كەمئاوی و كێشە ژینگەییەكان

10:37 - 2022-06-07
ئیدریس جەبار
291 خوێندراوەتەوە

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كاریگەریی نەرێنی گەورەیان لەسەر ژینگەی عیراق دروستكردووە، ئەمەش زیانی گەورەی بە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری لە وڵاتدا گەیاندووە، بەبێ‌ ئەوەی پلانێكی راستەقینە بۆ بەرگرتن، یان كەمكردنەوەی ئەو زیانانە دابنرێت. 
ژینگەی عیراق لەمڕۆدا بەدەست  كێشەی كەمئاوی و فراوانبوونی رووبەری بەبیابانبوونەوە دەناڵێنێت ، ئەمانەش بونەتە مایەی كەمبوونەوەی رووبەرە چێنراوەكان و كەرتی كشتوكاڵیان گەیاندۆتە ئاستێكی نەخوازراو، لەكاتێكدا دەبوو وڵات لە ئاستی هاوردەكردنەوە بگاتە ئاستی خۆژییەنی و پشت بە بەروبومەكانی ناوخۆ ببەستێت. 
ژینگەی عیراق لەگەڵ ئەوەی كەوتۆتە ژێركاریگەریی گۆڕانكارییە سروشتییەكان، وڵاتانی دراوسێش دەستیان لەم گۆڕانكارییانەدا هەیە، لەڕێی دروستكردنی بەنداوی زیاتر و گۆڕینی رێڕەوی زێ‌ و روبارەكان، بەبێ‌ گوێدانە رێككەوتن و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان، مافی عیراقییان پێشێلكردووە و پشكی عیراقیان لە ئاوی ئەو رووبارانە زەوت دەكەن. 
توركیا بەوپێیەی هەردوو وباری دیجلە و فوراتی تێدا هەڵدەقوڵێت، سەروەری خاكی عیراق پێشێل كردووە، لەڕێی دروستكردنی بەنداوی ئاو لەنێو خاكی خۆی، بەمەش بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان و مافی وڵاتە هاوكەنارەكانی پێش كردووە، ئەو كارەی توركیا سەرپێچی رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە دابەشكردنی پشكی ئاوە لەنێوان هەردوو وڵات. 
توركیا بە بۆچوونی شارەزایان، دەستی بەسەر سامانی ئاوی عیراقدا گرتووە و بیانووشی بۆ ئەم كارە، بەكارنەهێنانی شێوازیی شیاوی ئاوە لەلایەن عیراقەوە. 
نەبوونی شێوازیی ئاودان و ئاودێری هاوچەرخ لە وڵاتدا، كێشەیەكی تری كەرتی كشتوكاڵە لە عیراق كە لە سایەیدا دەكرا بەر بە هەدەردانی سامانی ئاو بگرێت و سودی زیاتر لەو ئاوەی بەردەستە وەربگیرێت، وێڕای نەبوونی  عەمبار و بەنداوی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و لافاوەكان لە وەرزی بارانبارین. 
حكومەتی عیراق بەو هۆیەی، چارەسەری دۆسێی ئاوی نەكردووە و تەكنیكی هاوچەرخ و نوێی فەراهەم نەكردووە بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاوی، كاری بۆ دروستكردنی بەنداوی هاوچەرخیش نەكردووە كە لێوەی بتوانرێت بڕێكی زۆری ئاو بۆ وەرزی هاوین عەمباربكرێت. 
لەگەڵ ئەوەی ئاو پەیوەندی بە هەمەجۆری زیندەوەران و بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەكانەوە هەیە،زیاتر لە 50%ی عیراقییەكان بە كشتوكاڵكردن دەژین، بۆیە بەپێویست دەزانرێت، ئاو بكرێتە دەستپێكی كارەكانی حكومەتی داهاتوو، بەو پێیەی  مەترسییەكانی هیچی وایان لە تیرۆر كەمتر نییە.

وتارەکانی نوسەر