ستونی کراوە

تۆڵەی ئیلاهی یان تۆڵەی زەوی؟

09:39 - 2025-01-15
رۆزا دڵشاد مەریوانی
23 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

ئەو دیمەنانەی لە ئاگركەوتنەوەكانی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا و بەتایبەتی لۆس ئەنجلۆس و هۆڵیوود دەیانبینین، تا ئێستا هیچ دەرهێنەرێكی هۆڵیوود نەیتوانیووە ئەو دیمەنانە لە فیلمێكدا نیشان بدات، بەڵێ ئەوانە دیمەنی راستەقینەی سووتانی ماڵ و ڤێلای ئەستێرەكانە كە ملیاران دۆلاریان تێدا خەرج كردووە، بەڵام لە بەرامبەردا دارستانەكان بوون بە خەڵووز و چەندەها ئاژەڵی بەستەزمان لەناوچوون و هەوای ئەو ناوچانە پڕبوون لە كاربۆن و ئەوەندەی تر چینی ئۆزۆنی زەوی و ژینگە وێران بوون.
زیانە مادییەكان زیاترە لە زیانە مرۆییەكان و تائێستا 24 كەس لەو ئاگرەدا گیانیان لە دەستداوە و 16 كەسیش بێ سەروشوێنن، بۆیە ئەو كەسانەی شاگەشكە بوون بەو ئاگرانەی ئەمریكا و وەك تۆڵەسەندنەوەیەكی ئیلاهیی تەماشای دەكەن لە پای كوشتنی بەكۆمەڵی هاوڵاتیانی غەززە، ئەگەر بەراوردیان بكەین بێگومان بە ژمارە خاڵی بەراوردیان لە نێواندا نییە، هاوكات وەك كوردێك و مرۆڤ دۆستێك لە هەر جێیەك مردنی مرۆڤی بێ تاوان و سڤیل ببیستم جێی نیگەرانییە و ناكرێت بە مردنی هیچ مرۆڤێك دڵخۆش ببم، جگە لەوەی كۆمەڵگەی عەرەبیی و بەشێك لە كورد كاتێك ئاهەنگ بەو وێرانییەی ئەوانەوە دەگێڕن، نازانن ئەم ئاگر و وێرانییە ماڵوێرانی ئێمە و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە دواوەیە، چونكە ئەم رووداوانە وا لە حكومەتی ئەمریكا دەكات بە سیاستە ژینگەییەكانیدا بچێتەوە بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سووتەمەنی بەردینی و گۆڕینی بۆ سووتەمەنی نوێبووەوە و پاك، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی خلیج-یش كە سەرچاوەیەكی بەهێزی سووتەمەنی بەردینین بە گۆڕینی سیاسەتە ژینگەییەكانی ئەمریكا، گورزێكی ئابووریی گەورەیان لێ دەكەوێت، هاوكات لەبیرمان نەچێت ئەمە تۆڵە سەندنەوەی ئیلاهیی نییە لە پای مردنی هاوڵاتیانی عەرەب، ئەگەر وابێت كاتێك هەزارەها كوردی بێ تاوان بە دەست رژێمەكانی ئەم ناوچانەوە دەكوژران و تا ئێستاش دەكوژرێن، بۆچی تۆڵەی ئیلاهیی لەو جۆرەمان نەبینی، بەڵكو ئەم ئاگرانە ئاگاداركردنەوەی سروشتە بۆ مرۆڤ، لە شێوەی كارەساتە سروشتییەكاندا پیشانمانی دەدات، ئەوە تۆڵەسەندنەوەی زەوییە لە مرۆڤایەتی كە چیتر لەوە زیاتر ژینگەكەی پیس نەكەن، چونكە تۆڵەی زەوی بۆ مرۆڤ زۆر قورس و وێرانكەرە، بۆیە پێش ئەوەی ئاهەنگ بە وێرانبوونی وڵاتێكی دیكەوە بگێڕین، دەبێ لە خۆمان بپرسین ئایا ئەگەر خوانەخواستە كارەساتیی سروشتی روومان تێبكات، چیمان بۆ دەكرێت و لە رووی ئامێر و هێزی مرۆییەوە چ توانایەكمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سروشت و كەمكردنەوەی زیانەكانی.

وتارەکانی نوسەر