خوێندنەوە بریتییە لە پرۆسەیەکی بیرکەرەوەیی، لەپێناو کردنەوەی هێما جیاوازەکان و گەیشتنە مانا مەبەستدارەکان و تێگەیشتن لە دەقەکە، یان بەگەرخستنی زانیارییەکانی پێشوو، یاخود بریتییە لە پرۆسەیەکی بیرکردنەوەیی لەپێناو کردنەوەی هێما و نیشانە جیاوازەکانی ناو دەق و تێگەیشتن و گەیشتنە ئامانج و مەبەستەکان، بەو پێیەی پرۆسەیەکی مەعریفییە و لە رێگەیەوە ماناکان ئاشکرا دەکرێن.
مرۆڤ بە سروشتی حاڵ کائینێکی خوێنەرە، بەو پێیەی خۆی لە کتێبدا دەبینێتەوە و دەروونی خۆی تێدا دەناسێتەوە و جیهانی تێدا دەناسێت، بۆیە خوێندنەوەی کتێب بە بەردەوامی رێگەی نوێت بۆ واڵا دەکات و هەموو ئەو شتانەی کە دێتە رێگەت، هۆکارە بۆ لێک تێگەیشتنیان و خوێندنەوە و لێڕوانینیان بە شێوەی جیاواز.
کەی توانرا خوێندنەوە بگۆڕین بۆ رەفتاری رۆشنبیری و بەهێزکردنی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکە، ئەو کات دەتوانین بڵێین خوێندنەوە لای ئێمە لە رێگەی خێزان و پەروەردەوە کراوەتە کەلتور
هەم خۆراکە و هەم چارەسەرە
میسرییە کۆنەکان لەسەر دیوار نوسیبوویان (خوێندنەوە خۆراکی دەروون و عەقڵێکی باشە)، ئەمەش واتە خوێندنەوە لەیەک کاتدا هەم خۆراکە و هەم چارەسەرە و بنچینەی ئازادی بیری و سیاسی و رۆشنبیری و...تاد بەو پێیەی لەم رێگەیەوە کۆمەڵگەیەکی ئازا و بیرکراوە و رۆشنبیر بونیاد دەنرێت.
یەکەم وشە لە ئاینی ئیسلام وشەی بخوێنە بوو، واتە خوێندنەوە واجبێکە لە واجبە ئاینییەکانیش، چونکە پێویستە یەکەم جار خۆت بناسیت، پاشان بە رامبەرەکەت، بە مانایەکی تر خوێندنەوە کلیلی کردنەوەی دەرگای زانیارییەکانە، بەمەش دەروونەکان واڵا و بیرەکان کراوە دەبن.
بیل گیتس دەڵێت: (هەمیشە دەفتەرێکی بچوکت پێبێت بۆ تۆمارکردنی سەرنجەکان و ئەو بیرە گرنگانەی کە کتێبەکان لە خۆیان گرتووە، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بە ئاسانی بگەڕێینەوە سەریان). کەواتە خوێندنەوە کۆگایەکی زانیارییە بۆ کاتە پێویستەکان، بۆیە رۆژانە کاتژمێرێک کتێب بخوێنەرەوە، ئەگەر کاتیشت نییە، پێش خەوتن ئەم کارە بکە، هەم لەپێناو دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوەی ئەو شتانەی کە لەو رۆژەدا دووچاریان بووین، هەم کۆتایی رۆژەکەت بە شتێکی بەسوود دەهێنیت و کۆگای زانیاریشت بە بەردەوامی بە نویی دەهێڵێتەوە.
بۆ کێ دەنووسین؟
خوێندنەوە ئەرک و کارنامەی بریتییە لە ئارامکردنەوەی دەروون و مێشکەکان و نیشاندانی چۆنییەتی کارکردن و بڕیاردان و چۆنییەتی مامەڵە کردن و گونجاندن لەگەڵ بەرامبەردا، هەر خوێندنەوەیەک ئەم ئەنجامانەی نەبێت، جگە لە کات کوشتن هیچی دیکە نییە، لەبەرئەوە خوێندنەوە رێگەیەکە لە رێگە گرنگەکانی ناسین و دۆزینەوەی خود و ناسینی بەرامبەر و دەورووبەر، بەمەش هەموو بەربەستە کاتی و شوێنییەکان تێدەپەڕێنێت، هەم ئاگاداری رووداوەکانە بە گشتی، بەمەش هەمیشە ئاگاداری کەس و سەردەم و رووداوەکانە.
خوێندنەوە خۆی لە خۆیدا بونیادنانی دیدێکی نوێ و نووسینێکی ترە، بەم پێیەش بێت ئایا کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکین دەنووسین؟ چی دەنووسین؟ بۆ کێ دەنووسین؟ وەڵامی هەریەکەشیان ئاستی رۆشنبیری گەشە و مەعریفی دەردەخات.
بە کەلتورکردنی خوێندنەوە یەکەم هەنگاوی لە ناو خێزانەوە دەستپێدەکات، بۆیە کێشەکە تەنها پەیوەست نییە بە خوێندنگە و زانکۆکانەوە، راستە تا ئێستا و لە هیچ قۆناغیکدا خوێندن نەبووەتە بەشێک لەم پرۆسەیە، جگە لەمەش لە بەرامبەر سزای فێرخوازدا بەکاربهێنرێت، تاوەکو ببێتە کەلتورێک لای فێرخوازان، بۆیە پێویستە هەر لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە بەکەلتورکردنی خوێندنەوە و فێربوونی زمانی دووەم وەک فێربوون، نەک رێزمان ببێتە بەشێکی سەرەکی و سەرلەنوێ پرۆگرامەکان بە تەواوی دابڕێژرێنەوە، ئەمەش بە کەسی شارەزا و بەدەر لە وانەی تاقیکراونەتەوە دەرئەنجامێکیان نەبووە بکرێت، چونکە دانان و نوێکردنەوە، یان گۆڕانکاری کاری کەسی پسپۆڕ و کارامەیە، نەک خزمەتکەر، بەو مانایەی چەند ساڵ لە پەروەردەدا خزمەتی کردووە، نەک ئەزموونی هەیە، ئەزموون و خزمەت دوو دنیای زۆر جیاوازن، خزمەت تەنها هۆکارێکی بەدەستهێنانی ئەزموونە، بۆیە دەبێت ئەم خاڵە بەکاری لەپێشینە وەربگیرێت.
راستە لە مێژووشدا چەندین نووسەر هەبوون لە کاتی ژیانیاندا تەنانەت نەک کتێبەکەیان نەخوێندراوەتەوە، بەڵکو ئامادەنەبوون گوێیان لێبگیرێت، وەک کیرکەگۆرد لە ناچاریدا دەچووە تەویلەی ئەسپەکەی و قسەی بۆ دەکرد، یاخود هەیە تەنها بە شیعرێکی بووەتە شاعیرێکی جیهانی وەک (ئەلیوت).
چۆن نەوەیەک دروست بکەین؟
لای ئێمەش بە داخەوە ئەوانەی لە ژیاندان کێشە نییە ئەگەر کتێبەکانیان نەخوێندرێتەوە، چونکە لە ئایندەدا ڕۆڵیان دەبێت، بەڵام پێویستە ئەم عەقڵانە بخرێنە گەڕ و باشترین چاکسازی گۆڕانکاریان لێبەرهەم بهێنرێت، راگەیاندنیش بەشێکی باشی لەم کەمتەرخەمییە بەردەکەوێت لە نەناساندن و نەگواستنەوەی بیر و روانینەکان، کەواتە چۆن نەوەیەک دروست بکەین، کە خوێندنەوە بەشێک بێت لە بەرنامەی کار و فێربوون، ئایا ئەو ڕێگەیە کامەیە کە کۆمەڵگەیەکی رۆشنبیر و خاوەن زانیاری لەسەر بونیاد دەنرێت؟ چۆن رۆشنبیری و کەلتوری خوێندنەوە بونیاد بنێین؟
ئەو کاتانەی کە لەناو خێزانەکان و خوێندنگە و زانکۆکان خوێندنەوە بووە بە بەشێک لە پرۆسەی فێربوون، دەتوانین ئەم کارە بکەین، یاخود هەر لە سەرەتاوە ئاستی منداڵەکە بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردن و گرنگی پێدانی بکەینە بنەما بۆ کارکردن، یاخود کەسێکی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین، بەو مانایەی ئاستی رۆشنبیری و توانستی نووسین و کارامەیی بە کرداری و نووسین لە کۆمەڵگەدا سەلماندبوو، ئەوە کەسێکی شیاوە، نەک لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی و حیزبی، ئەمەش لەو سۆنگەوەیە خوێندنەوە یەکێکە لە داینەمۆ سەرەکییەکانی هەستانەوە و بەرەوپێشچوون و شارستانییەت و زانست و گواستنەوەی زانیاری و زانستەکان لەنێوان سەرجەم تاکەکاندا، جگە لەمەش رێگەیەکی سەرەکی بونیادنانی کارامەیی و لێهاتووییە، چونکە دەتوانرێت بەهۆیەوە گۆڕانکاری گەورە لە ژیان و دەوڵەتدا بکەین.
خوێندنەوە چارەسەرە
کەواتە کەی توانرا خوێندنەوە بگۆڕین بۆ رەفتاری رۆشنبیری و بەهێزکردنی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکە، ئەو کات دەتوانین بڵێین خوێندنەوە لای ئێمە لە رێگەی خێزان و پەروەردەوە کراوەتە کەلتور و رۆڵیان هەبووە لەم گۆڕانکارییەدا، بەڵام ئەگەر خوێندنەوە بریتی بێت لەسەیرکردنی لاپەڕەکان و چالاکییەکی لاوەکی ناو پۆل و هۆڵەکان...تاد، ئەوە جگە لە کات کوشتن و تەواوکردنی ئەرک، هیچی دی نییە، جگە لەمەش ئەمە بە ئەزموون دانانرێت، بەڵکو بە خزمەتی ساڵ هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا ئەمڕۆ بۆ هەندێک لە رەفتارەکان، خوێندنەوە چارەسەرە، بۆیە ناویان ناوە چارەسەرکردن بە خوێندنەوە.
ئەمڕۆ خوێندنەوە بووەتە پرۆسەیەکی بە جیهانی بوون، بەو پێیەی هەموو جوگرافیا و سنوور و ئایدۆلۆژیایێک تێ دەپەڕێنێت، جگە لەمەش یەکێکە لەهەنگاوە پەروەردەیی و فکری و شوناس و...تاد، چونکە ئەنجامی هەموو قۆناغ و نەتەوەیەک لەسەر ئەم بنەمایە دیاریدەکرێت، یاخود رەنگدەداتەوە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ئەوە سەلـمێنراوە هیچ خوێندنێک ناتوانێت چاڵە مەعریفییەکان پڕبکاتەوە، تاکە هێز کە بتوانێت ئەمە بکات خوێندنەوەیە، بۆیە ئەم هەنگاوەیان کردووەتە بەشێک لە پرۆسەی بوون و شوناس و بەرپرسیاریەتی تاک و کۆمەڵ و بنەمایەک بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر ئاستی زانیاری و هوشیاری، بۆیە لەسەر لایەنی پەیوەندیدارە، بەپلەی یەکەم وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەم هەنگاوە هەڵبگرن، تاوەکو هەم ببێتە شوناسێک بۆ ئەنجامەکانیان، هەم پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە رابردوو دروستبووە.
خوێندنەوە گرنگییەکی زۆری هەیە
بەدەرلەمانەش خوێندنەوە گرنگییەکی زۆری هەیە لەسەر هەردوو ئاستی تاک و کۆمەڵایەتی لەوانە:
یەکەم: هاندانی عەقڵ، بەو مانایەی هۆکارە بۆ ئاستی کارکردن و بیرکردنەوە و بڕیاردان و باشترکردنی کارامەیی نووسین، بەدەستهێنانی زانست و زانیاری و کارامەیی و ئەزموونی کەسی و گەل...تاد، هەنگاو لەگەڵ گۆڕانکارییە جیاوازەکان، توانای هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن بەهێز دەکات، بەهۆی بەهێزکردنی گەشەی عەقڵی و نەهێشتنی دڵە ڕاوکێ، دوو دڵی، دەربڕینی فەرهەنگ بەهێز دەکات، فۆکەس زیاد دەکات، خەیاڵ و یادەوەری بەهێز دەکات...تاد.
دووەم: فراوانکردنی بیرکردنەوە و مەعریفە، واتە خوێندنەوە وا دەکات تاکەکان فێری بیرۆکەی نوێ و چەمکە جۆراوجۆرەکان ببن، هەروەها یارمەتیاندەدات لە فراوانکردنی بازنەی مەعریفەی خۆیان لە بوارە جیاجیاکاندا.
سێیەم: پەرەپێدانی تواناکانی زمان، خوێندنەوە توانای زمان و دەربڕینی تاکەکان بەهێزدەکات، و یارمەتیاندەدات توانای نووسین و پەیوەندیکردن و دەربڕین بەهێزتردەکەن.
چوارەم: بەرزکردنەوەی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، خوێندنەوە هانی تاکەکان دەدات، کە قووڵتر بیربکەنەوە و زانیارییەکان لەسەر بنەمای بەڵگەی روون هەڵسەنگێنن، ئەمەش توانای بڕیاردانی لۆژیکییان زیاتردەکات.
پێنجەم: بەهێزکردنی یادەوەری و هاندانی عەقڵ، چونکە خوێندنەوە راهێنانێکی نایاب و ناوازەیە بۆ عەقڵ، هەروەها بەشدارە لە باشترکردنی یادەوەری و هاندانی چالاکییە عەقڵییەکان.
شەشەم: کات بەسەربردن و خاوبوونەوە، واتە خوێندنەوە ئامرازێکە بۆ کات بەسەربردن و پشودان و خاوبوونەوە، بەو پێیەی کتێب و رۆمان یارمەتی مرۆڤ دەدات لە رۆتینی رۆژانە دوور بکەوێتەوە و چێژ لە جیهانە خەیاڵییە جیاوازەکان وەربگرێت.
حەوتەم: بەرزکردنەوەی کەلتوری گشتی و کراوەیی کەلتوری، بەومانایەی خوێندنەوە دەتوانێت بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی کەلتوری گشتی تاک، و کردنەوەی ئاسۆکانی بۆ تێگەیشتن و رێزگرتن لە کەلتور و بۆچوونە جیاوازەکان.
هەشتەم: وەبەرهێنانێکی بەنرخە لە مرۆڤدا، چونکە بەشدارە لە گەشەکردنی کەسی و پیشەیی تاکەکان و دەرفەتەکانیان بۆ سەرکەوتن لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا زیاد دەکات.