وردتر

فەوزای میدیای نوێ لە كوردستاندا

09:32 - 2022-06-07
لەشکر حەمە ساڵح
803 خوێندراوەتەوە

خەڵكی كوردستان گیرۆدەن بە دەست پەیج و ئەكاونت و وێبسایت و چەناڵە خراپ و ئاژاوەچی و بێ ئاستەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەكان، یان ئەوەی پێی دەوترێت میدیای نوێ.
ئەم بارودۆخە یان ئەم دیاردەیە تایبەت نییە بە كوردستان، بەڵكو، دیاردەكە جیهانییە، خەریكە تایبەتمەندی و ژیانی كەسیی كەسەكان، كاروبارە گشتییەكان، داب و نەریت و رێزگرتن لەوانی تر، تۆمەتبەخشینەوە و تۆمەتهەڵبەستن و خۆكوشتن و هەواڵی ساختە دەبنە شتی ئاسایی لە كاتێكدا ئەوانە دیاردە و پێشهاتی زۆر مەترسیدارن.
راستە ئەم دیاردەیە جیهانییە، بەڵام بە داخەوە لێرە لە كوردستان بەراورد بە هەموو شوێنێكی تری ئەم جیهانە پان و بەرینە، مەسەلەكە زیاتر و فراوانترە.. هەروەك مەترسیدارتر تریشە. زۆرجار بۆ تیرۆری كەسی سەردەكێشێت، بە تایبەتی تیرۆركردنی كەسایەتی و ناوبانگی كۆمەڵایەتی.
لە راستیدا ئەو پەیج و ئەكاونتانە، دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن بەبێ ئەوەی شارەزاییان لەسەری هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ لێكدانەوەیەكیان هەبێت و درك بە مەترسی لێكەوتە و كاریگەرییەكانی بكەن. 
ئەو كەسانەشی پاساو بۆ ئەم بابەتە مەترسیدارە بەئازادیی كاری رۆژنامەوانی و دەربڕینی بیروڕا دەهێننەوە، پێدەچێت هەر بەقەد ئەو پەیجچیانە سەریان لە مەسەلەكە دەربچێت؛ چۆن مرۆڤ دەتوانێت وا بەئاسانی حوكم لەسەر بابەتە ئاڵۆز و قورسەكان بدات؟ كێ باجی هەواڵی ساختە و هەڵبەستراو دەدات؟ 
ئەو پەیجچیانە نەك لاپتۆپێك، بگرە زۆربەیان لە رێگەی مۆبایلێكەوە ئەوەی بەخەیاڵیاندا دێت وەك ژەهر لە بەشێكی زۆر و فراوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سەكۆكانی میدیای نوێدا پەخش دەكەن. نە كەس لێیان دەپرسێتەوە نە هیچ لایەنێك دەتوانێت سنووریان بۆ دابنێت! 
مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێكانی پەیوەست بەژەهر و تۆمەت و هەڵبەستنەكان لە دادگاكانی كوردستاندا هەر لە چوارچێوەی بەكارهێنانی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییە. لە كاتێكدا ئەو یاسایە هی سەردەمێكە كە مۆبایل تازە هاتبووە كۆمەڵگەوە و بۆ ئەوە بوو كەس بەمۆبایل ئەوانی تر بێزار نەكات، نەك لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستكاریی وێنە كەسییەكان بكات و هەر لە خۆیەوە هەواڵی مردنی ئەم و ئەو و شكاندنی كەسایەتی خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگە بڵاوبكاتەوە.
ئەم دیاردەیە ساڵانێكە لە كوردستاندا لە پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی بەردەوامدایە، بەتەواوەتی كۆنترۆڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سەكۆكانی میدیای نوێی كردووە، دامەزراوە و دەزگا و رۆژنامە و تەلەفزیۆنە سەنگین و خاوەن بەرپرسیارێتییەكان لە پاشەكشەی بەردەوامدان، بۆیە دوور نییە دۆخەكە لەمە خراپتر و مەترسیدارتری بەسەر بێت!
ساڵانێكە لە ناوەندی ئەكادیمی و ئەهلی بواری میدیادا باس لە مەسەلەی پەروەردەی میدیایی دەكرێت وەك ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا كاری لەسەر دەكرێت، تەنانەت هەندێك وڵات ئەو مەسەلەیەی كردۆتە پرۆگرامی خوێندنی قۆناغە جیاجیاكانەوە. ئەو وانەیە، دەشێت لانیكەمی هەنگاوێكی عەمەلی بێت بۆ ئەوەی خەڵك لە مەسەلەكە وریا بێتەوە.. هەست بەمەترسی و هەڕەشەكان بكات لەسەر پەروەردە و گەشەكردن و ئاراستەی گشتی كۆمەڵگە.

وتارەکانی نوسەر