پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
15
سڵاو كاك دكتۆر من گەنجێكم تەمەنم (27) ساڵە و ژنم هێناوە و خاوەنی چوار منداڵم، لە خودا بەزیاد بێت لە هیچم كەم نییە، هاوسەرەكەم زۆر باشە و منی زۆر خۆش دەوێت و منیش ئەوم خۆش دەوێت، بڕوا ناكەم هیچ هاوسەرێك وەك ئەمەی من هەبێت بۆ ماڵ و مێردی ئەوەندە باش بێت، بەڵام من كێشەیەكم هەیە ئەویش ئەوەیە، پێش ئەوەی ژن بهێنم كچێكم خۆش دەویست، بەڵام بە قیسمەت نەبوو، ئەویش شووی كردووە و لە ماڵی خۆیەتی و خاوەنی ماڵ و منداڵی خۆیەتی، بەڵام بەردەوام خەوی پێوە دەبینم و بە رۆژ فیكری لێدەكدەمەوە و خەفەتی پێ دەخۆم، ئاواتەخواز بووم ئەو بهێنم، بەڵام باوك و مامەكانی رازی نەبوون شووم پێبكات، ئیتر نازانم چۆن لەو بیركردنەوە و خەونانە رزگارم بێت، چونكە كاتی زۆرم لێدەبات و كاتێكیش بیری لێدەكەمەوە زۆر بێزار و ناڕەحەت دەبم، خەریكە دڵم لە هاوسەرەكەم سارد دەبێتەوە، چی بكەم باشە؟.
تۆ پێویستە بە عەقڵ بیر بكەیتەوە
برای بەڕێزم، تۆ پێویستە بە عەقڵ بیر بكەیتەوە نەك دوای حەز و ئارەزووی دڵت بكەویت، وەرە با پێكەوە بە شێوەیەكی مەنتیقی و واقیعی شەن و كەوی ئەم بیركردنەوەی تۆ بكەین:
یەکەم: وەك خۆت دەڵێیت هاوسەرێكی باشت هەیە و تۆی خۆش دەوێت، تۆش ئەوت خۆش دەوێت و بڕوا ناكەیت هیچ هاوسەرێك هەبێت وەك ژنەكەی تۆ بۆ هاوسەر و ماڵ و منداڵی ئەوەندە باش بێت، كە ئەمە مەرجی سەرەكی هەموو پرۆسەیەكی هاوسەرگیرییە كە دەبێت بە بناغەی سەركەوتنی ئەو هاوسەرگیرییە، باشە هاوسەرێك لەم رۆژەدا ئەوەندە باش و دڵسۆز بێت، پاداشتی ئەوەیە ناپاكی لێبكەیت و بە جەستە لە تەنیشت ئەوەوە بیت و بە بیر و خەیاڵیش لەلای یەكێكی دیکە بیت؟ یان دەبێت وەك هەردوو چاوەكانت بیپارێزیت و وەك شاژن مامەڵەی لەگەڵ بكەیت؟.
دووەم: كاتی خۆی كەسێكت خۆش ویستووە و داوات كردووە و باوك و مامەكانی رازی نەبوون، لێرەدا پرسیارێك قووت دەبێتەوە، باشە كاتێك ئەو كەسە كچ بووە و شووی نەكردووە و ماڵ و منداڵی نەبووە، ئەوان رازی نەبوون شووت پێبكات، ئەی ئێستا دوای ئەوەی ئەو كچە شووی كردووە و خاوەن ماڵ و منداڵ و هاوسەرە، ئیتر چۆن ئەوان رازی دەبن كە واز لە ماڵ و منداڵەکانی بهێنێت و شوو بە تۆ بكات، ئەمە نەك مەحاڵە بەڵكو بە خەیاڵیش نابێت بیری لێبكرێتەوە.
سێیەم: ئەو كچە ئێستا شووی كردووە، ئیتر چۆن تۆ بیری لێدەكەیتەوە كە ئەمە دەچێتە خانەی ناپاكی هاوسەرگیری و ئەمە جۆرێكە لە خەیاڵ پڵاوی و وەك دەڵێن دوای كڵاوی بابردوو كەوتوویت، جۆرێكە لە خۆ هەڵخەڵەتاندن، ئیتر بیركردنەوە لێی چ سوودێكی هەیە؟ بۆیە لە ئێستا زووتر نییە ئەو بیر و بیركردنەوە لە مێشكت دەربكە و لە جیاتی بیركردنەوە لەو ئافرەتە، بیر لە هاوسەر و منداڵەكانت بكەرەوە، پلان دابنێ بۆ ئەوەی خێزانەكەت زیاتر بەختەوەر بێت و منداڵەكانت پاشەڕۆژێكی گەشتریان هەبێت.
چوارەم: كەواتە بە هەموو پێوەرەكان، ئەو جۆرە بیركردنەوەیەت هیچ بەرهەمێكی نییە، جۆرێكە لە كات بەفیڕۆدان و دروستكردنی خەم و خەفەت بۆ خۆت و ماڵ و منداڵت، باشە لێرەدا تۆ پرسیار لە خۆت ناكەیت كە بیركردنەوەیەك هیچ قازانج و بەرهەمێكی نەبێت و سەرئێشە و كێشەی لەدوا بێت، جێبەجێكردنی لە واقیعدا مەحاڵ بێت، ئیتر چ پێویست دەكات تۆ كاتی خۆتی پێوە بكوژیت و هەر لەسەری بەردەوام بیت؟.
بیر لەم خاڵانەی خوارەوە بكەرەوە
برا بەڕێزەكەم، لەگەڵ خۆشت دابنیشە و هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە تاوتوێ بكە، بگەرە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەو بیركردنەوەیەت كێشەی زۆرتان بۆ دروست دەكات، لەجیاتی ئەوە بیر لەم خاڵانەی خوارەوە بكەرەوە:
یەکەم: سوپاسی خودای گەورە بكە كە هاوسەرێكی باشت هەیە، تۆی خۆش دەوێت و دڵسۆزیشە و ناپاكیت لەگەڵ ناكات، لەكاتێكدا زۆر خێزان بە دەست ناپاكی هاوسەرگیرییەوە دەناڵێنن.
دووەم: سوپاسی خودا بكە كە خاوەنی چوار منداڵی، لە كاتێكدا هەزاران خێزان لەو نیعمەتە بێبەشن و هەموو هەوڵێك دەدەن كە منداڵێكیان هەبێت، ئێستا تۆ بەو بیركردنەوەیەت دەتەوێت منداڵەكانت لە سۆز و خۆشەویستی باوكایەتی بێبەش بكەیت و بە دەستی خۆت كێشەیان بۆ دروست بكەیت، لەجیاتی ئەوە بۆ خۆت و ماڵ و منداڵیش وا باشترە كە ژیان و بیركردنەوەت بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانت تەرخان بكەیت .
سێیەم: بەڕێزەكەم، مەرج نییە هەموو كات ئەوەی مرۆڤ حەزی لێدەكات بێتە دی و لە بەرژەوەندیی ئەو بێت، جاری وا هەیە ئەوەی مرۆڤ ئاواتەخوازێتی لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە، خودای گەورە رزگاری دەكات و بە شتێكی دیکە قەرەبووی دەكاتەوە كە بە قازانجی ئەو تەواو دەبێت، كێ دەڵێ تۆ لەو كەسانە نیت كە خودای گەورە لە شتێك رزگاری كردوویت و لەهەمان كاتیشدا كردوویتی بە خاوەنی شتێكی دیکە.
چوارەم: راستییەك هەیە، دەبێت ئەوەش بزانیت مەرج نییە مرۆڤ كەسێكی خۆشویست ئیتر ئەو خۆشەویستییە هەتا هەتایە بمێنێت و بەختەوەر بێت، بڕۆ بۆ دادگاكان ببینە كە سەدان و هەزاران ژن و مێرد لە یەكتری جیا دەبنەوە، لە كاتێكدا كاتی خۆی هەموویان بە خۆشەویستی هاوسەرگیریان كردووە، واتە مەرج نییە ئەوەی بە خۆشەویستی هاوسەرگیریی كرد ئیتر لە ژیانی خێزانیدا سەركەوتوو بێت، لەبەرئەوەی ژیان زۆر ئاڵۆز بووە و پێداویستی و بەربەستەكان زۆر زۆر بوون و چەندەها هۆكار هەن هەڕەشە لە بەردەوامیی خێزان دەكەن، زۆرجار هۆكارە دەرەكییەكان لە خۆشەویستی نێوان ژن و مێرد بەهێزترن و دەبنە هۆی هەڵتەكاندنی بنەماكانی خێزان، كەواتە ئەگەر ئەو ئافرەتەشت بهێنایە، مەرج نەبوو وەك ئێستات بەختەوەر بیت .
ئەو كچە ئێستا شووی كردووە، ئیتر چۆن تۆ بیری لێدەكەیتەوە كە ئەمە دەچێتە خانەی ناپاكی هاوسەرگیری و ئەمە جۆرێكە لە خەیاڵ پڵاوی و وەك دەڵێن دوای كڵاوی بابردوو كەوتوویت
پێنجەم: ئەو بیركردنەوەیەی تۆ بۆ ئێستا و داهاتوو نییە، بەڵكوو بۆ رابردوویە، بیركردنەوەش لە رابردووش لە خەم و خەفەت و دەردەسەری زیاتر هیچ بەرهەمێكی دیکەی نابێت، لەبەرئەوە داواكارم بیر لە رابردوو نەكەیتەوە، چونكە مەحاڵە هیچكەس بتوانێت رابردوو بگەڕێنێتەوە، واتە ئەو بیركردنەوەیەت نابێتە هۆی ئەوەی كە تۆ بگەڕێیتەوە بۆ چەندەها ساڵ پێش ئێستا و بتوانیت ئەو باوك و مامانەی ئەو ئافرەتە رازی بكەیت و ئەو ئافرەتە بكەیت بە هاوسەری خۆت، كە ئەمانە مەحاڵن، لەبەرئەوەی رابردوو بە كەس ناگەڕێتەوە و كەس ناتوانێت رووداوەكانی رابردوو بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی دەتوانین لەگەڵ رابردوو بیكەین ئەوەیە كە پەندی لێوەربگرین و نەهێڵین جارێكی دیکە هەڵەكانی رابردوومان دووبارە بكەینەوە.
شەشەم: هەر كاتێك ئەو كەسە هاتە ناو مێشكت و بیرت لێكردووە، یەكسەر چڕنوكێك لە خۆت بگرە یان بە دەستێكت بە دەستەكەی دیکەتدا بكێشە بۆ ئەوەی هەست بە ئازار بكەیت، واتە پێویستە بیركردنەوە لەو ئافرەتە لەناو مێشكتدا پەیوەست بێت بە ئازارەوە نەك خۆشییەوە، لەهەمان كاتیشدا بیر لە دەرئەنجامە خراپەكانی ئەو بیركردنەوەیەت بكەرەوە كە لەو خاڵانەی سەرەوەدا بۆمان روونكردوویتەوە، لەهەمان كاتیشدا هەوڵبدە بابەتەكە بگۆڕیت و بیر لە شتێكی دیکە بكەیتەوە یان خۆت بە كارێكەوە خەریك بكە، ئیتر بەم شێوەیە وردە وردە ئەو بیر و بیركردنەوەیەت كەمدەبێتەوە یان كۆتایی دێت، هیوادارم سەركەوتوو بیت.