مامەڵەکردنی سیاسیی ژیرانە لەگەڵ پێشهاتەکان

بەسوود وەرگرتن لە سیاسەتی مام جەلال

09:46 - 2024-12-22
هیوا محەمەد
29 خوێندراوەتەوە

پێکهێنانی حکومەتی نوێ
ئێمە چووینە هەڵبژاردنەوە، شەڕی بانگەشەمان کرد و پێشبڕکێکە کۆتایی هات، ئەو گرژییەی لەکاتی بانگەشەدا هەبوو نەما، چونکە هەموان تەسلیمی واقیعێک دەبین کە پاراستنی ئەم هەرێمە و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیە.
پێش هەر دەستێکی دەرەکی و لایەنێکی دیکەی عیراقی، پێویستە لایەنە براوەکان خۆمان بچینە دەوری مێزی گفتوگۆ و لەپێناوی تێپەڕاندنی دۆخە ئاڵۆز و ناهەموارەکە، مل بۆ خوستەکانی یەکتر بدەین و حکومەتێکی دوور لە تاکڕەویی پێکبهێنین و هەرچی زووتر بکەوینە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکمان داوە کە زۆرینەیان لە کارە خزمەتگوزارییەکاندان نەک بەڵێنێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیی.  
خێراکردن و گوێنەدانە مەرجە دەرەکییەکان گرنگە، چونکە نابێت ئەوەی لە سوریا روویداوە بە هەند وەرنەگیرێت و وەک مەترسییەک بۆ سەر هەرێم و کورد بەگشتی سەیر نەکرێت.

تێڕوانینمان بۆ دۆخی سوریا
ئەگەر ئێمە تێروانینمان بۆ دۆخی سوریا و دۆزی کورد لە هەرێمەوە لەسەر ئاستی حکومەت بێت و بەرەسمی هەڵوێستمان رابگەیەنین، ئەوا دەبێت رەنگدانەوەیەکی یەکهەڵوێستیی سەرجەم لایەنە کوردییەکان هەبێت، تەنانەت ئەو لایەنانەش کە پیرۆزباییان لە ئەحمەد شەرع کرد لە کوردستانەوە، لە هەوڵی ئەوەدا بن کە حکومەتە نوێیەکە، دەستی هاوکاری و پێکەوەکارکردن بۆ رۆژئاوا درێژ بکات، نەک لەگەڵ پەلکێشی سوپای تورک بن بۆسەر کۆبانێ و منبج و هەموو ئەو شوێنانەی دەکەونە خۆرئاوای رووباری فوراتەوە.
بە واتایەکی تر گوشار و خاترەکانمان لەسەر سوریا و دۆستەکانمان لە ناوچەکە، بۆ ئەوە بێت نەهێڵین تورکیا ئەو دەستە چەکدارانە بەکار بهێنێت لە دژی کورد بۆ تێکدانی ئەو قەوارەیەی دایان مەزراندووە، هەرچەندە ئەمریکا لەوێ هەیە و هۆشداریشیان داوە بە تورکیا کە بیر لە پەڕینەوە بۆ خۆرهەڵاتی فورات نەکاتەوە( بەڵام ئەوان جێگەی متمانەی تەواو نین).
ئێمە دەبێت هەڵوێستی جددی و کوردانەمان هەبێت لە داکۆکیکردن لە رۆژئاوا، باشترە بەیاننامەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لەمبارەوە دەربچێت و کەس سڵ لەوە نەکاتەوە کە نەتوانێت راشکاوانە دژی هێڕشکردنە سەریان بێت، نەک لەبری ئەمە هەڵوێستەکانمان پێچەوانەی یەک بن و دەستمان هەبێت لە تێکردنی درزی گەورە لە نێوانیان، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش هەسەدە و پەیەدە ناسراون و نوێنەری راستەقینەی رۆژئاوان.

پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکان
بریا نەچووینایەتە پێشبڕکێی خۆبردنەپێشەوەی تاکڕەوانە و وەک دوو حزبی سەرەکیی هەرێم پەیوەندییە دەرەکییەکانمان گرێبدایە پێکەوە و لەیەک روانگەوە بمانبەستایە، ئەویش پاراستنیی بەرژەوەندییەکانی هەرێم بوایە، دەکرا پ.د.ک رۆڵی باشیان بگێڕایە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی ی.ن.ک و تورکیا کە بە ناهەق و تۆمەتی هەڵبەستراوی بێبنەما لەسەر پێدانی زانیاریی هەڵە، ماوەیەکی درێژە لە خراپیدایە.
لەبری ئەمە ناکرێت پارتی بۆ خۆبردنە پێشەوە بیر لە کەرت بوونی ناوماڵی کورد لەم هەرێمە بکاتەوە، لەکاتێکدا باش دەزانێت هەرێم و حکومەتەکەی بێ ئەم دوو حزبە بەڕێوەناچێت ئەگەر یەکێکیشیان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بهێنێت، ئەمە جوگرافیای سیاسیی هەرێم دیاریکردووە و واقیعی حاڵمانە.

تورکیا براوەیە؟
بردنەوەی سەربازیی، بردنەوەی سیاسییشە، ئەوەی بۆ تورکیا مەیسەر بوو لە سوریادا، درێژەی لاوازبوونی بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵا بوو لەدوای دەستپێکی جەنگی غەززەوە، ئێستا بە خۆشحاڵیی ئیسرائیل و ئەمریکا و خۆرئاوا بە گشتی، ئەو قەڵایەیەی کە زیاتر لە پەنجا ساڵە ئیسرائیل بە دوژمنی هاوسنووری خۆی دەزانی، لەناوچوو، لەگەڵیشیدا هێزی عەلەوییەکان( شیعەکان) کۆتاییهات و لەبری ئەوە سوننەکان لە رێگەی هەیئەی تەحریری شام و هاوپشتی و پاڵپشتیی تورکیا دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، کەوابوو تورکیا براوەی یەکەمە، ئێران وەک پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی، ئەگەرچی دۆست و هاوپەیمانی ئەسەد بوو، بەڵام دەڵێن کە ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێێە بپارێزن، روسیاش یەکەم وڵات بوو کە رێگەی دا لەسەر سەفارەتی سوریا لە مۆسکۆ، ئاڵای نوێی سوریا هەڵبکرێت، واتا تەسلیمی واقیعەکە بوون.

یەکێتی چی بکات؟
پەیوەندیی ی.ن.ک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەست نەبووە بە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەوە، یان دۆخی رابردوو و ئێستای سوریاوە، بەڵکو لە سەردەمی دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامی و دوای نەمانی شاوە دەستی پێکردووە لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال کاتێک سەردانی رابەری شۆڕش ئیمام خومەینی کرد لەتاران.
پەیوەندییەکە لەسەر رەچاوکردنی واقیع بنیات نراوە، ئەویش بەوەی ئەم حزبە درێژترین سنووری دەسەڵاتی بە ئێرانەوە هەیە و کاتی شۆڕشیش هەروا بووە، لەمەش بترازێت، ئەو وڵاتە زۆرترین هاوکاریی پێشکەشی نەک هەر ی.ن.ک بەڵکو پ.د.ک یش کردووە و حزبەکانی دیکەش، بەو پێیەی کە ساڵانێکی سەرەتای تەمەنی شۆڕشی ئیسلامیی  ئێران، کەوتە جەنگێکی سەختەوە لەگەڵ رژێمی بەعسی ئەوکات. ناکرێت بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووە و ئەو جوگرافیا سیاسییە، پێمان وابێت کە بە نەمانی ئەسەد، ئیتر ئێرانیش پێگەی لاواز دەبێت، بە پێچەوانەوە ئێران تا ئێستاش وڵاتێکە لە رووی زۆرێک ئاستەنگەکاندا کە بۆی دروستراوە خۆی راگرتووە.
سیاسەتی مام جەلال بۆ ئەم دۆخە، درێژکردنی دەستی ئاشتییە بۆ هەر حکومەتێکی ناوچەکە، سەر بە هەر نەتەوە و مەزهەبێک بێت، ئەگەر بزانین لەوێوە رۆشناییەک بۆ کورد بەدیدەکەین، دەکرێت ی.ن.ک لەگەڵ تورکیاش باشترین پەیوەندیی هەبێت، بەمەرجێک ئەوان لەوە تێبگەن کە ئەم حزبە و لەم دەڤەرە داڵدەدەری ئەوانە نییە کە ئەوان بە تیرۆریستیان ناودەبەن، ئەمەش بۆتە واقیع و چەسپاوە، ئەگەر یەکێتی دەسەڵاتی ئەوەی هەبوایە نەهێڵێت لە سنووری خۆیدا پەکەکە هەبن، ئەوا دەکرێت پارتی زیاتر ئەو دەسەڵاتەی هەبوایە، بەو پێیەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ و پلە هەستیارەکانی دیکەشی لا بووە و سنووریشی بە تورکیاوە هەیە. 
پاراستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، بناغەی باشتر بنیاتنان و پاراستنی هەرێمی کوردستانە و لەوێشەوە بڕوانین بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، ئەمە سیاستە حەکیمانەکەی سەرۆک مام جەلال بوو، پێویستە بەردەوام پیادەی بکەین.

وتارەکانی نوسەر