بەرەو زانکۆ

09:49 - 2024-11-18
د. مهاباد کامیل عەبدوڵڵا
217 خوێندراوەتەوە

پ.د. مهاباد کامیل عەبدوڵڵا*



خوێندکاری قۆناغی دوانزە بە ئومێد و هیواوە بەرەو زانکۆ هەنگاو دەنێت، خەونی خوێندکار رەنگاڵەییە و بەرەو ژیانێکی نوێ دێت، ژیانێک جیاوازتر لە هەژدە ساڵیی، ژیانێکی فرە خەون، خەونێکی زانستیی جیاواز و خەونێکی پشت بەخۆبەستن و خەونێکی کۆمەڵایەتی و هاوڕێی جیاواز و بەرە و ماڵی خوێندکار و بەشی ناوخۆیی، چەندین خەونی دی، خەونەکان بە چەشنی خێزانەکان جیاوازن، هەندێک لەوانە تا چوونە ژووری بەشە ناوخۆییەکان دایک و باوکیان یاوەرییان دەکەن، هەندێکی تریان تا ژووری ئیدارەی بەشی ناوخۆیی یاوەرییان دەکەن و بەشێکی تریان لەگەڵ هاوڕێکانیان رێکدەکەون و دێنە زانکۆکان، چیرۆکی هەر یەکێکیان جیاوازە لەوی دی، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەرئەوەی کە قۆناغێکیان بەجێهێشتووە و بەرەو قۆناغێکی دی هاتوون.

پێویستە خوێندکار لەکاتی خوێندنی زانکۆدا هەست بکات لە دەستێکی ئەمیندایە و سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ فەراهەمکراوە

 

ئەوەی تێبینی دەکرێت خێزانەکانی ئەمڕۆ زیاد لە پێویست لە خەمی مناڵەکانیاندان و ئەمەش وایکردووە ئەم خوێندکارانە پەیوەستییەکی زۆریان بە خێزانەکانیانەوە هەبێت، پێویستە قەرەبووی ئەم ناز و خۆشەویستییە لێپرسراوی بەشە ناوخۆیی و مامۆستاکان و ئیدارییەکان بیکەنەوە، زۆرجار بۆشایی دروست دەبێت و ئەمەش وایکردووە خوێندکاران هەمیشە بیر لەوە بکەنەوە چۆن بگەڕێنەوە ناو ناز و خۆشەویستی خێزانەکانیان، لەکاتێکدا سەردەمانی پێشتر خوێندکار لە خواروو ناوەڕاستی عیراق وەردەگیران و بەو جۆرەی ئێستا وێڵی خێزانەکانیان نەبوون تاخوێندیان تەواو دەکرد لەو زانکۆیانە دەمانەوە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا پەروەردەی خێزانەکان دروستە بەو جۆرە مناڵەکان پەروەردە دەکەن، کە خوێندن لە دەرەوەی ماڵەکان بۆیان قورسە؟
بێگومان پێویستە پەروەردە بەجۆرێک بێت، ئەو مناڵانە زانکۆ و خێزان لەیەک جیابکەنەوە و لەکاتی خوێندندا ئەرکیان تەنها خوێندن و خۆ پێگەیاندن بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە خوێندکار لەکاتی خوێندنی زانکۆدا هەست بکات لە دەستێکی ئەمیندایە و سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ فەراهەمکراوە، چونکە تاکە ئەرکی خوێندکار خوێندنە، بەداخەوە بەشێک لە خوێندکارانیش ناچارن لە خەمی پەیداکردنی سەرچاوەی داهاتدا بن بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەیان، ئەمەش باری هەندێک لە خوێندکارانی قورس کردووە.
بەشێک لەو خوێندکارانەشی هاتنەدەرەوەیان لە ماڵەوە بەفرسەت دەزانن بۆ پچڕاندنی کەلەبچەکان و بەهیوان هەناسەی ئازادی هەڵمژن و تێکەڵی دنیایەکی جیاواز بن و ئیدی هەندێکیان خۆیان دەدۆزنەوە و هەندێکیشیان خۆیان ون دەکەن.
لەوانەیە پرسیارێک بێتە ئاراوە ئەی زانکۆکان ئەرکیان چییە؟ زانکۆکان خوێندکاری سەروو هەژدە ساڵیان وەرگرتووە، واتە ئەو خوێندکارانە چ لە خێزان و چ لە قوتابخانە و چ لە کۆمەڵگەدا پڕکراون لە فەرهەنگی کەلتوری و کۆمەڵایەتی و پێویستە سەرجەم بەها رەوشتیی و بنەما سەرەکییەکانی مرۆییان وەرگرتبێت، ئەوە فێرکرابن کە پەیوەستەگیی مرۆیی و نەتەویی و بەزاندنی هێڵە سورەکان قەدەغەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رێی لیژنەی جۆراوجۆرەوە هەندێک رێنماییان دەدرێتێ ئیدی خۆیان بەرپرسیارن لە سەرکەوتن لەو قۆناغەدا.
*سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە

وتارەکانی نوسەر