چاوەڕوانی پەسەندکردن و جێبەجێکردنین

09:35 - 2022-06-07
جەمال ئارێز
567 خوێندراوەتەوە

شەش مانگ کاری بە کاوەخۆ و هێمن و سەدان سەعات گفتوگۆ و وۆرکشۆپ و پوختکردنەوەی گەڵاڵەنامە و پێشنیازی کادران و ئەندامان و دۆستانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە هەموو مەکتەب و مەڵبەند و کایە جیاوازەکاندا، 14 راپۆرتی لە 14 سێکتەری جیاجیای ژیانی حزبی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕیی لێ هاتە بەرهەم، کە لە دواڕۆژی دیداردا رادەستی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کرا بەو پێیەی کە ئەو لەلایەک لەڕووی حزبییەکەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشیاری سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال-ە و سەرپەرشتیاری گشتیی دیدارەکەش بوو، لەلایەکی دیکەشەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە، واتە سەرۆکی تیمی یەکێتییە لە کایە حکومی و کارگێڕییەکەدا.
لێرەوە ئیتر کاری کادران و ئەندامان و دۆستان و بنکەی جەماوەریی یەکێتی لەڕووە تیۆرییەکەیەوە تەواو بوو، بەرنامەیەکی موتەکامیل و ئامادەکراو خراوەتە بەردەستی سەرۆک و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی ی.ن.ک بۆ دوا پێداچوونەوە و پەسەندکردن و پراکتیزەکردنی بەگوێرەی پێشنیازەکانی هەڤاڵان کە دابەشکراوە بەسەر هەنووکەیی و نزیکمەودا و دوورمەودادا.
یەکێک لەو خاڵانەی کە مایەی گەشبینییە ئەوەیە کە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دیدارەکەدا ئاماژەی پێدا کاتێک وتی: "زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە ئەو هەموو کادرە زیرەک و بەتوانایەمان هەیە" کەواتە ئەوەش بۆخۆی بەرپرسیارێتییەکی تر دەخاتە ئەستۆی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کە لەکاتی گفتوگۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ پەسەندکردنی دیدگا و پێشنیازە پەسەندکراوەکانی دیدارە فەرعی و سەرەکییەکان، ببێتە بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەو گەڵاڵەنامە 14 بەشییە.
خاڵێکی تر کە مایەی گەشبینییە ئەوەیە لە هەموو دیدارەکانی سنوورە جیاجیاکان و سێکتەرە جیاوازەکان و دیداری گشتیشدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە گوێرەی سنووری چالاکییان و پسپۆڕیی مەکتەب و سێکتەرەکانیان بەشداربوون، ئەوەش بۆخۆی تاڕادەیەک گەرەنتیی زیاتری پەسەندکردنی راپۆرتەکان دەکات لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا. 

ئەرکی هەڤاڵان و کادران لێرەدا تەواو نەبووە، بەڵکو چەند ئەرکی سەرەکی رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەوانە هاوکاریی و پشتیوانی سەرۆک و سەرکردایەتی لە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو بڕگە و خاڵانەی کە پەسەند دەکرێن و دەبنە بڕیار

ئەرکی هەڤاڵان و کادران لێرەدا تەواو نەبووە، بەڵکو چەند ئەرکی سەرەکی رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەوانە هاوکاریی و پشتیوانی سەرۆک و سەرکردایەتی لە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو بڕگە و خاڵانەی کە پەسەند دەکرێن و دەبنە بڕیار، هەم ئەگەر بەڕاستی مەبەستمان پێشخستن و راستکردنەوەی رێڕەوی کاری حزبە لە ژیانی ناوخۆیی حزب و دەرەوەش وەک دامەزراوە کارگێڕییەکان بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیی شەخسی و خزم و خوێش پاڵپشت بین لە چاکسازیی و نوێبوونەوەدا، چونکە ئەوە پێی ناوترێت چاکسازیی کە ئێمە تا ئەو شوێنە پشتیوانیی بکەین کە بەرژەوەندییە شەخسییەکانمان بیخوازێت، لەبەرئەوەی ئەوەی ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەیە کە لە چەند ساڵی رابردوودا رێگری سەرەکی بووە لە چاکسازیی و نوێبوونەوە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نا کە وەک کادران و ئەندامانی یەکێتی بێدەنگ بین لە مافی خۆمان، چونکە ئەوەش هەر کەموکووڕییە و ئەگەر نەتوانین بەرگریی لە مافی خۆمان بکەین، ناتوانین بەرگریی لە مافی گشتیی حزب لە کایەی سیاسی و مافی هاووڵاتیانیش لە کایەی بەڕێوەبردندا بکەین.

وتارەکانی نوسەر