هونەری دەربازبوون لە کێشمەکێشی زلهێزەکان

12:29 - 2022-03-19
جەمال ئارێز
770 خوێندراوەتەوە

دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان، زۆر هەستیارە بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، دەشێت هەبن بپرسن ئۆکرانیا و روسیا لەکوێ و کوردستان لەکوێ و چ پەیوەندییەکیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟

مەترسییەکانی تێوەگلان
ئەگەرچی زۆربەی جەنگە ناوچەیی و ئیقلیمییەکان جا لە نێوان دوو وڵاتی هاوسنووردا بێت یان وڵاتێک و بەشێک لە یاخیبووەکانی هەمان وڵاتدا، لانیکەم یەکێک لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان یان زلهێزە ئیقلیمییەکان ناڕاستەوخۆش بێت دەستوەردانی تێدا دەکەن ئەگەر لە رێگەی لێدوانێکی رۆژنامەنووسیشەوە بێت، بۆیە لە دۆخێکی لەو جۆرەدا زۆر جار زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بە پەنهانیش لایەنگیریی یەکێک لە لایەنە بەشەڕهاتووەکان بکەن کە لە جەنگەکەوە گلاون، ئەوا لە رووکارە ئاشکراکەیدا رۆڵی ریشسپێتی دەگێڕن و ئەجێندایان بۆ دیاری دەکەن بۆ وەستاندنی جەنگەکە بەڵام هەریەکە و لە دیدگایەکەوە کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی نەکەوێتە مەترسییەوە.

جەنگە ناوچەییەکان بە نموونە
مێژووی دوای جەنگی دووەمی جیهان و جەنگی سارد ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە هەموو ئەو جەنگە ناوچەییانەی کە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت، چین، بریتانیا و فەرەنسا) لایەنی سەرەکی نەبوون تێیدا، یان بە ئاشکرا هاوسۆز نەبوون لەگەڵ لایەنێکی جەنگەکەدا، ئەو پاش ماوەیەک جەنگەکە کۆتایی هاتووە و لەڕێی دەرکردنی بڕیار و گەڵاڵەنامەی جیاجیاوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەجۆرێک دامرکێنراوەتەوە کە لانیکەمی بەرژەوەندیی زلهێزەکانی تێدا پارێزراو بووبێت، بەڵام لەو جەنگانەدا کە خودی زلهێزەکان تێیدا بەشداربوون یان لانیکەم لایەنێک بوون لە جەنگەکە، ئەو دەستبەجێ کار بە تیۆری فریشتەبوون و شەیتانبوون کراوە، واتە یان لەگەڵم یان لەدژم و هیچ بژاردەیەک نەهێڵراوەتەوە لەبەردەم زلهێزە سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەکانی تردا، جگە لەوەش لەبەرئەوەی یەکێک لە لایەنە بەشەڕهاتووەکان یەکێک لە زلهێزەکان بووە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین و مافی ڤیتۆیان هەیە، ئەوا رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کانسڵ بۆتەوە، چونکە بەهۆی مافی ڤیتۆکەیانەوە توانای دەرکردنی هیچ بڕیارێکیان بە تێکڕای دەنگ نامێنێت. بەڵام وەک دەبینین ئەو جەنگانە ئەگەر بە شکستی زلهێزەکانیش کۆتایی هاتبێت، بەڵام تا ئەو شوێنەی بەشێک لە ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە، یان دەستکەوتێکی دوور مەودایان بەدەستهێناوە، جەنگەکە بەردەوام بووە.

جەنگەکانی کۆریاکان و ڤێتنام و ئەفغانستان
یەکەم جەنگێک کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە سەریهەڵداوە جگه لە شۆڕشی چین و سەرکەوتنی لە 1949، جەنگی کۆریا بووە، کە دواجار بە دابەشبوونی ئەو دوو بەشەی کۆریا بۆ دوو وڵات کۆتایی هاتووە باکووری سەربە یەکێتیی سۆڤیەت و باشووری سەربە ئەمریکا و خۆرئاوە.
جەنگی ڤێتنام بە بەشداریی راستەوخۆی ئەمریکا و شکستهێنانی ئەمریکا و بەجێهێشتنی بۆ لایەنگرانی چین و یەکێتیی سۆڤیەت.
جەنگی ئەفغانستان و بەشداریی راستەوخۆی یەکێتیی سۆڤیەت و شکستی سۆڤییەت و بەجێهێشتنی بۆ لایەنگرانی ئەمریکا و پاکستان. دووبارە شەڕی تالیبان و ئەمریکا بۆ ماوەی 20 ساڵ لەسەر خاکی ئەفغانستان و دواجار شکستی ئەمریکا و زاڵبوونەوەی تالیبان.
جەنگی عیراق بەبێ دەستەبەرکردنی بڕیارێکی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 2003-2021 و ملدان بە پاشەکشە لەلایەن ئەمریکاوە.
لەکاتی ئەم جەنگانەدا چەندین وڵات تێکەڵ بە جەمسەربەندییەکان بوون و تێوەگلاون، بەڵام هەمیشە زلهێزەکان لە گەیشتنیان بە خواستەکانی خۆیان یان بەدەستهێنانی کەمێک لە خواستەکانیان، ئەو وڵاتانەیان پشتگوێ خستووە کە چوونەتە جەمسەربەندییەکانیانەوە.

مانۆڕی سەرکردە زیرەکەکان
لەزۆرێک لەو جەنگانەدا هەندێک فاکتەر هاندەربوون بۆئەوەی بەشێک لە وڵاتە بێهێز و لاوازەکان بچنە جەمسەربەندییەکانەوە، جا فاکتەری ئابووری بێت یان سیاسی، یاخود سەربازی و هەندێکجار بە خوێندنەوەیان بۆ واقیعەکە بڕیاریانداوە و هەندێکجاریش حوکمی جیۆپۆلەتیک بڕیاری پێداون، بۆ نموونە لە جەنگی دووەمی کەنداودا کە عیراق کوێتی داگیرکرد جگەلەوەی زۆربەی زلهێزەکان بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان کەوتبووە مەترسییەوە، وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانیش «وەک حکومەتەکان» بەگشتی پێیان کارێکی خراپ بوو بەپاساوی دژایەتی داگیرکردنی وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانیی خۆیان بۆ کوێت دەربڕی، بەڵام کە هاتە سەر بەشداریکردن لە ئازادکردنی کوێت، زۆرێک لە وڵاتان لەبەر بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسی و جێۆپۆلەتیکەکەیان نەک ئامادە نەبوون بەشداریی هاوپەیمانییە سەربازییەکە بکەن بەڵکو تەنانەت خۆیان لە دەنگدان بە بڕیاری ئازادکردنی کوێت بە هێزی سەربازیش بەدوورگرت و تەحەفوزیان نیشاندا، ئەگەرچی پاڵنەری سۆزی میللی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان رۆڵیان هەبوو لە سڵکردنەوەی حکومەتەکان لە چوونە ناو ئەجێندای زلهێزەکانەوە کە ئەوسەری تونێلەکە دیارنەبوو کە ئاخۆ ئاڕاستەی رووداوەکان بەرەو کوێوە دەڕوات.
بەڵام وەک بینیمان دوای جەنگەکە، رژێمی ئەوسای عیراق مایەوە و ئەوانەی بەشداریی هاوپەیمانییەکەیان کرد زیانی زۆریان بەرکەوت لەسەر ئاستی میللی و ئابووریی و پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ عیراقدا و ئەوانەش کە لەگەڵ هاوپەیمانییەکەدا نەبوون دواتر رژێمی پێشووی عیراق سەرباری ئابڵۆقە ئابوورییە سەختەکەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووش، بەڵام لەڕووی دارایی و نەوتەوە دەستگیرۆیی کردن. بۆیە بینیمان لە جەنگی (پرۆسەی ئازادکردنی عیراق- داگیرکردنی عیراق)دا ئەو وڵاتانەش کە لە 1991 لە دژی عیراق وەستانەوە زۆربەیان خۆیان پاراست لە چوونە ناو هاوپەیمانییەکەوە بەسەرکردایەتیی ئەمریکا و بریتانیا، تەنانەت وڵاتانی گەورەی ئەوروپا وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئیقلیمیی ئەمریکای جەنگی 1991 –یش وەک تورکیا و سعودیە و سوریا نەچوونە ژێرباری ئەو جەنگەوە، چونکە لەلایەک دڵنیانەبوون لە رووخاندنی رژێمی سەدام حسێن و لەلایەکی دیکەشەوە گوشاری میللی ناوخۆی وڵاتەکانیان دژی جەنگەکە و مەترسیی ئەوەی کە سەدام حسێن لە بێئومێدبووندا دوا جۆری چەک و جبەخانەی خۆی لە وڵاتانی دراوسێیدا خاڵی بکاتەوە، لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە سیان لە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دژی جەنگەکە بوون و تا چەند ساڵێکیش ئامادە نەبوون مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی نوێی عیراقدا بکەن.
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و جەمسەربەندیی نوێ
ئەم جەنگەی کە نزیکەی مانگێکە لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا هەڵگیرساوە، رووکاری جەنگێکی دوورترە و رەگ و ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دووبارە بووژانەوەی روسیای فیدراڵی لە دوای 15 ساڵ لە رووخانی سۆڤیەت، چونکە لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڤلادیمێر پوتینەوە لە سەرەتای هەزارەی نوێدا، قۆناغی هەڵسانەوەی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و وردە وردە کەوتەوە چاوبازیی لەگەڵ وڵاتانی میراتی سۆڤییەت و لەرێگەی جیاجیاوە کاری بۆ هێنانەوەیان بۆ ژێر رکێڤی خۆی دەستپێکردووە ئەوەش لەکاتێکدا بوو ئەمریکا و ئەوروپا لەهەوڵی هەرچی زیاتر نزیکبوونەوەدا بوون لە سنوورەکانی روسیای دوای سۆڤییەت ئەوەش لەڕێگەی وەرگرتنی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا لە یەکێتیی ئەوروپا و وەرگرتنی بەشێک لەو وڵاتانە لە پەیمانی ناتۆدا، بۆیە لە 2005 ەوە روسیا کەوتە خۆکۆکردنەوە بۆ دەستپێکردنی دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو کۆنە کۆمارانەی خۆی یان لەڕێگەی حزبی سەربەخۆیەوە بە هەڵبژاردن، یان بە دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سەربەخۆیی خواز لەناو روسیزمانەکانی ئەو وڵاتانەدا.
ئەو پەیامەی کە دەبێت گەلانی تازە گەشەسەندوو تێی بگەن
ئەوەی ئێستا لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا روودەدات، جەنگی روسیایە لەگەڵ خۆرئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی، بەڵام لەسەر خاکی ئۆکرانیا یەکلایی دەکرێتەوە، بۆیە دەبینین وڵاتانی ئەوروپا کە ئێستا هاوکاریی ئۆکرانیا دەکەن هێندەی بۆ پارێزگارییە لە خەڵک و خاکی خۆیان، هێندە مشوورخواردنی ئۆکرانیای مەینەتبار نییە، بەڵکو پێیانوایە هەر بەشدارییەکی ئەوان بە راستەوخۆ، روسیا پەلکێشی وڵاتەکانی ئەوانیش دەکات، بۆیە دەبێت ئۆکرانیا وانەیەک بێت بۆ هەموو حکومەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش کە لەم جەنگەدا خۆیان بپارێزن بۆخۆی سەرکەوتنە، چونکە بەرژەوەندییەکانی روسیا تەنها لەسەر سنوورەکانی خۆی نییە، بەڵکو پەلیکێشاوە بۆ هەموو ناوچەکە و هەر زیانگەیاندنێک بە بەرژەوەندییەکانی بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ باجی گەورەی دەبێت و نابێت چاوەڕوانی فریاگوزاریی ئەوروپا و خۆرئاوا بن، لەکاتێکدا ئەوان بەهۆی سزاکانەوە کەبەسەر روسیادا دەسەپێنرێت، زەرەرمەندی پلە یەک دەبن، چجای ئەوەی ببنە فریادڕەسی گەلانی ئەم ناوچەیە، ئەم جەنگە ئەگەر درێژەش بکێشێت، ئەوا دواجار زلهێزەکانی جیهان لە رێی دانوستانەوە کۆتایی پێ دەهێنن، ئەگەر بە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و ئابووریی ناوچەکەش کۆتایی بێت، کە تەنها زیانی گەورە بەر ئەو لایەنانە دەکەوێت کە خۆیان لەو جەمسەربەندییانە هەڵدەقورتێنن، نەک ئەوانەی خۆیان دوورەپەرێز دەگرن.

وتارەکانی نوسەر