خوێندنەوەیەکى سۆسیۆلۆجی بۆ بایەخى ئەدەبی منداڵان

11:30 - 2024-11-24
د. عومەر عەلی ئەحمەد
35 خوێندراوەتەوە

گرنگە لە ئەدەبی منداڵاندا، رەچاوى ئاستى تەمەن و پێگەیشتنى هزرى منداڵ بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر پێویستە نووسەرانى بوارى ئەدەبی منداڵان، بەشێک لە منـداڵی خـۆیان لە پێشچاو بگرن و رەنگدانەوەى هەبێت لە نووسینەکانیاندا

شاعیری بولگاری(ران بۆسلین) دەڵێت:(ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبێت). گەر بڕیار بێت ئەدەب ئەو دەلاقەیە بێت کە دونیاى لێوەدەبینى، ژانرەکانى شیعر و پەخشان و ئۆپەرێت و شانۆ ئەو رەگەزانەبن توێژەرانى بیانى کۆمەڵى ئێمەى پێهەڵسەنگێنن، ئەوا ئەدەبی منداڵان ئەو خەزانە مەعریفییە دەبێت کە نەوەى دواڕۆژی ئێمە لەسەرى دەژین، کەواتە ئەدەب خۆراکی رۆحە و هەناسەى خەیاڵ و بیرکردنەوەو لێکدانەوەیە بۆ منداڵ.
گرنگە لە ئەدەبی منداڵاندا، رەچاوى ئاستى تەمەن و پێگەیشتنى هزرى منداڵ بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر پێویستە نووسەرانى بوارى ئەدەبی منداڵان، بەشێک لە منـداڵی خـۆیان لە پێشچاو بگرن و رەنگدانەوەى هەبێت لە نووسینەکانیاندا، واتە لەو ئاستە باڵاو بەرزەوە دابەزنە خوارەوە و ببنەوە بە منداڵەکەى جارى جاران.  لەمبارەیەوە چیخـۆف دەڵێت:(پیـربووم، بـەڵام هـێشتا بە دوای جـۆلانەیەکی منداڵانـدا دەگەڕێـم).
ماریـا نیکـۆڵا دەڵـێت:(ئـەدەبی منـداڵان، ئـەو ئەدەبـەیە کە لەلایـەن کەسـانی شـارەزای جیـهانی منـداڵانـەوە نووسراوە و بەرهەمهـێنراوە و بڵاوکراوەتەوە، کە خوێنەری سەرەکییەکەی منـداڵانـن). کەواتە ئەدەبی منداڵان لە جەوهەری خۆیدا، ئەدەبی کەسانی بە تەمەنە، بەڵام خوێنەرەکانى منداڵن. هەربۆیە ئەحمەد شەوقی لە دیوانى شەوقیات دەڵێت:(هەر شتێکم دەنووسی سەرەتا دەمبردە بەردەم کۆمەڵێک منداڵى سەر شەقام، گەر بەنووسینەکە خەنى بوونایە، ئەوا دەستکەوت بوو بۆ من).
بەڵام گەر  نووسەر و خوێنەرى ئەدەبی منداڵان خودى منداڵ خۆیان بن، ئەوا کاریگەریی زیاتر بەجێدەهڵێت لەسەر هزر و ئاڕاستەکردنى رەفتارى منداڵان، چونکە دەروونناسی ئەمریکى باندۆرا، لە توێژینەوەیەکى لەسەر کۆمەڵێک منداڵ گەیشتبووە ئەو ئەنجامەى کە(فیلم کارتۆن) لە بینینى راستەقینە و رووبەڕوو هەروەها لە فیلمێک زیاتر کاریگەریی لەسەر منداڵەکان بەجێدەهێڵێت، چونکە چاو لە مۆدێلەکە دەکەن و لاسایی دەکەنەوە لەبەرئەوەى فیلم کارتۆن زیاتر لە دونیاى فەنتازیی ئەوانەوە نزیکە. بۆیە کاتێک نووسەرەکە، منداڵان خۆیان بن، خەیاڵى زیاتر لە چیرۆک و نووسینەکانیان بەکاردەهێنن و زیاتر سەرنجڕاکێش دەبن.
کەسایەتیی منداڵ ئاماژەیە بۆ ئەو سیفەت و تایبەتمەندییە ناوازانەی کە رەفتار و کارلێکەکانی دیاریی دەکەن، ئەو بناغە دەروونی و کۆمەڵایەتی و مەعریفیانەیە کە منداڵ هەیەتی، لە کەسانى ترى جیادەکاتەوە. بۆیە دەکرێت بوترێت قۆناغی منداڵی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی کەسایەتی مرۆڤدا، بەو پێیەی بنەمایەکی  بنەڕەتییە و ئەو سیفەت و تایبەتمەندییانە پێکدەهێنێت، کە لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا لەگەڵیدا دەبن. لەمبارەیەوە  حامید زەهران دەڵێت: کەسایەتى بریتییە لە کۆی سیفاتە ئەقڵى و جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەکان و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە مرۆڤ لە کەسانی دیکە جیا دەکەنەوە.
بونیاتنان و دروستکردنى کەسایەتى منداڵ هەم لە ئەستۆى خێزانەکان و سیستمى پەروەردەیە کە منداڵ لە رێگەى پرۆسەى بە کۆمەڵایەتییکردنەوە وەریدەگرێت، هەم ئەرکى بنەڕەتى قوتابخانەکان و ناوەندەکانى خوێندنە. لێرەدا ئەدەبی منداڵان کارى خۆی دەکات چ لە باخچە یان ئاستەکانەى ترى خوێندن بێت، هەربۆیە پێویستە لەسەر ئەو جێگایانە، بایەخێکى زۆر بە ئەدەبی منداڵ بە هەموو ژانرەکانییەوە بدەن، چونکە باندۆرا  پێی وایە تاک دەتوانێت تەنها بە چاودێرییکردنی رەفتاری، مۆدێلێک فێری وەڵامە نوێیەکە بێت و ئەوان رەفتارگەلێک لە کەسایەتییەکانیاندا پەرەپێدەدەن کە لە رەفتارەکانی مۆدێلەکە دەچن. هەربۆیە پسپۆڕانی ئەدەبیاتی منداڵان خەریکی داڕشتنی چیرۆکی خەیاڵی و ئەفسانە بوون بۆئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێش بن، هەروەها نموونەی پێویستیان کردۆتە پاڵەوان بۆ ئەوەی منداڵ بە نائاگاییەوە لاسایی بکاتەوە و بە تەواوی ملکەچی بۆ بکات.

بونیاتنانى کەسیەتى و رۆڵى ئەدەبی منداڵان
 کەسایەتیى مرۆڤ لە چەندین لایەن پێکدێت کە هەریەکە لە لایەنى(مەعریفی، هەڵچوونى، زمانەوانى، جەستەیی و کۆمەڵایەتى دەگرێتەوە)، لەم سۆنگەیەوە تەماشا بکەین، دەبینین ئەدەبی منداڵان چ بە ژانرە ئەدەبییەکانى یان لە رێگەى گۆڤار و بڵاوکراوەى منداڵان و چیرۆکەکانەوە بێت، ئەوا کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەسایەتى و پێکهاتەکانى.
1 - لایەنى ئەقڵى و مەعریفی: جان پیاجە دەڵێت: ئامانجی سەرەکی پەروەردە دروستکردنی پیاوانێکە کە توانای ئەنجامدانی کاری نوێیان هەبێت، نەک تەنها دووبارەکردنەوەی ئەوەی کە نەوەکانی پێشوو کردوویانە، ئەو پیاوانەی هەم داهێنەرن و هەم تواناى دۆزینەوەى شتى نوێیان هەیە، بەمشێوەیە منداڵ ئامادە دەبێت بۆ ئەم بەرپرسیارێتییە. هەربۆیە ئەدەبی منداڵان یارمەتى منداڵ دەدات لە رووى مەعریفییەوە گەشە بکات و پەرە بە تواناکانى منداڵ بۆ(حب الاستطلاع) و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوە بدات و  یارمەتى بدات لە پرۆسەى لەبەرکردن و بیرهێنانەوە، خەیاڵکردن، راڤەکردن و تێگەیشتن. لەسەروو ئەمانەشەوە منداڵ رادەهێنێت، بە بیرکردنەوەى رەخنەیی و شێوازی لۆژیکی بیرکردنەوە.
2 - لە رووى زمانەوانییەوە: ئەدەبی منداڵان رۆڵى هەیە لە پەرەپێدانی توانای گوێگرتن و قسەکردن و خوێندنەوە، وشەسازیی و رستەسازى. لە هەمووى گرنگتر خوێندنەوە بە کەلتور دەکات و منداڵەکان بە جوانییەکانى زمان ئاشنا دەکات. 
3 - لە رووى کۆمەڵایەتییەوە: منداڵ ئاشنا دەکات بە کەلتور و نەریت و پرسە باوەکانى کۆمەڵگە و یارمەتیدەرە بۆئەوەى منداڵ تێکەڵی کۆمەڵگە ببێت و لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگا بگونجێت. هەروەها منداڵان پەیوەست دەکات بە بە کەلەپوری میللی و شارستانییەکانی نەتەوەکەیەوە لە رێگەی ئەو دەقانەوە کە باس لەو بابەتانە دەکەن، کە لە سەردەمی جیاوازدا لە مێژوودا روویانداوە.
4 - لە رووى هەڵچوونى و سۆزدارییەوە: ئەدەبی منداڵان رۆڵى هەیە لە چێژوەرگرتن و کات بەسەربردن و دڵخۆشی، هەروەها بۆ ئاراستەکردن بەرەو خۆشەویستی.
5 - ئامانجە تەندروستی و جەستەییەکان: گرنگیدان بە وەرزش و چالاکى جەستەیی و پاکوخاوێنى و تەندروستى باش فێرى منداڵان دەکات.

وتارەکانی نوسەر