فلاش فیکشن

10:11 - 2022-06-07
محەمەد كەریم
392 خوێندراوەتەوە

66 

زیكزیكە

چەند رۆژێكە ژنەكەت تەڵاقداوە، مناڵەكانیشت بردووەتە ماڵی باوكت. دەتەوێت هەرچۆنێك بێت بیرێك لە خۆت بكەیتەوە، بزانیت چ قوڕێكت كردووە بەسەری خۆتدا؟ ئاخر ژن تەڵاقدان هەروا ئاسان نییە، پیاوی خۆی دەوێت، تەنیا ئەوە نییە، لەناكاو كەر بیت و بڕیار بدەیت. دەبێت بەرگەی ئەنجامەكەشی بگریت. 
بەم نیوەشەوە كارەباش نییە، ماڵەكەت بێدەنگ و سەنگ دەڵێی ئەشكەوتە. لەپڕ زیكزیكەیەك دەیكات بە هەرا و مێشكت تێكدەدات، ئیتر نایەڵێت تەركیز لەسەر هیچ بكەیت. لە شوێنی خۆت گوێ هەڵدەخەیت بەڵكو ئاراستەی زیكەزیكەكە بدۆزیتەوە، ئەوسا خۆت دەزانیت چی لێدەكەیت. ماوەیەك بەو شێوەیە دەبیت بە پەیكەر، هیچ شین ناكەیت. ئاخری شتێكت بۆ دەردەكەوێت. هەڵدەسیت و هێدی هێدی وەك ئەوەی پشیلە بیت و بتەوێت مشكێكی زیتەڵ راو بكەیت، بەرەو لای دەنگەكە دەڕۆیت. نزیك دەكەویتەوە، بێدەنگ دەبێت. ئەوەندەی تر مێشكت جەنجاڵ دەكات. مناڵێك چۆن پەڕی تەوقی سەری چۆلەكەیەك دەگرێت و دەیخولێنێتەوە، لەبەر خۆیەوە دەڵێت: «چۆلەكە سەمام بۆ بكە بەرتدەدەم». زیكزیكە فەنی ئاوا لە تۆ دەكات. جووڵە لە خۆت دەبڕیت و گوێ قوڵاغ دەبیت، دەستپێدەكاتەوە، چراكەی دەستت بەرزدەكەیتەوە دیار نییە. لەپڕ كارەبا دێتەوە، وەها دەگەشێیتەوە ژنەكەت بیردەچێتەوە. ئەو لە ئاواز خوێندنی خۆی بەردەوامە. دەیدۆزیتەوە، تۆمەس چۆتە ژێر بۆشایی دەرگا ئاسنەكەوە. لەبەر خۆتەوە دەڵێیت: «بە قوربانت دەبم، بزانە ئێستا چۆن دەتكەم بە بووك!» دەچیت رۆژنامەیەك دێنیت، لەبەردەم بۆشایی ژێر دەرگاكەدا چەرخێكی لێدەدەیت، دەیكوژێنیتەوە و دەیخەیتە ژێر دەرگاكەوە، بە دووكەڵ قانگی دەدەیت، هەراسان دەبێت و دێتە دەرەوە. هێندەی ناوكە خورمایەك دەبێت كەچی ماڵێك هەراسان دەكات. یەك تاكە نەعل دەكێشیت بە پشتیدا، لە جووڵە دەكەوێت، بەوەشەوە ناوەستیت، دەیخەیتە سەر رۆژنامەكە و چەرخێك لێدەدەیتەوە. قرچ قرچ دەسووتێت.
دوو ساڵ دوای ئەوە، كاتێك دەچیت بۆ دەوام، كابرای پرسگە پێت دەڵێت: «تۆ لێرە دەركراویت، فەرمانم پێكراوە، نەیەڵم بچیتە ژوورەوە.» وەك ئەوەی فیكەی خۆت بناسیتەوە، هیچ ناڵێیت، پاشەوپاش دەگەڕێیتەوە، گێژگێژ شەقامەكە دەگریتەبەر. تۆمەس خۆشت بوویتەتە زیكزیكە، ساڵێكە هەر رەخنە دەگریت و لە هیچ رازی نیت، بەس نییە ناتسووتێنن.

وتارەکانی نوسەر