هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات

کابووسی دواکەوتنی مووچە

10:01 - 2024-12-18
د. عومەر عەلی ئەحمەد
60 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد*

گومانی تێدا نییە پێنەدانی مووچە بە فەرمانبەران، مەترسی لەسەر دۆخی ئابووریی، دۆخی کۆمەڵایەتی، دواتر دۆخی پەروەردە و فێرکردن دروست دەکات و ئاسایشی پەروەردە تێکدەدات


لە زۆربەی فەرهەنگە کوردییەکاندا، مووچە واتا بەشێکە لە زەوییەک کە جیاکرابێتەوە بۆ کشتوکاڵ، هەروەها پێنج نانی نوێردوو کراو دەگرێتەوە. لەهەموو حاڵەتەکاندا شتێکە بۆنی ژیانی لێدێت، هەم نان هەم زەوی، هەردوکییان دوو شادەمارن بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی مرۆڤ، چونکە ماسلۆ وتەنی پێداویستی و غەریزەی برسێتی پڕ دەکەنەوە.
لە هەرێمی کوردستان، ئەوە ماوەی  9ساڵە مووچە لە نیعمەتەوە گۆڕاوە بۆ کابووس، بۆ خەونێک کە هەمووان لە بێداریدا دەهێڵێتەوە، بەجۆرێک کە بۆتە ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و برسیکردنی خەڵک، چونکە لەو ماوەیەدا بەردەوام وەکو خاڵی لاوازی فەرمانبەران و مووچەخۆران تەماشای کراوە.
ئاسایشی کۆمەڵایەتی، هەموو لایەنەکانی ژیانی تاک و گروپ و کۆمەڵگاکان دەگرێتەوە، لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەییەوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، واتە دڵنیاکردنەوە کە ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ لە مرۆڤدا لا دەبات، جا بۆ تاک بێت یان گروپێک، بەڵام دواخستنی مووچە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و رادەی یەکگرتوویی خێزانی دەبێت، گرفت بۆ یەکگرتوویی خێزانەکان دروست دەکات و سەرئەنجام دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی، چونکە سەرۆکی خێزان شەرمەزار دەکات و وەکو بێ توانایەک دەریدەخات. هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی تاوان و دروستبوونی گرژی و ناکۆکی لەناو خێزانەکاندا و هەستکردن بە بێزاری و دڵەڕاوکێ و تێکشکان و شڵەژانی دەروونی و لەدەستدانی هیوا لە باشتربوونی بارودۆخی دارایی، دواجار هەڕەشە لە  لەسەر سەقامگیریی خێزانی دروست دەکات.
گومانی تێدا نییە کە پێنەدانی مووچە بە فەرمانبەران، مەترسی لەسەر دۆخی ئابووریی بە گشتی دروست دەکات. پاشان دۆخی کۆمەڵایەتی و دواتر دۆخی پەروەردە و فێرکردن، چونکە ئاسایشی پەروەردە تێکدەدات، کە هەموو تاکێک مافی هەستکردن بە دڵنیایی فێرکردنی هەیە، بەڵام بۆ ماوەی 9 ساڵە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن یەکێکە لە پرسە گرنگەکان و چەندین جار کەرتی پەروەردەی بردۆتە لێواری رووخاندن.

*مامۆستای زانکۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر