کوڕەکەت نابێت بە کچ

09:32 - 2025-01-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
48 خوێندراوەتەوە

بە گۆڕینی جلوبەرگ و مۆدێلی قژ کچ نابێت بە کوڕ، بەڵام ئەگەر بەردەوام ئەو جۆرە ستایلە بۆ منداڵەکەت بکەیت و  بەو شێوەیە بچێتە خوێندنگە  ئەوە لە رووی کۆمەڵایەتیی و دەروونییەوە کاریگەری خراپی لەسەری دەبێت

یەکێکم لەو دایکانەی بەبینینی منداڵێکی کوڕ کە دایکی وەک کچ قژی بۆ درێژ کردووەتەوە یان کچێک وەک کوڕ گۆڕیویانە و بۆ نموونە جلوبەرگی کوردی کوڕانەیان لەبەرکردووە قەڵس دەبم و پێم ناخۆشە، راستە لە رووی زانستییەوە نە بە جلوبەرگ نە بە مۆدێلی قژ کچێک نابێت بە کوڕ و کوڕێک نابێت بە کچ، بەڵام ئەگەر بەردەوام ئەو جۆرە ستایلە بۆ منداڵەکەت بکەیت و بگاتە تەمەنێکی گەورەتر و بەو شێوەیە بچێتە خوێندنگە ئەوە لە رووی کۆمەڵایەتیی و دەروونییەوە کاریگەری خراپی لەسەری دەبێت، نەک هۆرمۆنیی و هۆرمۆن بە جلوبەرگ و مۆدێلی قژ ناگۆڕێت، بەڵام ئەو منداڵە ئەگەری زۆرە لەنێو هاوڕێکانیدا بشکێتەوە بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی خۆرهەڵاتیی وەک ئێمەدا گاڵتەی پێ بکرێت و رووبەڕووی ئازار و گێچەڵپێکردن بێتەوە.
مەسەلەی گۆڕینی رەگەز و ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا و ئەوروپا بابەتی گەرمی رۆژە مەسەلەیەکی زۆر قووڵ و ئاڵۆزە و ناکرێت وا بە ئاسانیی و رووکەشیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، تەنانەت یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد ترەمپ دەنگی زیاتر بهێنێت ئەوەیە دژی ئەو کەسانەیە کە بانگەشە بۆ ئازادیی گۆڕینی رەگەز و هاوڕەگەزبازیی دەکەن کە تەنانەت بەشێکی زۆریی کۆمەڵگەی ئەمریکی لەو مەسەلەیە بێزارن و دەیانەوێت سنووریان بۆ دابنرێت، بگرە هەندێک کەس لە روانگەی تیۆری پیلانگێڕییەوە دەڵێن: تەشەنەکردنی ئەو شەپۆلە لە ئەمریکا بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ تێکدان و شکاندنی ئەو وڵاتە زلهێزەیە، بەوەی دەیانەوێت گەنجانیان لە بری زانست و پێشکەوتن بەو جۆرە مەسەلانەوە خەریک بن و ژێرخانی زانستیی وڵاتیان فشەڵ ببێت.
لە زانستی پزیشکیشدا زانایان هاوڕانین و چەندین توێژینەوە لەو بارەیەوە کراوە، ئاخۆ بۆچی کەسێک دەیەوێت رەگەزی خۆی بگۆڕێت؟ حاڵەت هەیە هەر لە منداڵییەوە کەسەکە بەو جۆرە رەفتار دەکات و تائێستا بە تەواوەتی نەزانراوە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا پەیوەندی بە دروستبوونی مێشکی ئەو کەسە و هۆرمۆناتییەوە هەیە یان تەنیا حاڵەتێکی دەروونییە و چارەسەرکردنی ئاسانە، بۆیە بەشێک لە زانایان پێیانوایە ناکرێت رێگەبدرێت بە کەسێک ئەو نەشتەرگەرییە قورسانە بکات بۆ گۆڕینی رەگەز، چونکە حاڵەتی زۆر هەیە لە تەمەنێکی دواتردا کەسەکە پەشیمان بووەتەوە و ژیانی وێران بووە. ئەم بابەتە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نوێیە و تێگەیشتن لێی قورسە، بەڵام دەبێت بە جۆرێکیش رەفتار نەکەین لە ترسی ئەو مەسەلەیە منداڵەکانمان تووشی نەخۆشی دەروونیی بکەین، کاتێک کچەکەمان یاری بە ئۆتۆمبێل دەکات لێی تووڕەنەبین و کوڕەکەمان یاری بە قاپوقاچاغی منداڵانە دەکات سەرزەنشتی نەکەین، واتا ئەو مەسەلانە نەکەینە گرێی دەروونیی لەلای منداڵ، نەبادا لە دواییدا وەک بەرپەرچدانەوەیەک کار لە دەروونی بکات و لە رقی دایک و باوکی خراپتر بکات، وەک هەمیشەش وتومە کچیش دەزانێت یاری بە ئۆتۆمبێل بکات.

وتارەکانی نوسەر