هەولێر، خاوەنی جوانترین جۆری پەلەوەرە

12:24 - 2024-12-04
محەمەد سەعید كوردە
111 خوێندراوەتەوە

محەمەد سەعید كوردە 

ئەمساڵ بە بەشداریی دەیان پەلەوەری جیاواز و بەخێوكەرانی، حەوتەمین پێشانگای پەلەوەری جوانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەن

خەڵكی گوندەكانی دەوروبەر ‌و هەتا ناو شاریش، ئاشقان و سەوداسەرانی شاری هەولێر زیاد لە پێویست بایەخ و گرنگی بە جۆرەها پەلەوەری وەك مریشك و قەل و قاز و عەلەشیش و ئەوانی دیكە دەدەن، هەم بۆ خواردن و هەم بۆ جوانی و نمایشكردن، بۆیە لێرە و لەوێ پێشانگای گەورەیان بۆ دەكەنەوە و لە كەرنەڤاڵی جەماوەرییدا نمایشیان دەكەن،  تا بە نرخێكی خەیاڵی بیفرۆشن.
 یەكێك لە بەخێوكەران و بەشداربووانی پێشبڕكێكان باس لەوە دەكات، ئەو پەلەوەرانەی بەشداریی لەو جۆرە پێشبڕكێ و نمایشانە دەكەن، دەبێ چەندین سیفات و تایبەتمەندییان هەبێت، وەك تووڕەیی پەلەوەرەكە و رێك راوەستان و جوانی دەفەی شان و گوارەی گوێ و...هتد، بۆئەوەی پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە نرخەكانیشی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو پەلەوەرە جوانانە تێكڕای نرخەكانیان دەگاتە 1000دۆلاری ئەمریكی و بگرە زیاتریش، خۆ ئەگەر پلەی یەكەم بەدەست بێنێت، ئەوا نرخەكەی بۆ 1500-2000 دۆلار بەرز دەبێتەوە. بەخێوكردنی پەلەوەریش جگە لەوەی بۆ پێشبڕكێ و نمایشە، لە هەمانكاتیشدا ئارەزووییەكی یەكجارخۆشە لەنێو گەنجان و پیرانی شاری هەولێر، زۆرجار ئەوانە پێشبڕكێكە فراوان دەكەن لە نێو شارەكان و پارێزگاكاندا.
 لە لایەكی دیكەوە(جەلال شێخانی) وەك رێكخەری زۆربەی پێشبڕكێكان دەڵێت: خۆشحاڵین كە زۆرجار ئەو جۆرە پێشبڕكێ و نمایشانە، ساز دەكەین و میوانێكی زۆری بۆ داوەت دەكەین، هەروەها رێكخراوی گەشەپێدانی پەلەوەری جوانی، بە نیازن لە دوای 20 مانگی 12ی ئەمساڵ بە بەشداریی دەیان پەلەوەری جیاواز و بەخێوكەرانی، حەوتەمین پێشانگای پەلەوەری جوانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن. 
ماوەتەوە بڵێین بە شێوەیەكی گشتی پەلەوەرە ماڵییەكان پێكدێن، لە مریشك و قاز و مراوی و عەلەشیش، بۆیە لە دێهاتەكاندا هیچ ماڵێك نییە جۆرێك یان دوو جۆر یان سێ جۆر لەم پەلەوەرانە نەبێت، بەڵام مریشك لە هەموویان گرنگترە لەڕووی بەشدارییكردنی لە چالاكی ئابووری لە بازاڕەكاندا،  گۆشتی مریشك و هێلكەكەی داواكارییەكی زۆریان لەسەرە لە لایەن دانیشتوانی كوردستان، بەڵام دیسان بڕێكی زۆر لە گۆشتی مریشك و هێلكە لە وڵاتە جیاجیاكانی دەرەوە سەودا و مامەڵەی پێ دەكرێ و دەهێنرێتە بازاڕەكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان.

وتارەکانی نوسەر