پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
17
کاک دکتۆر من (دایكی سانا)م و منداڵێكم هەیە، تەمەنی (5) ساڵە، پارساڵ زۆر هەوڵمان لەگەڵیدا نەچووە باخچەی منداڵان، ئەمساڵیش بە هەمان شێوە، هەرچەند بە قسەی خۆش، بە هەڕەشە، بە پاداشت هەوڵی لەگەڵ دەدەین هەر دەڵێ ناچم، زۆر زۆر هۆگری خۆمان بووە، كاتێك دەیبەین بۆ باخچە دەست دەكات بە گریان و خۆی دەڕشێنێتەوە و دادەكان تەلەفۆنمان بۆ دەكەن دەڵێن وەرن بیبەنەوە هەر دەگری، ئەم منداڵەی ئێمە تێكەڵی منداڵانی تر نابێت، ئێمەش هەر لە منداڵییەوە نەمان هێشتوە بچێتە ناو منداڵانەوە، لەبەرئەوەی گەڕەكەكەمان گەڕەكێكی میللیە و زۆر قەرەباڵغە و منداڵەكانی گەڕەكەكەمان زۆر شەڕانی و دەم پیسن، جنێوی زۆر بە یەكتری دەدەن، ئینجا بۆ ئەوەی لە منداڵەكەمان نەدەن و فێری جنێو نەبێت، نەمان هێشتووە بچێتە ناو منداڵانی گەڕەك، هەروەها وا فێربووە تەنانەت دەبێت ئێمە پێڵاوەكانی بۆ لە پێ بكەین، خەسوو و خەزوورم خۆیان خواردنی دەدەنێ، تەنانەت لە ماڵی خۆشمان ورك دەگرێت و دەڵێ دەبێت ئێوە خواردنەكەم بدەنێ، هەندێكجار من نایدەمێ، دەمەوێت خۆی فێر ببێت، بەڵام هاوسەرەكەم وەك ماڵی خەزوورم خواردنی دەداتێ، هەرچەندە من پێم ناخۆشە و دەمەوێت خۆی فێر ببێت، بەڵام هاوسەرەكەم و ماڵە خەزوورانم بە پێچەوانەی من هەموو شتێكی بۆ دەكەن، ئیتر نازانم چی لەگەڵ بكەین؟.
دڵەڕاوكێی لێكجیابوونەوە
خوشکی بەڕێز، بۆ زانیاریی بەڕێزتان، ئەم حاڵەتەی منداڵەكەتان پێی دەڵێن دڵەڕاوكێی لێكجیابوونەوە، منداڵ لە دوای شەش مانگییەوە زۆر هۆگری دایكی دەبێت و هەر كاتێك ژوورەكە بە جێ بهێڵێت دەست دەكات بە گریان و تووشی گرژی و نارەحەتی دەبێت، بەڵام هەر كاتێك بگەڕێتەوە بۆ لای منداڵەكە و لە باوەشی بكات ئەوا زۆر دڵخۆش دەبێت، لە دوای نۆ مانگییەوە ئەو هۆگرییە كەمتر دەبێتەوە، تا جارێكی تریش لە ساڵ و نیو (18) مانگی دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و منداڵ زۆر هۆگری دایكی دەبێت و هەر كاتێكیش لێی دوور بكەوێتەوە تووشی ترس و دڵەڕاوكێی لێكجیابوونەوە دەبێت.
دیاردەیەكی ئاساییە
لە سەرەتادا ئەم دڵەڕاوكێی لێكجیابوونەوەیە ترسی نییە و دیاردەیەكی ئاساییە و هەموو منداڵێك حەز دەكات لە باوەش و نزیكی دایكی بێت و هەست بە ئارامی و دڵنیایی بكات، بۆیە كاتێك دایك لە منداڵەكەی دوور دەكەوێتەوە ئەوا منداڵ لە سەرچاوەی دڵنیایی و ئارامی بێبەش دەبێت، لەبەرئەوە هەر كاتێك دایك ویستی بۆ ماوەیەكی كەم بچێتە دەرەوە، ئەوا پێویستە لەكاتی چوونەدەرەوە بە دەم رۆیشتنەوە بە دەنگی بەرز قسە لەگەڵ منداڵەكەی بكات بۆ ئەوەی بزانێت كە هێشتا دایكی لە گەڵیایەتی و لە ژوورەكە دایە، لەلایەكی تریشەوە نابێت دایك یەكسەر منداڵ بە جێبهێڵێت، بەڵكو هەوڵبدات بە شێوەیەكی هەنگاو بە هەنگاو و لەسەرخۆ و بەدەم قسەكرنەوە شوێنی منداڵەكە بەجێبهێڵێت .
لە دوای دوو ساڵییەوە
دڵەڕاوكێی لێكجیابوونەوە هەستێكە كە تاك ترسی هەیە لە لەدەستدانی سەرچاوەی ئەمن و ئاسایش و دڵنیایی، كە ئەوانیش دایك و باوك و كەسە نزیكەكانی منداڵن، كە منداڵ هەر لە دوای لە دایكبوونەوە پێیان ئاشنا بووە، ئەم هەستە لەسەرەتای ژیانەوە هەتاوەكو تەمەنی دوو ساڵی، هەست و شعورێكی ئاساییە، بەڵام دوای دوو ساڵی دەبێت منداڵ لەگەڵ دووركەوتنەوە و دیار نەمانی كەسە نزیكەكانی رابێت، لەبەرئەوەی لە دوای دوو ساڵییەوە وردە وردە منداڵ دەگاتە ئەو بڕوایەی كە ئەگەر دایك و باوك دیارنەمان مانای ئەوە نییە كە بۆ هەتا هەتایە نامێنن، بەڵكو دوای ماوەیەك دەردەكەونەوە، وەك چۆن كاتێك یارییەكی لێدەشارینەوە لە پێش دوو ساڵی لەو بڕوایەدایە كە ئەو یارییە لەبەرئەوەی دیارنەما ئیتر هەتا هەتایە نایبینێتەوە، هەمان بیروباوەڕیشی بۆ دایك و باوك و كەسە نزیكەكانی هەیە، لەبەرئەوە تووشی ترس و گرژی و دڵەڕاوكێ دەبێت كاتێك دیار نامێنن، بەڵام دوای دوو ساڵی گەشە دەكات و چەمكی (بەردەوامی شتەكان) لەلای دروست دەبێت كە دیارنەمانی شتەكان مانای نەمانیان نییە، بەڵكو دوای ماوەیەكی كەم دەردەكەونەوە.
گەورەترین هەڵەی ئێوە
خوشكی بەڕێزم، گەورەترین هەڵەی ئێوە ئەوە بووە كە لەلایەك ئەو منداڵەتان نازدار بەخێو كردووە و لەلایەكی تریشەوە نەتان هێشتووە بچێتە ناو منداڵانی تر، واتە هیچ زانیاری و شارەزایی پێویستی دەربارەی منداڵان و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵیان نییە، بۆیە دەترسێت و ناوێرێت بچێتە ناویان، وا دەزانێت لێی دەدەن یان ئازاری پێدەگەیەنن، بەڕێزەكەم، نابێت منداڵ نازی زۆری بدرێتێ و هەموو شتەكانی بۆ جێبەجێ بكرێت، بەڵكو دەبێت سنووری خۆی بزانێت و خۆی ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەگەر فێر نەبێت ئەوا بەردەوام هەر چاوی لە دەستی كەسانی تر دەبێت و كەسێتی سەربەخۆی خۆی نابێت، لەلایەكی تریشەوە هەڵەتان كردووە كە نەتان هێشتووە تێكەڵ بە منداڵانی تر ببێت، ئەی پرسیاری ئەوەت لە خۆت نەكرد كە لە تەمەنی شەش ساڵی دەبێت بچێتە قوتابخانەی بنەڕەتی، ئەی كاتێك دەچێتە قوتابخانە، ئەی هەر تێكەڵ بەو منداڵانە نابێت كە تۆ دەڵێت دەمیان پیسەو شەڕانیین؟ ئەی خۆ لە ئاسمان منداڵی بۆ ناهێنن، كەواتە هەر دەبێت بچێتە ناو ئەو منداڵانە، ئەو كات تووشی كێشە دەبێت، لەبەرئەوەی ئەو منداڵانەی تر لە ئەنجامی تێكەڵاوبوونیان بە منداڵانی تر لە تەمەنی سێ ساڵ و چوار ساڵی و پێنج ساڵی، كۆمەڵێك زانیاری و شارەزایی فێربوون، بەڵام منداڵەكەی تۆ لێیان بێبەش بووە و هیچ دەربارەی تێكەڵاوی و هاوكاری و ململانێ و یاریكردن نازانێت، كەواتە كاتێك لە شەش ساڵی منداڵەكەت دەچێتە ناو ئەو منداڵانە وەك منداڵێكی كێوی دەبێت و ناتوانێت وەك پێویست خۆی لەگەڵیان بسازێنێ، هەر ئەوەشە بۆتە هۆی ئەوەی كە ئێستا نەچێتە ناو منداڵانی باخچە، لەبەرئەوەی هیچ كەسێك لە باخچە وەك ئێوە هەموو شتەكانی بۆ جێبەجێ ناكات، واتە دەبێت خۆی نان بخوات و خۆی پێڵاوەكانی لە پێ بكات و هەرخۆشی ئەركەكانی باخچە جێبەجێ بكات، بەڵام فێرنەكراوە و وەك منداڵەكانی تر نایانزانێت، لەبەرئەوە دەگری و داوا دەكات بیبەنەوە بۆماڵەوە، لەلایەكی تریشەوە منداڵەكانی گەڕەك شەڕانی بوون و دەم پیس بوون، ئەوا دەبوایە تێكەڵیان بووایە و هەر كاتێك شەڕیان پێ فرۆشت دەتوانرا فێر بكرێت چۆن شكات بكات یان بەرگری لە خۆی بكات، نەك لە ماڵەوە لە تەنیشت خۆتان دایبنێن، تەنانەت ئەگەر جنێویش فێربوایە ئەوا دوای ئەوەی دەهاتەوە بۆ ماڵەوە پێی بوترایە كە ئەوانە شتی خراپن و هەڵەیە نابێت تۆ بیڵێیتەوە، كەواتە دەبێت بزانێت ئەوانە جنێون، بەڵام هەڵەن و ئەو دووبارەیان نەكاتەوە، كەواتە خوشكە بەڕێزەكەم، پێویستە تۆ ئەم كارانەی خوارەوە بكەیت:
1
لە بەیانی زووتر نییە، منداڵەكەت ببەرەوە بۆ باخچەكەی و بە مامۆستا و دادەكانی بڵێ، گوێ بە گریان و بیانووەکانی نەدەن و تەلەفۆنت بۆ نەكەن، چونكە كەس بە گریان نامرێت و ئەم منداڵەی ئێوە گریانی كردووە بە هۆكارێك بۆ رۆشتنەوەی بۆ ماڵەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەك گوێ بە گریانی منداڵ بدرێت، با لێی بگەڕێن بۆ خۆی بگری، بەڵام من دڵنیات دەكەمەوە ئەگەر چاوی لە ئێوە نەبێت و دادەكان گوێ بە گریانەكانی نەدەن ئەوا دوای ماوەیەك واز لە گریانەكەی دەهێنێت، چونكە هیچ سوودی لە گریانەكەی وەرنەگرت، بەڵام ئەگەر سوود لە گریانەكەی وەر بگرێت و تەلەفۆنتان بۆ بكەن و ئێوەش بچن بیهێننەوە، ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ گریانەكانی زیاتر دەكات.
2
داوای لێ بكەن و ناچاری بكەن خۆی نانەكانی بخوات و ئەركەكانی قوتابخانەی جێبەجێ بكات و پێڵاوەكانی خۆی لە پێی بكات، هەروەها واز لە گریان بهێنێت، لەبەرئەوەی چەند بگری، ئەوا ئێوە مەچن بە دوایدا تا دەوامەكەی تەواو دەبێت، بەڵام دەكرێت هەفتەی یەكەم تۆزێ زووتر بچن بە دوایدا، بەڵام رۆژەكانی تر با وەك منداڵانی هاوڕێی دەوام بكات.
3
پێویستە ئێوەش و ماڵە خەزوورانت یەك جۆر مامەڵەی لەگەڵ بكەن، هەر كاتێك رەفتارێكی هەڵەی كرد، ئەوا لێی قبوڵ نەكەن و رێگا راستەكەی پیشان بدەن و رێنمایی بكەن، هەر كاتێكیش كارێكی باشی كرد، ئەوا هەمووتان دەستخۆشی لێبكەن، بەمجۆرە رەفتارە راستەكان دووبارە دەكاتەوە، لەبەرئەوەی دەبێتە مایەی رەزامەندی ئێوە و دوای ماوەیەك دەبێتە خوو، دەبێتە بەشێك لە كەسێتی، هەروەها وازیش لە رەفتارە هەڵەكان دەهێنێت و لێیان دوور دەكەوێتەوە، لەبەرئەوەی دەبێتە مایەی ناڕەزایی ئێوە.
زۆرجار منداڵ گریان وەک کەرەستەیەک بەکاردێنێت