رێکخراوی پێن و شارەوانی گەورەی ئامەد ئامانجێک کۆیکردنەوە، ئەویش زمانی کوردییە. گومانی تێدا نییە زمان پێویستییەکی مرۆیی و ویژدانی و ئەخلاقییە، هۆکاری مانەوەی گەلانە، ئەگەر زمان نەبێت مێژووش نامێنێت. قڕکردنی کوردان بە لەناوبردنی زمانەکەیان دەستیپێکردووە، سیاسەتی دەسەڵاتی سەردەست لە باکوور ئێجگار ناشایستە و نامرۆییە بەرامبەر زمانی کوردی. هەمووان پێویستمان بە ماڵێکە تێدا ئارامی و ئازادی هەبێت، بەداخەوە تا ئێستاش ئەو ماڵە لە باکوور بوونی نییە، کە زمانەکەیانە و زۆرینەی کوردانی هەر چوار پارێزگا لە (ئامەد، رەحا، ماردین، وان) دەستیان لەو ماڵە بەرداوە و بەپێی ئامارەکانی یەکێک لە توێژینەوەکان تەنها 10 % کوردی دەزانن، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە، تەنانەت لە راپرسییەکی خۆیاندا تەنها 64 % خوازیارن بە زمانی دایک بخوێنن، ئەوانی دی بەشێکیان بڕیاریان نەداوە و بەشێکی تریشیان پێیانخۆشە زمانی سەردەست زمانی خوێندن بێت، ئەمەش بۆ خۆی رەهەندێکی ترسناکی هەیە بۆ من،1 %یش نەگونجاوە لەگەڵ رەتکردنەوەی زمانی دایکدا بن. زمانی دەسەڵات لە رێی لەشکر و پەروەدەوە هەژموونی خۆی سەپاندووە و بەداخەوە بە کوردی قسەکردن لای زۆرینەی منداڵان و گەنجان عەیبەیەکی گەورەیە. لە شارە گەورەکاندا بە هۆکاری بژێوی ژیان و بازرگانی و بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و رۆشنبیریی بەناو مۆدێرزم، زمانی کوردی بڤەیە. زمانی دێهاتەکانیش بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت، لە کوچە و کۆڵانەکانی ئامەددا منداڵان بە زمانی ناکوردیی دەئاخفن و پەیوەندییە منداڵانەکانیان بە زمانی دایک نییە، ئەمە پرسیارێکی جەوهەرییە کە بۆچی خێزانەکان بە زمانی کوردی نایاندوێنن، منداڵەکانیان بەو زمانە گۆش ناکەن. ئایا ترسیان لە روشاندنی کەسایەتیان هەیە، یاخود ترسێک کە لە داهاتوودا پلەی بەرزی خوێندن بەدەستنەهێنن، یاخود ترس لەوەی نەتوانن لە بازاڕدا کار پەیدا بکەن؟!
بەڵێ دەبێت هەمووان پێکەوە لەوەتێبگەین کە زمانی کوردی زمانێکی شیرینە، بەسەرجەم دیالێکتەکانییەوە و هیچ زمانێک کەم بەها نییە و عەیبە نییە، بەڵکو شەرم لەوەدایە منداڵەکانمان نکوڵی لە کوردبوونی خۆیان بکەن و کەسایەتی خۆیان لەناو نەتەوەیەکی تردا ونبکەن. پێویستە خێزانەکان لەوە تێبگەن، ئەوکات منداڵەکانیان زمانێکی پاراویان دەبێت کە زمانی دایکیان پڕاوپڕبێت و دواتر زمانی دووەم وەربگرن.
کۆنفرانسی زمانی کوردی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کرانەوە و ئاشنابوون و یەکترناسین و ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕاکان، واتە کۆنفرانس دەبێتە رایەڵەی پەیوەندیی نێوان سەرجەم زار و بنزارەکان. لێرە چیرۆکەکان جیاوازن، تەنانەت سزای زیندانەکانیش بە جۆرێکی دیکەن، کوردان باج دەدەن جارێک وەک مرۆڤ، مەخابن ژنان دووجار باج دەدەن، جارێک وەک کورد و جارێکی دی وەک ژن و لەوەش قورستر ژنە نووسەرەکان سێجار دەبنە قوربانیی، هەم خۆیان و هەم نووسینەکانیان دەکرێن بە هەویر و هەنجن هەنجن دەکرێن. سانسۆرەکان ئێجگار قورسن و زیرەکانە پراکتیزە دەکرێن و کاریگەریی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی فەرهەنگی و کاریگەریی دەروونی هەیە و تەنانەت زۆرجار ناچاری تەسلیم بوون دەبن. کۆنفراس ئامانجێکی گەورەی کوردایەتییە لەم دەڤەرە و جۆرێکە لە خەباتی فیکری و کۆمەڵایەتی. پیرۆزبایی لەم هەنگاوە دەکەین و بەهیواین کاری باشتر و گەورەتر بکەن و هەمووان پشتگیرییان لێدەکەین.
کۆنفرانسی زمانی کوردی لە ئامەد