کاریگەریی رۆمــــان لە سەر کــۆمەڵگا

11:06 - 2025-03-11
دیمەن عەبدوڵڵا
154 خوێندراوەتەوە

 

رۆمان کاریگەریی و رۆڵێکی بەرچاوی هەیە، لە ناساندنی کەلتور و دابونەریتی میللەتان.

کۆمەڵگا و شار بەبێ رۆمان، وەک شارێکی یان کۆمەڵگایەکی لاڵ و بێ زمانە، چونکە رۆمان بەرهەمی شارە. هەروەها رۆمان عەقڵە و دیالۆگە، کە بە دیالۆگیش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبێت. هەرچەندە پەیدابوونی رۆمان لە ئەوروپادا نزیکەی 400 ساڵ دەبێت، بەڵام لە نێو کۆمەڵگای کوردییدا، نزیکەی 100 ساڵ دەبێت. دەرکەوتنی ئەم ژانرە، کاریگەریی گەورەی بەسەر تاک و کۆمەڵگادا هەیە. لەبەرئەوەی ژانری رۆمان، زنجیرەیەکی تەواوکاریی هەموو بوارەکانی ترە، وەک (کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، رۆشنبیری، فکری، فەلسەفی ...هتد).
هەر بەم پێیە رۆمان کۆمەڵگا ئاراستە دەکات، چونکە ئەگەر رۆمان ئەمە نەکات، کەواتە ئەم ژانرە سوودی چییە؟ دیارە رۆمان هۆشیاری دەداتە تاکەکان و لە هەمانکاتدا، گەیاندنی دەنگمانە وەک پردێکی پەیوەندییە بە هەموو جیهاندا. هەروەها لە رێگەی رۆمان، دەتوانین ئاشنای کەلتوری میللەتان بین، هەر وەک چۆن ئەنگلس دەڵێت: (من لە رێگەی رۆمانەکانی بەلزاکەوە، ئاشنای مێژووی فەرەنسا بووم.) کەواتە رۆمان کاریگەریی و رۆڵێکی بەرچاوی هەیە، لە ناساندنی کەلتور و دابونەریتی میللەتان.
لە ڕاستیشدا هەموو ئەو ئازار و کێشە و گرفتانەی، کە کۆمەڵگا پێیدا تێپەڕدەبێت، لە رێگەی رۆمان، ناڕەزایی و پەیامەکان دەگوازرێتەوە بۆ ئێمە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، دروستبوونی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە و هیچ رۆمانێک نییە بەشێک لە کۆمەڵگا نیشان نەدات و دەرنەخات، هەروەک چۆن لە نێو ژیاندا دەژین و ئاگاداری هەموو دیاردە کۆمەڵاییەتیەکانین، لە رۆمانیشدا وێنەکانی ژیانن. هەروەک چۆن رۆمانێک دەخوێنینەوە خۆمان تێدا دەبینینەوە، یانیش دەبین بە بەشێک لە کارەکتەری نێو رۆمانەکە، کەواتە ئەمەیە ئامانجی رۆمان بۆ کۆمەڵگا.
 هەروەها فرۆید دەڵێت: (زۆرجار بۆ چارەسەری دەروونی، سوودم لە رۆمان وەرگرتووە.) واتا سوود و کاریگەریی رۆمان، پێی ناوەتە بواری تەندروستییەوە، کە ئێستاش دەبینین بەشێکی کۆمەڵگا دووچاری نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە. بەهۆی ئەم جەنجاڵییەی ئێستا، کە فەوزای کۆمەڵایەتی دروستیکردووە. بۆ نموونە، تەکنۆلۆژیا تەرکیزی مرۆڤەکانی پرش و بڵاوکردۆتەوە، چونکە مرۆڤ دەتوانێت لە کەناڵە جیاوازییەکانی تەکنۆلۆژیادا، گوێ لە هەموو شتێک بگرێت (فلم، گۆرانی، سیمنار، تێکستەکان، شیعر، چیرۆک و رۆمان.) هەر بەم پێیەی، گۆڕانکاریی لە هەموو بوارەکاندا بە هۆی تەکنۆلۆژیا هاتە ئاراوە. ئەم گۆڕانکارییە، هەر لە ئاووهەوا بگرە و تا دەگاتە تاک و کۆمەڵگا، وایکردووە کێشە و گرفتەکان گەورە و زۆرتربن. ئەمانەش نەک تەنیا لە بواری شیعردا، بەڵکو لە چیرۆکیش جێگای نەدەبوویەوە. بۆیە ئێستاش دەبینین، رۆمان و رۆماننووسیش زۆر بووە، بۆئەوەی جۆرێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانیش بخەنە بەر دیدەمان. بۆ نموونە، دیاردەی خۆکوشتن، خۆسوتاندن، کۆڕۆنا، مافەکانی ژن،  هەتا دوایی. راستە هەندێکی کراون بە بابەتی رۆمان و لە داهاتووشدا دەکرێت بابەتی مووچە دەیان رۆمانی لە سەر بونیات بنرێت، کە هەزاران کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و ئابووری بەداوای خویدا هێناوە، وەک هەڵوەشاندنەوەی خێزانی و چەندین تاوانی جۆراوجۆر.
راستە جارێک کارتێکردنی رۆمان زۆر لەبەرچاو نییە، چونکە رۆمان بە بەراورد لەگەڵ لە ژانرەکانی دیکە، وەک شیعر زۆر نوێیە. کەواتە رۆمان هێشتا پێویستی بە کات هەیە، بۆئەوەی بتوانێت زیاتر کارتێکردنی لەسەر بینەر و خوێنەر بکات.
دەبێت ئەوەش بڵێن، تا رۆمان نەبێتە بەشێک لە سیناریۆ و  درامای (رادیۆ، تەلەڤزیۆن و سینەما)، ناتوانێت بگاتە ژمارەیەکی زۆری خوێنەر و بینەر، چونکە لە رێگای دراماوە، خەڵکی خوێندەوار و ناخوێندەوار دەتوانن سوود لە رۆمان وەربگرن. هەروەها هەمیشە بینەری زۆرترە لە خوێنەر، دیارە ئەمەش بەرێگای بیسەر و بینەر و خوێنەر دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت لە داهاتوودا لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی رۆمان کاریگەرییەکانی زیاتر دەرکەوێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کەواتە بابەتی رۆمان و کۆمەڵگا، تەواوکاریی یەکترن.

*نووسەر و توێژەر
ماستەر لە ئەدەبیاتى کوردی

وتارەکانی نوسەر