پیسبوونی ژینگە، ریشۆڵەی لە هەولێر تۆراندووە

12:22 - 2024-12-04
هێرۆ کەمال بەرزنجی
105 خوێندراوەتەوە

  هێرۆ کەمال

   
ریشوڵە وەك باڵندەیەكی كێوی، ساڵانە لە وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە روودەكاتە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، بەجۆرێك ئەو باڵندەیە بۆتە بەشێك لە سروشتی كوردستان و دیمەنێكی جوان بە دەشت و دێهاتەكان تەنانەت شارەكانیش دەبەخشێت.
ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوو رێژەیەكی زۆر لە ناوچەكانی كوردستان و تەنانەت شارەكانیش دەبینران و بەكۆمەڵ بە ئاسمانەوە دەفڕین، كەچی ماوەی چەند ساڵێكە بوونی ئەو باڵندەیە بەرێژەكی زۆر لە هەولێر كەمیكردووە، بەشێوەیەك بۆتە جێگای پرسیار و سەرسوڕمانی خەڵكی شار و دێهاتەكان.
بەشێك لە هۆكاری نەمانی ریشۆڵە لە كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی،  بۆ نەبوونی خواردنی ئەو باڵندانە دەگەڕێننەوە، چونكە سروشتی كوردستان گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە، جگە لە كەمی رێژەی سەوزایی، ساڵانە رێژەیەكی زۆری لە زەوی كشتوكاڵی دەسووتێت، ئەمەش وادەكات كە ریشۆڵە بۆ شوێنێكی دیكە كۆچ دەكەن.
كەمی رێژەی بارانبارین و ئاوەدان نەكردنەوەی گوند و دێهاتەكان و راوكردنیان بە شێوازی جیاواز، بەهۆكارێكی دیكەی تۆرانی ریشۆڵە و ژمارەیەك باڵندەی تر بۆ ناوچەكە دەزاندرێ.
وەك شارەزایانی كشتوكاڵ ئاماژەی پێدەكەن بەهۆی ئەوەی خۆراكی سەرەكیی ریشۆڵە، مێروولە زیانبەخشەکانی ناو زەوییە، بەهاتنی ئەو باڵندەیە لە وەرزی چاندن سوودێكی زۆر بە كێڵگە كشتوكاڵییەكان دەگەیەنێت و بەروبوومەكان لە فەوتان و نەخۆشی رزگار دەكات.
كاتێكیش ریشۆڵە روو لەم ناوچەیە ناكات، جووتیاران بۆ لەناوبردنی، مێروولە زیانبەخشەكانە ماددەی قڕكەر و كیمیایی بۆ پاككردنەوەی زەوییە كشتوكاڵەكانیان بەكاردەهێنن، ئەم رێگایەش زیانێكی زۆری هەیە و لە جیهاندا قەدەغەكراوە.

 



وتارەکانی نوسەر