د.مهاباد کامیل
دایک و باوک مانایەکی ئێجگار پیرۆزیان هەیە و مناڵەکانمان زیاتر لەوە تێدەگەن کە هیچ کەسێکی جێگرەوەی دایک و باوکی خوێنی ئەوان نییە، چونکە دایک و باوک بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ پاداشت و قەرەبوویەک بکەنەوە، مناڵەکانیان دەلاوێنن و هەمیشە دەیانەوێت مناڵەکانیان لە خۆیان باشتر بن و هیچ کەموکوڕییەکیان نەبێت، رەهەندی بەرپرسیارێتی دایک و باوک لە چەند وشەیەکدا قەتیس ناکرێت.
زانکۆ تەنها دەزگایەکی مەعریفی نییە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیشی لەسەرە، پێویستە دەستەی وانەبێژان و ئیدارییەکان و خوێندکاران لە پەیوەندییەکی هارمۆنیدا بن و بە هەمووان وێنەیەکی جوان بنوێنن
بەرپرسیارێتییەکی رۆحییە
لێرەدا دەپرسین ئەی بەرپرسەکانی زانکۆ چۆن دەتوانن ئەو بەرپرسیارێتییە رۆحییە هەڵگرن ومتمانە لای خوێندکاران دروست بکەن؟ کە ئەوان لە ماڵی دووەمی خۆیاندان و کەسانێک هەن چاویان لەسەریانە و دەیانپارێزن نەک تەماعی لەسەریان بێت، بەداخەوە زۆرجار چیرۆکی قێزەون روودەدەن، بەشێک لە مامۆستایان بە نیەتی هاوسەرگیریی چاودەبڕنە خوێندکارە کچەکان کە ئەمە بە رای بەندە خیانەتە لە پیشەکەیان و خیانەتە لە کۆمەڵگە، ئەوانە مناڵی ئەوانن ناکرێ رەچاوی تەمەن و ئاستی زانستی لەو قۆناغەدا نەکرێت و ناو هۆڵەکان ببنە شوێنی دۆزینەوەی هاوسەر و خۆشەویست.
بەڵێ دەتوانین ببینە دایک و باوکی رۆحیی با تەمەنیشمان نزیک بێت لێیان، ئەوەش بەوە دەبێت کە هاوکاریان بین و متمانەمان پێبکەن و سڵمان لێنەکەنەوە و متمانەیان هەبێت کە ئێمە ئەزموونمان لەوان زیاترە و دنیابینیمان لەوان گەورەترە و بتوانین لەکاتی کێشەکانیاندا گوێیان بۆ بگرین و تێیانگەیەنین بوونی کێشە ئاساییە، پێویست بە شڵەژان ناکات و هاوڕێیانە چارەسەرییان بۆ بدۆزینەوە، چونکە ئەگەر لەناو ئەو خێزانەدا کە زانکۆیە چارەسەریان دەستنەکەوێت پەنا دەبەنە دەرەوەی زانکۆ و ئەوسا لە گرێژنە دەردەچن و خەڵکانی نەفس نزم بە ئاقارێکی تریاندا دەبەن.
وەک دایک مامەڵە بکەین
بەندە چ لەکاتی مامۆستایەتیمدا چ لەکاتی پۆستدا وەک دایک مامەڵەم لەگەڵ خوێندکاردا کردووە و تەنانەت خوێندکارە کوڕەکانیش زۆر بە ئاسانی دڵیان لەلای من ئاوەڵا کردووە و قسەیان بۆ کردووم و کێشەکانیان بۆ باس کردووم، ئینجا کێشەکانیان دارایی بووبێت یاخود کێشەی دی، زۆرن ئەو نموونانەی بە زەردەخەنەیەک توانیومانە بارودۆخیان بگۆڕین یان تەنانەت بە چارەسەری جیاواز خوێندکارمان لە خۆکوشتن رزگار کردووە، جگە لەو بارودۆخە قورسە داراییانەی توانیومانە خوێندنی خوێندکار رزگار بکەین و بەردەوام بێت لە خوێندن، ئەوەی مایەی شانازیمە ئەوەیە لە ئێستادا کە لەپۆستیشدا نەماوم، بەڵام پەیوەندیی باشم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە خوێندکارەکاندا ماوە و زۆرجار خۆیان پێمدەڵێن تۆ دایکی ئێمە بوویت چۆن لە بیرت دەکەین، کەواتە دەتوانین ببین بە دایکی رۆحیی بۆ خوێندکاران، خوای گەورە بەخششێکی پێداوین کە مامەڵەکردنمانە لەگەڵ توێژێکدا، کە دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵیان ئاسانە و توێژێکن تا کۆتایی تەمەن دەتوانین شانازییان پێوە بکەین، چەند خۆشە کە دەچیتە شوێنێک خوێندکارە کۆنەکان دێن بەرەوپیریت و خۆیانت لێناشارنەوە و بە دەنگێکی پڕ لە رێزەوە دەڵێن ئێمە خوێندکاری تۆبووین، ئەو کاتە هەست دەکەیت ئەرکێکی گەورەت جێبەجێکردووە، چ ئەرکی مامۆستایەتی چ ئەرکی کۆمەڵایەتی زۆرجاریش ئێمەی ژنان بووین بە سیمبولی چاولێکردن لەلایەن خوێندکارانی کچەوە، کە دەڵێن هەمیشە حەزمان کردووە وەک ئێوە بین و ئێستا ئەوانە پێگەیشتوون، لەبەرئەوە بیرتان بێت ئێوە ئاوێنەن و زەمەن خۆتانیان نیشاندەداتەوە هەرگیز واتێمەگەن کاتییە و تێدەپەڕێت، بۆیە دایک و باوک بن بۆ خوێندکاران و ئەوانیش لە داهاتوودا رۆڵەیەکی بەوەفا دەبن بۆتان.
کەواتە زانکۆ تەنها دەزگایەکی مەعریفی نییە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیشی لەسەرە، پێویستە دەستەی وانەبێژان و ئیدارییەکان و خوێندکاران لە پەیوەندییەکی هارمۆنیدا بن و بە هەمووان وێنەیەکی جوان بنوێنین.
*سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە