حکومەت، چ چارەسەرێكی بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان پێیە؟

09:55 - 2024-11-28
گۆران فەتحی
91 خوێندراوەتەوە

 

دەكرێت حكومەت و دەسەڵات لەم هەرێمەدا، هاوشێوەی هەندێ وڵاتی جیهان، خاوەن كۆمپانیا و پرۆژە ئەهلییەكان وابەستە بكات، بە دامەزراندنی دەرچووانی ئەو زانكۆ و پەیمانگانەو ئەوەش بكاتە مەرجێك بۆ پێدانی مۆڵەت بە هەر كۆمپانیا و پرۆژەیەك کە بیەوێت لە هەرێمدا کار بکات

هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆر زانكۆ و پەیمانگای ئەهلیی تێدا كراوەتەوە، ئەوەش بە جۆرێك لە جۆرەكان حاڵەتێكی باشە، بەتایبەت بۆ جێكردنەوەی ئەو خوێندكارە دەرچووانەی ئامادەییەكان كە لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان جێیان نابێتەوە، بەڵام كێشەكە لێرەدا بۆ دوای دەرچوونی خوێندكارانە كە فەرمانگە حكومییەكان توانای دامەزراندنیانی نییەو كەرتی تایبەتیش ئەوەندەی كەسانی بیانی وەردەگرێت و دەخاتەسەر كار ئەوەندە ئەو دەرچووانە وەرناگرێت.

زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكان
ئەو رێژە زۆرەی زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان كە بەشێك لە دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتۆی هەرێم دەیكەنەوە، لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمدا، لە پاڵ زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر خوێندكار وەردەگرن و ساڵانەش ژمارەیەكی زۆر خوێندكار لەو زانكۆ و پەیمانگانە تەخەرووج دەكەن، كە بە هەزاران خوێندكار هەژمار دەكرێن، ئەوەش قورساییەكی زۆر دروست دەكات بۆ حكومەت بۆ دامەزراندنیان، پلانێكی تۆكمەی حكومەتیش نییە لەم رووەوە بۆ ئیستیعابكردنی ئەو خوێندكارانە، لەكاتێكدا كەرتی ئەهلیش كە كۆمپانیا و پرۆژەی جیاجیا لەخۆدەگرێت، پەنا بۆ دەستی كاری بیانی دەبات لەبری ئەو خوێندكارە كوردانە، ئەوەش بێزارییەكی زۆری لە ناو ئەو توێژەدا دروستكردووە، بێ هیوای كردوون لە كاركردن و دامەزراندن دوای ساڵانێكی زۆر لە خوێندن.

حاڵەتێكی باش بەڵام
هەرێمی كوردستان كە دوای ساڵی 1991 لەژێر زوڵم و ستمی بەعس رزگاری بوو، بە هەوڵی دڵسۆزانیش زانكۆ و پەیمانگاكانی ئاوەدان كردەوە و پەرەی بە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵاش دا، دوای رووخانی تەواوەتی ئەو رژێمەش لە ساڵی 2003دا، سەرەتا گەشەیەكی بەرچاوی ئابووری و ئاوەدانی و سیاسیی بە خۆوە بینی، ژمارەیەكی زۆر زانكۆ و پەیمانگای ئەهلیش لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمدا كرانەوە، كە جێی ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووی ئامادەییەكانی كردەوە لەگەڵ تێبینی لەسەر ئاستی بەشێك لەو زانكۆ و پەیمانگانە، هەرچەندیش كردنەوەی ئەو زانكۆ و پەیمانگا ئەهلیانە حاڵەتێكی باش بوو، بەڵام دروستبوونی كێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا، ئاستەنگی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم و هەروەها ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق دروستكرد، ئەگەر نەبوونی پلانی تۆكمەی حكومەتی هەرێمیش بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بخەینە پاڵ ئەو كێشانە، دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان وایان لێهات ببن بە كەسانی بێكار لەسەر خاك و وڵاتەكەیان.

چی بكرێت بۆ دەرچووان
بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو رێژە زۆرەی خوێندكار كە لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان و هەروەها لە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان دەردەچن و خوێندن تەواو دەكەن، دەكرێت حكومەت و دەسەڵات لەم هەرێمەدا، هاوشێوەی هەندێ وڵاتی جیهان، خاوەن كۆمپانیا و پرۆژە ئەهلییەكان وابەستە بكات، بە دامەزراندنی دەرچووانی ئەو زانكۆ و پەیمانگانەو ئەوەش بكاتە مەرجێك بۆ پێدانی مۆڵەت بە هەر كۆمپانیا و پرۆژەیەك لەهەرێمی كوردستان، بەوەش فشار لەسەر خودی حكومەتیش كەمتر دەبێتەوە كە توانای دامەزراندنی ئەو رێژە زۆرەی دەرچووانی زانكۆ و پەیماگا حكومییەكانیش نییە، چ جای ئەهلییەكان.
دەبێت حكومەت رێكارێكی تریش بگرێتە بەر بەرامبەر بە كۆمپانیا و پرۆژە ئەهلییەكان، ئەویش بە رێگرتن لە دامەزراندنی كەسانی بیانی و ئەولەویەت بە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم بدرێت، لە هەلی كار بۆ هەر كۆمپانیا و پرۆژەیەكی ئەهلیی بێت، ئەوەش بێ هیوایی خوێندكاران دەڕەوێنێتەوەو ترسیان لەوە نابێت دوای دەرچوونیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان دانەمەزرێن، هەروەها ناچاری گرتنەبەری رێی هات و نەهاتی دەرەوەیان ناكات بن بۆ گەڕان بە دوای ئایندەیەكی شایستەدا.

وتارەکانی نوسەر