باڵووڵ، زانایەکی کورد

10:16 - 2024-11-11
لاڤە واحید
112 خوێندراوەتەوە

لاڤە واحید


دوعاخوازیت کە کرد ئێسکم بە جارێ کەوتە ناڵەناڵ

لەناو ئەو ناڵەدا باڵووڵی دڵخۆش نەی سوارێکە

ئەم دوو نیوەدێڕە بەشێکن لە هۆنراوەی (بە یادی کۆن)ی شاعیری کورد پیرەمێرد، کە ساڵی (1945) نووسیوێتی، مەبەستی پیرەمێرد لە باڵووڵ چییە؟ کاتێک لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەدا بەدوای واتای وشەکەدا گەڕام، بۆم دەرکەوت بە مانای کەسی زانا دێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوی کەسایەتییەکی ناوداریشە بە ناوی باڵووڵی دانا، هەرچەند لە واتای هۆنراوەکەی پیرەمێرد وردبوومەوە زیاتر باوەڕم بەوە دەکرد ئەم باڵووڵە هەر ئاماژەیە بۆ هەمان باڵووڵی کوردان، کە لە دنیادا بە باڵووڵی دێوانە ناو و ناوبانگی دەرکردووە.
لێرەوە بەسەر بابەتێکی دیکەدا کەوتم، لە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە کراوە، کۆنترین هۆنراوە کوردییەکان کە تاوەکو ئێستا مابنەوە بریتین لەو چەند بەیت هۆنراوەیەی کە باڵووڵ لەدوای خۆی بەجێیهێشتوون، ئیدی تامەزرۆییەکی زۆر دڵی داگرتم تا بەدوای مێژووی ئەم کەسایەتییەدا بچم، کە بەڕاستی پێش نووسینی ئەم بابەتە کەمم لەبارەیەوە دەزانی.
سەعید خانی کوردستانی، کە پزیشکێکی کورد بوو، زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر سێ نووسراوی مێژوویی لە هەورامان دۆزییەوە و لەگەڵ خۆیدا بردنی بۆ بەریتانیا، لەوێ رادەستی مۆزەخانەی کردن، نووسراوەکان هۆنراوە بوون و بە زاراوەی گۆرانی نووسرابوون، باسیان لەو کاتە دەکرد کە موسڵمانان هەوڵی داگیرکردنی کوردستانیان داوە، دەرخەری ئەوەبوون پێش هاتنی ئیسلامیش کورد خاوەنی هۆنراوەی تایبەتی خۆی بووە، بەڵام سۆران حەمەڕەش لە کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد و سدیق بۆرەکەیی لە کتێبی مێژووی وێژەی کوردیدا، هەردووکیان ئاماژەیان بەوە کردووە، دەکرێت سەرەتای مێژووی هۆنراوەی کوردی بگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی باڵووڵی ماهی یاخود باڵووڵی میدی یا خود مادی، کە بە زاراوەی گۆرانی کڵام و هۆنراوەی ئاینیی نووسیوە.
باڵووڵی ماهی کە بە باڵووڵی دێوانە ناسراوە، ناوی عەمر کوڕی لەهەبە، فارس و عەرەب ئەم ناوەیان کردووە بە بەهلول، لە راستیدا ناوە کوردییەکەی باڵووڵە، لە زۆرێک لە سەرچاوەکاندا باس لەوە کراوە، ئەم کەسایەتییە هێندە دانا بووە، لە سەردەمی خەلافەتی هارونە رەشید، خەلیفەی عەباسی ژیانی بەردەوام لە هەڕەشەدا بووە، بۆیە خۆی وەک شێت و دێوانە ناساندووە تا مەترسی لەسەر ژیانی نەمێنێت، مامۆستا سدیق بۆرەکەیی دەڵێت، باڵووڵ لە سەدەی دووەم و سێیەمی کۆچی ژیاوە.
بە پشتبەستن بە کتێبی سەرئەنجام، باڵووڵ لە ساڵی 146ی کۆچی لە شاری دینەوەر چاوی بە دنیا هەڵێناوە و لە ساڵی 219ی کۆچی لە ناوچەیەک بە ناوی تەنگەگۆل کە ئێستا بەشێکە لە ناوچەی کرماشان، کۆچی دوایی کردووە.
چیرۆکێکی ئەم کەسایەتییە مەزنە لە نێو یارسانییەکاندا هەیە، دەگێڕنەوە جارێک باڵووڵ لە بەغداد زۆری برسی دەبێت، دەچێتە لای کەسێک چۆلەکەی برژاو دەفرۆشێ، داوای دوو شیش چۆلەکەی برژاو لە کابرا دەکات، کابراش داوای پارە لە باڵووڵ دەکات، باڵووڵ پارەی پێنابێت و کابراش شیشە چۆلەکەکەی ناداتێ، باڵووڵ پێیدەڵێت ئەگەر نەمدەیتێ هەر ئێستا وا لە چۆلەکەکان دەکەم زیندوو ببنەوە و بفڕن، کابرا و خەڵکەکە هەموویان پێدەکەنن، لە پڕ باڵووڵ دەست بە کشەکش دەکات و یەک یەک چۆلەکەکان زیندوو دەبنەوە و دەفڕن، وەستای چۆلەکە برژاندن و هەموو خەڵکەکە دەحەپەسێن بەم کەراماتە، دوای باڵووڵ دەکەون و ئەویش رادەکاتە کۆڵانێک و هەموو خەڵکەکە تاقیدەکاتەوە و بە چواردەوری خۆیان خۆی پیس دەکات، خەڵکە هاتوهاواریان لێ بەرزدەبێتەوە و دەڵێن، بابە واز لەمە بێنن ئەمە شێتە، لە باڵووڵ دووردەکەونەوە، لەو کاتەدا باڵووڵ بەتەنزەوە دەڵێت: 
(عەمری میلەتێک نەمێنێ بە کشێ دواوکەون و بە فشێ وازت لێبێنن).
زۆر چیرۆکی سەیر لەسەر ژیان و قسەکانی باڵووڵ هەیە، ئەم کەسایەتییە بە باڵووڵی کوفەش ناسراوە و لەنێو دنیای عەرەبیدا زۆر بابەت لەسەری نوسراوە، لە دوای خۆی بە زمانی عەرەبیش هۆنراوەی بەجێهێشتووە.
بە پشتبەستن بەم تۆمارانە دەردەکەوێت یەکەم هۆنراوەی کوردی کە بۆمان مابێتەوە هۆنراوەکانی باڵووڵن، باڵووڵیش کەسایەتییەکی تەمومژاوی و پڕ نهێنیی مێژووی نەزانراومانە.

وتارەکانی نوسەر