سلێمانی دەست پێشخەر بوو لە هێنانە ناوەوەی مۆدێرنێتی و چەمکەکان و چەندین رۆشنبیر لە بوارە جیاوازەکاندا و توانی نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی وەربگرێت
سلێمانی ئەو شارەیە، کە بە هێز و خۆڕاگری و بوێری دەستی پێکرد، هەموو ئەم رووداوانەی رووبەڕووی بۆتەوە توانیوێتی لە بەرامبەریدا بوەستێتەوە، بە تایبەت تاوانەکانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد و خەڵکی ئەم شارە، کە چەندین قوربانی بە گەنج و پیر و نێر و مێ داوە، بەڵام کاتێک سلێمانی دەست پێشخەر بوو لە هێنانە ناوەوەی مۆدێرنێتی و چەمکەکان و چەندین رۆشنبیر لە بوارە جیاوازەکاندا، توانی نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی وەربگرێت، کە هەمیشە رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لەبەرەوپێشچوونی رۆشنبیری و ئەدەبی و فکری و فەلسەفی. ئەگەر لەم روانگەیەوە بپرسین شار چییە یان چۆن دروست دەبێت؟ لە راستیدا کاتێک، کە باس لە شار دەکەین دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازییدا پەرە دەستێنێت، کەواتە شار بریتییە لە جیاوازی و دژبەیەکییەکان، کە لە شاردا هیچ کات شتەکان بە رەش و سپی نابیندرێن، هەموو ئەم جیاوازییانەش دەبنە هۆی هێنانە ئارای گفتوگۆ، گفتوگۆش بەواتای یەکتر قبوڵکردن و ئازادی و پێکەوەژیانی جیاوازییەکانە، وەک مەزهەب و ئایینەکان و بیروڕا جیاوازەکان، کە دەبنە بنەمای بونیادنانی شارێکی پڕ مەدەنییەت و شارستانییەت، کەواتە هەبوونی خراپترین گفتوگۆ باشترە لە نەبوونی. بنەماکانی بونیادنانی شار لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە دەگۆڕێت، چونکە لە کۆندا کۆمەڵێک پێوەر هەبوون، وەک ژمارەی دانیشتوان و باڵەخانە و جادە و رێگە و بان و پیشەسازیی و رۆشنبیری و فرە زمانی و...هتد، لە راستیشدا نابێت شار لە شێوەی فۆڕمی فیودالیدا بێت، کە هەر گەڕەکێک یان ناوچەیەک بە دەست عەشیرەتێک، یان بنەماڵەیەک و تیرە و خێڵێکەوە بێت، بەڵکو دەبێت شار هەموو یاسا زانستییەکانی تێدابێت، کە تێیدا مرۆڤ سەنتەر بێت، نەک ئامانج کە لەوە دەرچوو دەبێتە گوندێکی مۆدێرن. رەنگە لە ئیستادا کۆمەڵێک پێوەری تر هەبێت بۆ شار، وەک عەقڵییەتە جیاوازەکان و فەزایەکی گەورە. باڵەخانە و جادە ئێستا ناکرێتە پێوەر بۆ شار، چونکە ئێستا گوندەکانمان پڕن لە خانووی مۆدێرن و باڵەخانە و جادە، بۆ نموونە ناوچەیەکی وەک سیتەک، کە پڕە لە چێشتخانە و باڵەخانەی مۆدێرن، بەڵام ئایە ئەمە تەنها بەسە بۆ دروستکردنی شارێک؟ بۆیە دەکرێت شار جێگەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بێت، کە چەندین رێکخراو و گروپی جیاجیای تێدایە، جگە لەو شتانەی، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان.
هەر لەم روانگەیەوە ئەرستۆ دەڵێت: (مەبەست لە بونیادنانی شار، ئەوەیە کە شکۆ بۆ تاک بگەڕێنینەوە و ژیانی خۆی هەڵبژێرێت بە ئازادی). دیارە ئەمەش کۆمەڵگا بەرەو هاوئاهەنگی و مەدەنییەت دەبات. شار بەواتای چەمکە مۆدێرنەکەی بریتییە لە ئازادی بۆ تاک، لە ئەنجامدا تاک و کۆمەڵگا پێش دەکەوێت لە شارە مۆدێرنەکاندا تەکنەلۆژیا و کەناڵەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە رۆڵێکی بەرچاویان هەیە، لە گۆڕانکارییەکاندا.
شار، کۆکردنەوە و پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکانە، ئەگەر سەرنج بدەین لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا چەندین نەتەوەی جۆراوجۆر دەژین، ئەمەش لە ئەنجامی قبوڵکردنی پێوەرەکانی دروستبوونی شارە، چونکە بڕوای تەواویان بە بنەماکانی دروستبوونی شار هەیە، کە ئەو نەتەوە جیاوازانەش دەبنە هۆی دەرکەوتنی کەلتورە جیاوازەکان و دروستبوونی ئازادی بۆ تاکەکان.
زۆرجار لێرە و لەوێ بەرگوێمان دەکەوێت شاری سلێمانی، پڕ بووە لە نەتەوەی جیاجیا وەک فلیپینی و تورک و فارس و عەرەب و...هتد، هەموو ئەمانە زۆرجار دەوترێت بۆتە هۆی تێکدانی کەلتوری کوردی، بەڵام لە بنەڕەتدا هەموو نەتەوەیەک دەکرێت پارێزگاری لە کەلتوری خۆی بکات، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی باشە بۆ ناساندنی کەلتوری خۆمان بەو گەلانەی دێنە ناومانەوە، کە رۆڵیان لە فەزای دروستبوونی شاردا هەیە.