لەشەقامی شەست مەتری هەولێر ئاگر لە دوکانێکی جوانکاری ئۆتۆمبێل کەوتەوە و چەند دوکانێکی دیکەش زیانی پێکەوتووە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەش ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش باسی لەوەکرد، دوکانەکەش چونکە کەلوپەلی جوانکاری ئۆتۆمبێلی تێدا بووە، بەئاسانی گڕی گرتووە و دوکانەکە بەتەواوی سوتاوە.
باسی لەوەشکرد، دوکانەکانی دیکە دوکەڵی ئاگرەکە چووەتە ناو دوکانەکەیان و زیانی پێگەیاندوون، بەڵام نەسوتاون.
وتیشی، ئەوان تیمی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن و بەتەواوی هۆکارەکەی دەستنیشان دەکەن و راپۆرتی خۆیان دەبیت لەو بارەیەوە، زیانەکانیش لەو راپۆرتەدا دەخەنە روو.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەشی خستە روو، لە رووداوەکەدا تەنها زیانی ماددی هەبووە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.