دەشێ لەڕێگەی مێژوونووسانی دێرین و هاوچەرخ، یان لە رێگەی ئەدەب و هونەر بەکۆی بوارەکانییەوە زۆر لەسەر سلێمانی نووسرابێت و وترابێت، ئەگەرچی مێژووەکەی زۆر دوور و درێژ نییە، بەڵام ئەو دۆخە سیاسییەی کە سلێمانی پێیدا تێپەڕیووە لە 240 ساڵی رابردوودا، بایی ئەوەبووە کە ئەگەر بە مێژوودا گوزەر بکەین هەر لە سەردەمی ململانێی سەفەوی و عوسمانییەکانەوە لەسەر پاوانکردنی ناوچەکە، بەبێ ناوهێنانی سلێمانی و ئەو گیانی یاخیبوون و بەرگرییەی لەوێندەر بەرپابووە، گێڕانەوەی مێژووەکە و باسکردن لێی کورت دەهێنێت.
خەسڵەتی خەڵکی سلێمانی وایە بە دروشمی ساختە رام ناکرێن، ئەگەر دەربکەوێت حزبێک لە ئاستی دروشمەکانی خۆیدا نەبێت و کڵاو بکاتە سەریان، ئەوا ئەوان قڵپی دەکەنەوە
ئەگەری هەیە دۆخی سیاسیی سلێمانی کاریگەریی بەسەر ئەدەبی کوردییەوە بەجێهێشتبێت، بەڵام ئەو گیانی یاخیبوونە هەر بەڕاستیش لە دەرەوەی فەنتازیای ئەدەب و هونەردا لەئارادا بووە، بۆیە لەدوای رووخانی ئەمارەتی بابان و داگیرکردنی سلێمانی لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە، کاریگەریی بەسەر رۆحی یاخیی شاعیرێکی مەزنی وەک شێخ رەزاشەوە بەجێهێشتبێت کاتێک دەڵێت:
(لەبیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو... نە مەحکومی عەجەم و نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو)، چونکە مێژووی واقیع لە دەرەوەی ئەو فەنتازیایەی شیعرەکەوە بۆمان دەگێڕێتەوە کە پێگەی جێوگرافیی سلێمانی هەمیشە ئەو شارەی کردووە بە شوێنی ململانێی ئیمپراتۆرییەتەکانی عەجەم و ئالی عوسمان و چەند جارێکیش ئەو شارە کەوتووەتە بەر شاڵاوی داگیرکاریی هەریەک لەو دوو ئیمپراتۆرییەتە و بگرە وەک راستییەکی تاڵ، زۆرجار دەسەڵاتدارەکانی ئەمارەتەکە خۆشیان لەڕووی دەسەڵاتخوازییەوە هۆکاری ئاسانکارییان بۆ کردوون، بەڵام هەرگیز نەتوانراوە ئەو گیانی یاخیبوون و بەرەنگارییەی لە ئاستی میللیدا هەبووە، داگیر و زەوت بکرێت.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی
ئەگەر مێژووی کۆنی سلێمانی بەجێبهێڵین و بێینە سەر مێژووی هاوچەرخی سلێمانی، ئەگەرچی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، بەڵام هاوکات فرە پێکهاتەن و خەڵکی کە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە و لە هەموو شێوەزارەکان تێدا نیشتەجێ بووە. جگه لە ئاین و ئاینزاکانی دیکەی وەک کریستیان و جوو و ئایینە غەیرە ئاسمانییەکانیش، بەڵام وا کەوتووەتەوە هەموویان خۆیان بە خەڵكی شارەکە زانیووە.
قەڵای ئازادیخوازان
هەر لەو سەردەمەی دروستکردنی سلێمانییەوە تا دەگاتە ساڵانی جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهان، ئەوانەی لە دەسەڵاتی سیاسیی داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکە بەگشتی و بگرە ئەوانەش کە لەشارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقیش لەدەست ستەمی رژێمە یەک لەدوایەکەکانی عیراق هەڵهاتوون، سلێمانیان وەک ناوەندێک بۆ لەئامێزگرتنی خەڵکی شۆڕشگێڕ و پەناهەندەی سیاسی هەڵبژاردووە و ئەم دۆخەش سەرباری نەبوونی هیچ قەڵایەکی دێرین لە شارەکەدا، بەڵام لەمێژە سلێمانیی کردووەتە قەڵای ئازادیخوازانی یاخی لە ستەم و چەوساندنەوە.
شۆڕش و خەبات لە سایەی سلێمانیدا
ئەگەر لەباری میرایەتی بابانەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکەشیانەوە بەڵگه و دیکۆمێنتێکی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نەبێت، بەڵام بەشی ئەوە بەڵگەی خۆرهەڵاتناسەکان هەیە کە باس لە چۆنێتیی دامەزراندنی بنەماکانی دەوڵەتداریی ئەو (حقبە)یەی مێژووی دەسەڵاتداری و ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی شاری هاوچەرخ دەکەن بەگوێرەی دیزاینی شارە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمەی شام و ئێران و بەغدا و ئیستانبوڵ لەڕووی کردنەوەی خوێندنگەی ئایینی و پێگەیاندنی خەڵکی خوێندەوار و گرنگیدان بە زمان و ئەدەب و کردنەوەی گەرماو و دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و هەڵکەندنی کارێز و ... بەگشتی گۆڕینی سیمای گوندێکی بچووکی وەک مەڵکەندیی ئەو سەردەمە بۆ شارێکی هاوچەرخ بە پێوەری ئەو رۆژگارە و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی تێیدا.
سەرەڕای ئەوەش زمان و ئەدەب لە دەرەوەی کایە ئەدەبییەکەی بۆتە بناغەی نەتەوە و نیشتمانسازی لە سلێمانیدا، بۆیە دوای رووخانی ئەمارەتی بابانیش زمانەکە نەک لەناونەچوو، بەڵکو بووە بە بناغەیەک بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی کورد وەک نەتەوە، هەر ئەو بناغەیەش بووەتە ماکی خەبات و قوربانیدان و کوردایەتی و سوودوەرگرتن لەو باکگراوندە سیاسییە نەتەوەییە نەستییە، بۆ قۆستنەوەی دۆخی دوای جەنگی یەکەمی جیهان، تا لەو رێگەیەوە یەکەم حکومەتی کوردستانی جنووبی لە سلێمانیدا دابمەزرێت.
کوانووی حزبایەتی و رێکخراوبوون
ئەگەر کوردایەتی پێشان تەنها وەک هەست و نەستێکی میللی مامەڵەی لەتەکدا کرابێت، ئەوا لەدوای رووخاندنی حکومەتی مەلیک مەحمودەوە فۆڕمێکی نوێی رێکخراوبوون و حزبییانەی وەرگرت و بەوەش لە چەند حزبێکی نهێنیی بچووک و پەرت و بڵاوەوە، هەر سلێمانی بووە ئیمامی تەسبیحەکە و لەوێوە یەکەم حزبی کوردی بە بەشداریی زۆرترین رووناکبیر و چالاکوانی سیاسی بەناوی پارتی دیموکراتی کورد دامەزرێنرا.
بزاوتی نوێبوونەوە
مێژووی کۆن و هاوچەرخی سلێمانی پێمان دەڵێت کە ئەو شارە هەمیشە پێشڕەوایەتیی بزاوتی سیاسی و فەرهەنگیی بووە بۆ سەرتاسەری کوردستان و تەنانەت فرچکی بەوە گرتووە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی خۆماڵیش بێت و نەتوانێت لەئاستی خواستی کوردایەتیی هاوچەرخ و خزمەتگوزاریی کارگێڕیدا بێت، ئەوا دواجار یان سزا دەدرێت و دەکرێتە دەرەوەی کایەی حوکمڕانی، یان دەبێت خۆی لەگەڵ ئەو خەونانەدا بگونجێنێت کە سلێمانی دەیبینێت بە دەسەڵاتێکی سیاسیی مەدەنیی ئازادیخواز و دوور لە جیاکاریی و ناوچەگەریی و ستەمکاریی و عەسکەرتاریی و خنکاندنی ئازادییە سیاسیی و رووناکبیرییەکان، چونکە خەسڵەتی خەڵکی سلێمانی وایە بە دروشمی ساختە رام ناکرێن، ئەگەر دەربکەوێت حزبێک لە ئاستی دروشمەکانی خۆیدا نەبێت و کڵاو بکاتە سەریان، ئەوا ئەوان خۆیان قڵپی دەکەنەوە و کۆتایی بە گەشەی سیاسیی دەهێنن لانیکەم لە سلێمانیدا.