لە ژیانی رۆژانەدا بەهۆی کارلێکی کۆمەڵایەتیی نێوان تاکەکان، دەکرێت بینەری چەندین جۆری توندوتیژیی فیزیکی ببین لە کۆمەڵگەدا، رەنگە ئەمەش بەهۆی جێکەوتەی ئەو هێز و ئامراز و کەرەستە و تەنانەوە بێت، کە لایەنە بەگژیەکداچوو و پێکهەڵپرژاوەکان بەکاری دێنن بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان یاخود بۆ زاڵبوون و پیشاندانی باڵادەستیی بەسەر لایەنی بەرامبەردا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە لەپاڵ ئەم جۆرەی توندوتیژی فیزیکییدا بە هەموو شێوازەکانییەوە، جۆرێکی تر لە توندوتیژیی بە درێژایی مێژوو ئامادەیی هەیە کە بە «توندوتیژیی هێمایی» ناودەبرێت بە پێچەوانەی جۆری یەکەمەوە هیچ جۆرە بەرکەوتنێکی جەستەیی و بینراو و فیزیکی تێدا بەدیناکرێت، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندییە ئاڵۆز و شاراوەکانییەوە جێکەوتەکانی لە ژیانی تاکەکاندا هەست پێدەکرێت.
مەترسییەکانی زیاترە
دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین لە پەیوەندییدا بە پرسی ژن زۆرجار «توندوتیژیی هێمایی» مەترسییەکانی لە توندوتیژیی فیزیکی زیاترن، چونکە بەدرێژایی مێژوو لە پاڵ توندوتیژیی فیزیکیدا ئەم جۆرەش لە توندوتیژیی لە شێوەی «دەربڕین و هێما و کۆد و مامەڵەکانی سنووردارکردن و لە قاڵبدان» دەرکەوتووە و ئاراستەی بیر و تێگەیشتنی تاکەکان کراوە. ئەم جۆرەی «توندوتیژیی» لە چەمکە سۆسیۆلۆجییە هاوچەرخەکانە، کە کۆمەڵناسی فەرەنسی پیر بۆردیۆ(1930-2002) بەوردیی کاری لەسەرکردووە و لە تێگەیشتنەکانیدا دەردەکەوێت «توندوتیژیی هێمایی» بەگشتی پەیوەستە بە چەمکی دەسەڵات و هەژموون و کایەی کۆمەڵایەتییەوە، کە دەوڵەت لە رێگەی دامەزراوە فەرمیی و یاساییەکانییەوە( راگەیاندن، ئاینیی، پەروەردە، هونەر و ..هتد) کار لەسەر دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەکات لە کۆمەڵگەدا، ئەم پرۆسەیە لە ئێستای بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەکاندا بە ئاگایی بێت یان بێ ئاگایی بەردەوامیی هەیە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر دەکرێ سوود لە تێڕوانینەکانی بۆردیۆ لە پرسی «هەژموونی نێرسالارییدا» ببین لە پەیوەندییدا بە «توندوتیژیی هێمایی» کە چۆن ئەم هەژموونەی وەک خەسڵەتێکی سروشتیی گەردوونیی لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بەدەرکەوتووە، دواتریش فۆرمێکی مێژوویی و کەلتوریی و کۆمەڵایەتیی وەرگرتووە. بە واتایەکی تر هەژموونی نێرسالاریی وابەستەی قۆناغەکانی مێژوو و کەلتوری کۆمەڵگە و تایبەتمەندییە فیسیۆلۆژییەکانە، کە لە لێکۆڵینەوەی ئەتنۆگرافی وەرگیراوە، لە ئەنجامدا فۆرمێکی تایبەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی دروستبووە، وەک واقیع لێی دەڕوانرێت، کاریگەریی لەسەر خەیاڵدان و بیرکردنەوەی تاکەکان دروستکردووە، واتە سەرەڕای خەسڵەتی سروشتیی گەردوونیی ئەم هەژموونە، کۆمەڵگە بەو رەهەندە جیاوازانەوە «نێر و مێ» بەرهەمدێنێت و جیاوازیی رەگەزیی بەدەردەکەوێت، هەر رەگەزە لە ژێر کاریگەریی هۆکارە مێژوویی و کەلتوریی و کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەی بیرکردنەوە و رەفتاری بۆ دروست دەبێت، ئەرک و پیشەکانیش تایبەتمەندیی رەگەزیی وەرگرتووە، وەک لە خستنەڕووەکانی بۆردیۆ-دا دەرکەوتووە، پیاو هەمیشە ئاڕاستەی بیرکردنەوەی روو لە رۆڵ و ئەرکە بە بەها و باڵا و قورسەکانە، کە تایبەتمەندیی باڵادەستیشی تێدایە و ئەرکە سوک و ئاسانەکان بۆ ژن بەجێدەهێڵن، تەنانەت ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە، رەنگدانەوەی لەسەر هەست و نەستی هەردوو رەگەزدا دروستکردووە و جۆرێک لە هاوئاهەنگی لێدەکەوێتەوە، کە بۆردیۆ بە هاوئاهەنگییەكى ناچاریى دەیبینێت، بەڵام لەو پرۆسەیەدا خود ( الذات ) رەتیدەكاتەوە ملكەچیی بۆ دەسەڵاتێک لە دەرەوەى خۆى بکات و بیەوێت هەموو تایبەتمەندییەکانى لێ وەربگیرێتەوە، بەمەش توندوتیژیى هێمایی روودەدات لە رێگەى بەكارهێنانى هێزى هێماوە، لەكۆتاییدا پەیوەندیی نێوان ئەوەى باوە و ئەوەى كەوتووەتە ژێر كاریگەریى باو بریتییە: لە پەیوەندیی هەژمووندار و هەژموون لەسەركراو، هەژمووندار ئەو كەسەیە خاوەن سەرمایەیەكى هێماییە، كە تایبەتمەندى ئەو كایە كۆمەڵایەتییەى دەكات و تێیدا پراكتیزەى توندوتیژیی هێمایی دەكات، بەڵام هەژموون لەسەركراو ئەو كەسانەن خاوەنى بڕى پێویست لە سەرمایەى هێمایی نین، تا بە باشیی بتوانن بوون و تایبەتمەندیی خۆیان بسەپێنن. لەم دۆخەدا بژاردەی کەمیان لە پێشدایە، بۆئەوەی بە ئاگایی بێت یان نائاگایانە کەلتوری باو وەربگرن.
*مامۆستا لە بەشی کۆمەڵناسیی/ زانکۆی سلێمانی