رۆزا دڵشاد مەریوانی
(27)
لە 7 ی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 دا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا، رۆژی 18 ی مانگی 11 ەی هەموو ساڵێک، بکاتە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئیستیغلالکردن و توندوتیژی دژی منداڵان و ناساندنی هەموو جۆرەکانی ئستیغلالکردنی سێکسی و جەستەیی منداڵان، هاوکات گەڕاندنەوەی کەرامەت و مافەکانی ئەو منداڵانەی تووشی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە بوون، لەگەڵ چارەسەرکردنیان لە رووی دەروونیی و جەستەییەوە.
بەو پێیە نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتانی ئەندامی سەرپشک کردووە، لە رێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە ئەکادیمییەکان و پیاوانی ئایینی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و..هتد کاربکەن بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو دیاردانە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و سزادانی تاوانباران.
بەداخەوە لەم وڵاتانەی وەک وڵاتی ئێمەدا ئەو جۆرە تاوانبارانە زۆرجار بە تەواوەتی رزگاریان دەبێت یان بە سزایەکی کەم سزا دەدرێن، لەبەر هەندێک هۆکار کە پەیوەندییان بە دابونەریت و خێزانەکانەوە هەیە، لە ترسی ئابڕووچوون بێدەنگیی لێدەکەن و تاوانبار سزا نادەن. جگەلەوەی زۆرمان لەبارەی توندوتیژی و ئیستیغلالکردنی منداڵانەوە زانیارییەکی ئەوتۆمان نییە و نازانین چی دەچێتە خانەی ئیستیغلالکردنی منداڵانەوە، کە تەنانەت شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی کچان بە خەتەنەکردنیان یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی دژی منداڵان.
ئەو تاوانبارانە زۆرجار بە سزایەکی کەم سزا دەدرێن، لەبەر هەندێک هۆکار کە پەیوەندییان بە دابونەریتەوە هەیە، لە ترسی ئابڕووچوون بێدەنگیی لێدەکەن
خاڵێکی دیکەی گرنگ لەم مەسەلەیەدا پەروەردەی منداڵە، پێویستە دایکی ئێستا زیاتر ئاگادار بێت، بەو پێیەی تاوانەکان و دەستدرێژییەکانی بەرامبەر منداڵ دەکرێن لە زیادبووندان، بە تایبەتی لە رێگەی ئامێرە زیرەکەکان و سۆشیال میدیاوە، زۆر بە ئاسانی ئەو کەسە نەخۆشانەی حەزیان لە منداڵە، لەو رێگەیەوە بەدوای نێچیرەکانیاندا دەگەڕێن، بۆیە دەبێت دایک و باوک هۆشیار بن لەبارەی ئەو دەستدرێژییانەوە و رۆژانە لێیان بپرسنەوە و چاودێرییان بکەن، هەر منداڵە و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و تەمەنی خۆی ئەو جۆرە تاوانانەی بۆ روونبکەنەوە، بۆئەوەی لەکاتی روودانی هەر دەستدرێژییەکدا نەترسێت و بە دایک و باوکی بڵێت. هەروەها کچ بن یان کوڕ فێربکرێن لەبەرچاوی کەس جلەکانیان دانەکەنن و خۆیان نەگۆڕن، چونکە بە پێی زاستی دەروونیی منداڵان، دەبێت لە تەمەنێکی زووەوە منداڵ سنووری جەستەی خۆی فێربکرێت و لە تەمەنی سێ ساڵەوە کچ و کوڕ پێکەوە نەشۆیت، تەنانەت کوڕ لەو تەمەنەوە نابێت دایکی بە رووتی ببینێت، ئەو جۆرە کردارانە وادەکەن منداڵ فێربێت جەستە پیرۆزە و هیچ کەسێک بۆی نییە بیبینێت یان دەستی بۆ بەرێت.