵاندنی کاریگەریی ئابووریی لەسەر دەوڵەتانیتر بە تەواوی روون نابێت. رووسیا سەرچاوەی ژمارە (١٣) یە لە جیهان، لەبەر ئەوە بایەخێکی گرنگیی لە ئابووریی جیهانییدا هەیە، بەتایبەتی لە بواری وزە و هەندێک کانزای وەک پلادیۆم، کە بۆ پیشەسازیی ئوتومبیل زۆر گرنگە. ئەمە وێڕای رۆڵی ئابووریی ئۆکرایین لە هەناردەکردنی دانەوێڵە. ئەم دوو دەوڵەتە نزیکەی سێیەکی کۆی گەنم لە جیهان هەناردە دەکەن، بەتایبەتیش بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا. رووسیا لە(٤٠٪) گازی سروشتی و لە(٣٣٪) نەوتی ئەوروپا دابین دەکات. ئەوروپا ناتوانێ لە مەودای کورتدا قەرەبووی هاوردەکردنی ئەم دوو کاڵایەی رووسیا بکاتەوە، بەتایبەتی کە پەراوێزی یەدەکی ئەم دوو کاڵایە سنوردارن. لەبەر ئەوە نرخی هەردووکیان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرزبوونەوە، ئەگەرچی بەشێکی ئەو هەڵكشانە بۆ کاریگەریی دەروونی دەگەڕێتەوە. یەک لە کاریگەرییەکانیتر، نزیکەی لە (٢٠٪) داهاتی دەوڵەتی تاجیکستان لەو دراوە گرانبەهایانەوە سەرچاوە دەگرێت کە هاوڵاتیانی لە رووسیاوە رەوانەی دەکەنەوە، لەبەر ئەوە دەشێ ئەو کاریگەرییە بۆ سەر رەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دەوڵەتانی دراوسێی درێژ بێتەوە، بەڵام ئەو کاریگەرییە شێوەیتریش وەردەگرێت، بۆ نمونە، رێگرتن لە هێڵی فرۆکەوانەی، تێچوونی فرۆکەوانیی هەموو کۆمپانیاکانی خۆرائاوی بەرز کردۆتەوە، وێڕای بەرزبوونی نرخی سوتەمەنی بەتایبەتی دوای سەرەتای کۆتاییهاتنی پەتای کۆرۆنا. دەرهاویشتەی تریشی هەیە کە کار لە رەوشی ئابووری دەکات، بۆ نمونە، چەندین دەوڵەتی ئەوروپا خەرجییەکانی بەهۆی بە لێشاو وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکرایین و بەرگری و ویستگەکانی گازی شل زیاد دەکات، وەک چۆن ئەڵمانیا رایگەیاند، هەموو ئەوانەی گوشاری گەورە لەسەر بودجەی گشتی دروست دەکات و کورتهێنانی بودجەیش بەدوای خۆیدا دێنێت. بەڵام کاریگەرییە گرنگەکە هەڵشکانی رێژەی هەڵئاوسانە لەسەر ئاستی جیهان، بە دیاریکراوی لە ئەوروپا و ئەمریکا، بەتایبەتیش لە کاتێکدایە کە بانکە ناوەندییەکان لەسەروبەندی گۆڕینی سیاسەتی نەختینەیاندان.
ئەو پەرەسەندنانە گوشاری گەورەیان لەسەر بەرپرسانی ئابووری و دارایی دروستکردووە خستوویانیەتە بەردەم دوو ئەگەر، یەکەمیان خێراکردنی بەرزکردنی نرخی سودە تا رێگری لە بەرزبوونی ئاستی هەڵئاوسان بکەن، کە بەرئەنجامی ئەو سزا و گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئابووریی رووسیا، کە هەڵكشانی نرخی سوتەمەنی و خۆراک بەرئەنجامە دیارەکەیەتی، یان ئەوەتا دەبێ دان بەخۆدا بگرن تاوەکو بتوانن تەمویلی تێچوونێکی ناچاوەڕوانکراوی پێبکەن.
هەلومەرجێکی لەوجۆرە لە کاتی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا دروست بوو، کە حکومەتەکانی ناچار کرد خەرجییەکانیان زیاد بکەن.
پەرەسەندنەکانی سیاسەت و جەنگ ئەگەرەکان و کاریگەرییە ئابووری و داراییەکان دیاری دەکات. بەگشتی رووسیا دەرامەت و ئەزموون و ئاستێکی باشی پەیوەندیی لەگەڵ چین هەیە، دەتوانێ بەجۆرێک لە جۆرەکان لێوەی ئەم ئاڵەنگارییە تێپەڕێنێت، بەڵام ئازارەکەی قورسە، دەشێ چەند ساڵیک کاریگەریی بەجێبهێڵێت، بەوەی پردی متمانەی لەگەڵ خۆرئا رووخا. هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات کە رەوشەکە بەرەو کوێ مل دەنێت، کاتێک پرۆسە سەربازییەکان دەبنە مەیدانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو گۆڕانکارییانە، لایەنی مەعنەویش هەیە کە ئەستەمە بتوانرێ پێوانە بکرێت، وێڕای ئەوەی بتوانرێ پێشبینی ئاراستە و دەرهاویشتە دوور مەوداکانی بکرێت.