گرنگیی رۆحی پەروەردە لە کاریگەرییە قووڵەکانی سەر تاک و کۆمەڵگەدا رەنگدەداتەوە، بۆیە ئەگەر پەروەردە رۆحی پەروەردەی لەخۆگرتبێت، ئەنجامەکەشی دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان توانای زیاتریان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان
ئەوەی مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم ئەوەیە، تاچەند پەروەردە توانیویەتی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دروستبکات و دەرئەنجامەکەشی لەڕوانگەی گۆستاف لۆبۆنەوە لەسەر ئەم واقیعەی ئێستا هەڵسەنگێنین، بەوەی پەروەردە لەتاک و خێزاندا چی بەرهەمهێناوە؟ ئەگەر دەرئەنجامێکی واشی نییە هۆکارەکەی چییە؟ لەم روانگەوە گۆستاف لۆبۆن ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردە دەگرێت، بەوەی تەنها تیشک دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی ئەو تاکانەی کە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان نییە، یان بڕیاردانی سەربەخۆیان نییە، یان ئەم جۆرە تاکانەت بۆ بەرهەم دەهێنێت، چونکە سیستەمێکی لەو شێوەیە هەر ئەو تاکانەت بۆ بەرهەم دەهێنێت کە ئاسانە بۆ کۆنترۆڵکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، کە توانای گەشەکردنیان نییە، ئەگەر لەم سۆنگەوە لە پەروەردەی عیراق بڕوانین بریتییە لە کام جۆریان؟
لوبۆن پەروەردە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبینێت و پێیوایە کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە، بەشێوازێک پەیوەندی لەنێوان پەروەردە و چینە کۆمەڵایەتییەکانیشدا هەیە، بۆیە سیستەمی پەروەردە دەتوانێت ببێتە ڕێگەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست ئاراستە نەکرێت، هەربۆیە ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەنگە پەروەردە ببێتە ئامرازێک لە دەستی چینە دەسەڵاتدارەکاندا بۆ سەپاندنی بیرۆکە و بەهاکان بەسەر چینەکانی تردا، بەمەش کاریگەری لەسەر شێوەی پەیوەندی نێوان تاکەکان و کۆمەڵگەدەبێت، هەربۆیە پەروەردە ناتوانێت کاریگەر بێت لەسەر کۆمەڵگەیەک، مەگەر لەگەڵ بەها و نەریتە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەدا بگونجێت، ئەمەش بەو مانایە دێت هەوڵدان بۆ سەپاندنی مۆدێلی پەروەردەیی بیانی بەسەر کۆمەڵگەکەدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە کولتوورییەکان، ئەنجامی نەرێنی لێدەکەوێتەوە.
ئەشکرایە پەروەردەی کۆن یان تەقلیدی پشت بە لەبەرکردن و تەلقین دەبەستێت، ئەم جۆرە پەروەردەیەش داهێنان و توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەکوژێت، لەم بارەوە لۆبۆن پێی وایە تەرکیزکردن لەسەر لەبەرکردنە بەبێ تێگەیشتن، بۆیە جەختکردنەوە لەسەر لەبەرکردن بەبێ تێگەیشتن، ناتوانرێت زانیاری تیۆری بە ژیانی پراکتیکییەوە ببەسترێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نەوەیەک کە شایستەی چارەسەرکردنی کێشەکان، یان داهێنەر نەبێت لەو بوارەدا، لەمەش خراپتر لوبۆن ئەوە دەخاتەروو، کە پەروەردە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت، واتە پەروەردە وەک ئامرازێک بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تاوەکو لێرەوە حکومەتەکان و سیستەمی سیاسی پەروەردە وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیاکان و ملکەچکردنی خەڵک بەکاردەهێنرێت. بەمەش پەروەردە دەبێتە چەکێکی مەترسیدار ئەگەر بەکاری بهێنرێت بۆ دروستکردنی گوێڕایەڵی کوێرانە لەنێو نەوەی نوێدا، هەروەها ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەو پەروەردەیەی پشت بە تەلقین دەبەستێت و بەبێ ئەوەی دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازاد و ڕەخنەگرانە برەخسێنێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی عەقڵی داخراو، بەمەش کۆنترۆڵکردنیان ئاساندەبێت.
هاندانی بیرکردنەوەی
ڕەخنەیی و داهێنان
مادام پەروەردە کلیلی فێربوونە، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پرسیارکردن و گفتوگۆکردنە، دەبێت بەشێکی سەرەکی بێت لە پرۆسەی پەروەردەو پرۆگرامەکان، جگەلەمەش سیستەمی پەروەردە دەبێت تێکەڵەیەک بێت لە زانستی تیۆری و پراکتیکی، بۆئەوەی فێرخواز بتوانێت وانەکان کە لەسەر بنەمایەکی زانستی دانراون، بە ژیانی ڕۆژانەوە ببەستێتەوە، واتە ئەمە مەرجە لەناو پرۆگرامەکاندا رەنگیدابێتەوە، جگەلەمەش پێویستە لەپرۆسەی فێربوون و فێرکردنیشدا، رەچاوی جیاوازی تاکەکەسییەکانی تێداکرابێت، نەک فێرخوازان لەسەر یەک قاڵب و شێواز یەک بخات، بۆیە پەروەردە تەنها ئامرازێک نییە بۆ فێرکردنی خوێندنەوە و نووسین بەمرۆڤەکان، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەشە، چونکە پەیوەندی بە پێکهاتنی عەقڵی مرۆڤەوە هەیە، هەر لەبەرئەمەشە چەند ساڵ جارێک لە وڵاتانی ئەوروپیدا، بە شێوەیەکی سیستماتیک پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردەدا دەکرێت، تاکو بتوانێت بە ئاشتییانە لەناو کۆمەڵگەدا بژین، و بەشداری لە گەشەپێدانیدا بکەن، بەشێوازێک نتوانیت لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا هەم هەنگاو بنێت، هەم ڕۆڵی هەبێت لەو گۆرانکارییانەدا.
ڕۆحی پەروەردە، کرۆکی گەشەپێدان
ڕۆحی پەروەردە ئاماژەیە بۆ ئەو بەها و بنەما بنەڕەتیانەی، کە بەشدارن لە پێکهێنانی ژینگەیەکی پەروەردەیی ئەرێنی، دروستکردنی کارەکتەر و بەهێزکردنی بەها مرۆییەکان و فێرکردنی کارامەیی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. ڕۆحی پەروەردە واتە پەروەردەکردنی مرۆڤ بەپێی ئەخلاق و ڕێز و لێبوردەیی و داهێنان.
سەبارەت بە توخمەکانی ڕۆحی پەروەردەش بریتییە لە بەها مرۆییەکان هەر لە ڕێزگرتن، لێبوردەیی و دادپەروەری.....تاد فێرکردنی منداڵان، ئەم بەهایانە یارمەتیان دەدات کارلێکی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکەن، بەمانایەکی تر پەروەردە پرۆسەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو چالاکی کارلێکی کۆمەڵایەتییە، کە پێویستی بە کارلێکی مامۆستا هەیە لەگەڵ خوێندکارەکان، هەروەها دروستکردنی ژینگەیەک کە هاندەری دیالۆگ و گفتوگۆیە، لەم سۆنگەوە هاندانی ڕۆحی پەروەردە بۆ فێربوون لە ڕێگەی ئەزموون و پراکتیکەوەیە، ئەمەش توانای خوێندکار بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەرزدەکاتەوە، بۆئەوەی پەروەردە هاندەری داهێنان بێت لە تاکەکاندا، ئەمەش بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەربڕینی بیرۆکە و داهێنانەکان، دێنە گۆڕێ، نەک بەس گوێگرتن و وتنەوەی.
گرنگی و رۆڵی پرۆسەی پەروەردە
گرنگی ڕۆحی پەروەردە لە کاریگەرییە قووڵەکانی سەر تاک و کۆمەڵگەدا ڕەنگدەداتەوە، بۆیە ئەگەر پەروەردە ڕۆحی پەروەردەی لەخۆگرتبێت، ئەنجامەکەشی دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان توانای زیاتریان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان، هەروەها ئەو کۆمەڵگەیەی کە ڕۆحی پەروەردە دەگرێتەبەر، بەشداری لە بنیاتنانی کولتووری هاوکاری و ڕێزگرتن لە یەکتردا دەکات.
لەبەرئەوەی پەروەردە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی، کە کاریگەریی لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵگە و پێشکەوتن هەیە، بۆیە تەنها پرۆسەی پەروەردەیی نییە و بەس، بەڵکو سیستەمێکە کە بەشداری لە پێکهێنانی بەها و ڕەفتار و هەڵوێستی تاکەکان دەکات، لەوانە:
1 - دروستکردنی شوناس و بەها
پەروەردە رۆڵێكی گرنگی هەیە لە پێکهێنانی ناسنامەی تاکەکان و گواستنەوەی بەها کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان و فێرکردنی ئەو نەریت و ئاکارانەی، کە بەشدارن لە بنیاتنانی کۆمەڵگە بە نەوە نوێیەکان.
2 - پەرەپێدانی تواناکان
پەروەردە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی پەرەپێدانی کارامەیی پێویست بە تاکەکان، کە بەهۆیەوە بەشدار دەبێت لە باشترکردنی کارەکان.
3 - پێگەیاندنی هاونیشتمانی چالاک
پەروەردە ڕێگایەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فێرکردنی ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیان، بۆیە تاکەکان دەتوانن ئەندامی چالاک و کاریگەر لە کۆمەڵگەکانیاندا بەرهەمبهێنن.
4 - نەهێشتنی هەژاری
پەروەردەیەکی باش دەرگا بەڕووی دەرفەتی ئابووریدا دەکاتەوە، ئەمەش ڕێگە بە تاکەکان دەدات ئاستی ژیانی خۆیان بەرز بکەنەوە، واتە پەروەردە دەتوانێت بەشدارێکی کارا بێت لە کەمکردنەوەی هەژاریدا، بەم پێیەش پەروەردەیەکی باش یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان کە یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری تاک و کۆمەڵگە.
کەواتە ڕۆحی پەروەردە وەک لۆبۆن باسی دەکات، پەیامێکە بۆ بەهێزکردنی بەهاکانی مرۆڤ و کارلێکی ئەرێنی و فێربوونی چالاک. بە وەرگرتنی ئەم ڕۆحە دەتوانین نەوەیەک بەرهەمبهێنین، کە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان و بەشداریکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی باشتردا هەبێت، بەوپێیەی پەروەردە بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە، چونکە بەشدارە لە پێکهێنانی بەها و لێهاتوویی، کە تاکەکان پێویستیان پێیەتی بۆ بەدیهێنانی تواناکانیان، لەم سۆنگەوە بەهۆی باشکردنی پرۆسەی پەروەردەوە، دەتوانین بەردەوام هەنگاوی نوێ و پێشکەوتوو بنێین و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو بنیات بنێین.
لەو روانگەوە هەر گۆڕانکارییەك لە پرۆسەی پەروەردەدا روودەدات، زۆرترین ماوە کە دیاریکرابێت بۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگەو تاکەکان، لەنێوان
(10-20) ساڵە، لەم سۆنگەوە ئایا لەوەی (32) ساڵی حکومەتی هەرێمدا دەتوانین قۆناغەکانی گۆڕانکاری لەسە کۆمەڵگە، یان تاکەکانی دیاریبکەین، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2023) دا، بڕی (24500) ملیار دیناری تەرخانکرد بەس بۆ گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکان، ئەمەش بودجەیەکی زۆر زۆرە، کەواتە ئەوەی هەیە هەمان ئەو پرسیارە دەکەینەوە، کە گۆستاڤ لۆبۆن کردی لەسەر هێزی فێربوون لەسەر بونیادنانی کۆمەڵگەو هەڵوەشاندنی؟ لەگەڵ ئەم بوجە زۆرەشدا، بەڵام هێشتا لە قۆناغی کلاسیکیداین، چونکە ئەوەی لەناو پرۆگرامەکاندا هەیە شتی بیر بنیاددەنێت، نەك بیرکردنەوە و پرسیار بهێنێتە گۆڕێ، بۆیە کەسی زیرەکیش ئەوەیە کە بیرەکە بنوسێتەوە، چونکە بەدواداچوونی نییە، ئەمەش هەمان تایبەتمەندیی پەروەردەی کۆن، یان تەقلیدیە، بەمەش ئەوە ڕوندەبێتەوە تاوەکو ئێستا هێشتا لەقۆناغی کۆن لامان نەداوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانین هەر وانەیەکی زانستە مرۆییەکان بەراورد بکەن بە پێی قۆناغەکانی گۆڕانکاریکردن لە پرۆگرامەکانیدا، ڕاستەوخۆ ئەمە بەرزتر دەبێتەوە.
لای لۆبۆن چەمکی پەروەردە تەنها بریتی نییە لە گواستنەوەی مەعریفە لە کتێبەکەوە بۆ فێرخواز، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو ئامانجی دروستکردنی عەقڵ و کەسایەتی فێرخوازە، لەم پێناوەشدا پرۆسەیەکی دورودرێژە، چونکە لە منداڵییەوە دەستپێدەکات. تاوەکو گەشتن و جێگربوونی چەمك و بەهاکان لە دەروونی مرۆڤدا.
دەبێت ئەوەش بڵێین پەروەردە بەشێکە لە ژینگە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکە، هەر بۆیە ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگەیەیە کە تاکەکانی تێدا پەروەردە دەبن، هەر بۆیە پێویستە پەروەردە کاری لە پێشینەی دروستکردنی عەقڵەکان و چۆنیەتی کاردانەوەی لەسەر ڕەفتارەکانیان بێت، تاوەکو لێرەوە بیرکردنەوەی تاکەکان بەرەو سەربەخۆیی و داهێنان بڕوات، نەك هەمان قۆناغ، یان مانەوە لە هەمان قۆناغ و وەستان، ئەمەش لەسەر جۆریەتی و کوالێتی پەروەردە و فێربوون وەستاوەتەوە، پەروەردەیەك کە فەلسەفەکەی ڕوون و ئاشکرابێت و لەناو کایە پەروەردەیەکەدا، هەم کاری لەسەر بکرێ، هەم ڕەنگبداتەوە.
لۆبۆن ئەوە دەخاتەڕوو، کە پەروەردە داینەمۆی بنچینەیی گەشەی کۆمەڵگەکان و دیاریکردنی شوناسیانە، بەم پێیەش بێت تاوەکو ئێستا پەروەردەی ئێمە چەند ڕۆڵی هەبووە لەگەشەی کۆمەڵگە؟ ئەو ناسنامەیەی کە بۆی دیاریکردوین بریتییە لەچی؟ ئەمەی لۆبۆن دەیخاتەڕوو ئەوەیە، کە پەروەردە تەنها لەخوێندنگەدا کورتناکرێتەوە، بەڵکو کاریگەریی خێزان، کۆمەڵگە، راگەیاندن کە ئەمانەش بەرهەمی پەروەردەن ڕۆڵیان هەیە، بۆیە کاتێك لەم ڕوانگەوە سەیری دەکەین، پەروەردە سیستمێکی ئاڵۆزەو ئەوەی لەم ئاڵۆزییانە نەگات، یان لەبەرچاویان نەگرێت، هەر گۆڕانکارییەک بکات، ئەنجامێکی دڵخۆشکەری نابێت.
رێگەدان بەبیرکردنەوە و بەشداریی فێرخوازان، بنەمایەکی پەروەردەییە