محەمەد سەعید كوردە
ئەگەر كەمێك بۆ رابردوو بگەڕێینەوە و لاپەڕەكانی دوێنێ هەڵدەینەوە، ئەوا زۆر دیمەنی جوان و سەرنجڕاكێشمان بەرچاو دەكەوێ، ئەوە جگە لەوەی لە نێو خەڵكی شاری هەولێردا گەلێك دابونەریتی جوان و شایستە هەبوو، كە مێژووییەكی دوورودرێژی بەسەردا رۆیشتوەو ئێستا وەك میراتێكی زیندوو بۆ ئێمە و نەوەی داهاتوو ماوەتەوە كە سوودی لێ ببینێت، ئەویش لە وەرزی بێ بارانیدا، كاتێک قاتوقڕی پەیدا دەبوو بەهۆی دواكەوتنی بارانبارین و وشكەساڵی، بە تایبەتی لە دێهاتەكاندا خەڵكی تووشی جۆرێك لە شپرزەیی دەبوونەوەو خەم و پەژارە دایدەگرتن، بۆیە وەك بیروباوەڕێك چەند گەنجێكی بزێوو پڕ لە جووڵە و چالاك كۆدەبوونەوە، نمایشی(كۆسە بەبە)یان بەشێوەیەكی دیكە نمایشی(بووكە بە بارانە)یان جێبەجێ دەكرد، جا یەكێك لە گەنجەكان سەری خۆی پاك بە مووس دەتاشی و لایلۆنێكی لە قەدوباڵای خۆی دەئاڵاند و رووخساریشیان بە تەنی یان رەژوو(خەڵوز)، رەش دەكرد، ئینجا دەرگا بە دەرگا دەگەڕان و بە كۆمەڵ دەگەڕان و ئەو گۆرانییە فۆلكلۆرییەیان بەیەكەوە دەگووتەوە:
هەیاران و مەیاران
یا خوا بكاتە باران
بۆ فەقیر و هەژاران
هەروەها لە نێو دەقە فۆلكلۆرییەكانیشدا، چەند دێڕێكیان بۆ ئەو بەیتە زیادكردووە كە دەڵێ:
بۆ گوڵ و لالەزاران
بۆ سەیرانگەی دڵداران
باران خێر و خێراتە
دەغڵ و دانی پێ هاتە
یان بە كۆمەڵ و بەیەك دەنگ دەیانگوت:
كۆسە بەبە ستربە
نانی دەخوا بە خورمە
ماڵەكانیش لەسەربانی ماڵەكانیان كە كەمێك نزمبوو، سەتڵێك ئاویان بەسەر منداڵەكەدا دەكرد، پاشان خەرجییەكیشیان لە پارە پێ دەدا، ئەو نمایشە لە گەڕەكەكانی شاریش دەكرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو دابونەریتە لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا نەماوەو بە دەگمەن بەرچاو دەكەوێت.
راستە ئەو بەیت و بالۆرە بۆ بارانبارین و رەوانەوەی ئەو هەموو خەم و پەژارە بوو، كە بەهۆی بێ بارانی و زەرەر و زیانی خەڵك. لەڕووی ئاینییشەوە كاتێك باران دوادەكەوت و قاتوقڕی دەبوو، خەڵكی بەناچاری و بە كۆمەڵ دەچوونە دەرەوەی شار و نوێژەبارانەیان دەكرد، دەستی نزا و پاڕانەوەیان بۆ خوای گەورە بەرز دەكردەوە، بۆ ئەوەی بارانی بەخوڕ ببارێت و زەوی و دەغڵودان سەوز بكاتەوە، ئەو دەرد و نەخۆشییەش نەمێنێ كە بەهۆی بێ بارانییەوە تووشی مرۆڤ بووە.
مامۆستایانی ئایینی و كەسە بەتەمەنەكان و خاوەن بیروباوەڕە بەهێزەكان باس لەوە دەكەن، كە نمایشی (كۆسە بەبە) و (بووكە بە بارانە)، هەتا نوێژەبارانەش، وەك سوونەتێكی پیرۆزی پێغەمبەر(د.خ) بووە، بۆئەوەی مرۆڤ خۆی بە گەورە نەزانێ بەرامبەر بە هێز و تواناكانی خوای گەورە و سنووری خۆی بزانێ و لە سنوور دەرنەچێت، ئەوەش بزانێ كە تەنیا خوای گەورە باران دەبارێنێ، بەو بارانەی كە هەموو مرۆڤایەتی و دەغڵودان و سەرجەم بوونەوەرەكان دەبووژێنەوە و جارێكی دیكە ژیانیان بەبەردا دەگەڕێت.
بەهۆی دواكەوتنی بارانبارین، بە تایبەتی لە دێهاتەكاندا خەڵكی تووشی جۆرێك لە شپرزەیی دەبوونەوە و خەم و پەژارە دایدەگرتن، بۆیە وەك بیرو باوەڕێك چەند گەنجێكی بزێو و پڕ لە جووڵە و چالاك كۆدەبوونەوە، نمایشی (كۆسە بەبە) یان بە شێوەیەكی دیكە نمایشی (بووكە بە بارانە)یان جێبەجێ دەكرد
دەبێ ئەوەش بزانین كە زیندووكردنەوەی ئەو جۆرە نمایشە كۆنانەی كە پێشتر لەسەردەمی باب و باپیرانمان كراون، كاری زۆر جوان و شایستە بوون و هەموو خەڵكی حەزیان كردووە خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، خۆزگە وەكو جاران ئەو دابونەریتە كۆنانە، زیندوو دەكرانەوە كە مۆركی ئێمەی كوردیان پێوە دیارن و هەرگیز لە بیر ناچنەوە.