هـێزی نه‌رم

کێ دەڵێت مێژوو گرنگ نییە؟

09:49 - 2025-01-06
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
441 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 



هەندێجار دەبیستین کە مێژوو گرنگ نییە، تەنانەت هەیە قەڵس دەبێت ئەو کاتانەی کەسەکان مێژووی خۆیان و کارەکانیان دەگێڕنەوە. پێم وایە هەموومان خاوەنی چیرۆکی خۆمانین لە ژیاندا و ئەوانەی بەرلە ئێمەیش ژیاون بە هەمان شێوە بوون، بەڵام جیاوازیی نێوان گێڕانەوەکان بڕیاردەدات چی مێژووە و چیش دەرەوەی مێژوو. ئەوەی بایەخی هەیە لە سەربوردەی کەسەکاندا وەرگرتنی پەند و عیبرەتە لە ئەزموونی گێڕەرەوەکان (شاعیرەکان، کاسبکارەکانی ناو بازاڕ یان پیشەوەرە دەستڕەنگینەکان، سیاسییە سەرکەوتووەکان، ژنانی رەچەشکێن، رۆژنامەنووسە بەتواناکان، دەوڵەمەندەکان، کەسە ناودار و هونەرمەند و نووسەرە پلە یەکەکان، هەموو ئایکۆنێکی کۆمەڵگە بە تایبەتی نەتەوەیی و شارستانیی و پێشکەوتنخوازەکان) کە دێن لە ئەزموونی خۆیان دەدوێن، تازەپێگەیشتوانی ئەو بوارانە زۆر سودیان لێ دەبینن و دەتوانن خۆیان لەو سەختییانە ببوێرن کە پێشتر هاتوونەتە رێگەی ناودارەکان. خۆ ئەگەر رابردوومان ون بێت یان بێ دەنگیی لێکراوبێت دەبێت خۆمان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئامادەبکەین کە دەڵێت: «من أین لک هذا؟» واتە ئەمەت بەچی پەیداکرد؟ یان ئەمەت لە کوێ بوو؟
پرسیارەکە رەوایە و بەهێزترین پرسیاری مرۆڤە کە لەخۆی کردووە. ئەم باسە وەک دەستپێکی یادی پڕ شکۆی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، کە کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە، دەکەم بە هەنجەتی گێڕانەوەی مێژووی کارکردنم لە رۆژنامەکە و وێستگە لەیادنەکراوەکانی.
ساڵی 1993وەک پەیامنێر دەستبەکاربووم، ساڵێک دواتر لەگەڵ شیرین ک بووین بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکە، بارەگای سەرەکیی لە هەولێربوو لەبەرئەوە تا 1996 لە هەولێر لە شوقەکانی ئیسکان نزیک کۆمیتەی یەکێتی لەگەڵ خانمێک ژیام فەرمانبەری زانکۆ بوو. پاش 31 ئاب و ئاوارەبوونم لە قاسمەڕەش و کرماشان گەڕاینەوە سلێمانی و ژمارەیەکی کەمبووین کە دووبارە رۆژنامەی کوردستانی نوێمان لەسەر داوا و بە پشتیوانیی هەڤاڵ مام جەلال دەرکردەوە. سەعات دە و نیوی 1999/1/11  لە قەڵاچوالان دیدارێکم لەگەڵ مام بە بۆنەی یادی کوردستانی نوێ -وە تۆمارکرد، ئەوکاتە هێشتا ئەندامی دەستەی نووسەران بووم و رووخسەتم لە سەرنووسەر و بەرپرسی راگەیاندنیش نەخواستبوو بۆ ئەو کارەم، دەمویست سەبارەت بە تەوەریک وتووێژ لەگەڵ بەڕێزیدا بکەم کە لە هیچ دیدارێکدا ئەو پرسیارانەی لێ نەکرابێت، گرنگترینیان پرسیار بوو سەبارەت بە ژیانی رۆژنامەنووسیی مام جەلال. رۆژی پێشتر لە رێی سکرتارییەتی هەڤاڵ مام جەلالەوە داوام کرد قسەی لەگەڵ بکەم و راستەوخۆ داوای دیداری رۆژنامەوانیم لێ کرد، لەوەڵامدا فەرمووی سبەینێ بەیانی وەرە (هاروهاج)، لە کۆبوونەوەکانیشدا بەو ناوە بانگی دەکردم، ئینجا دیدارەکەیش هەر یەکێک بوو لە هاروهاجییەکانم، کە دواتر لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و تەلەفزیۆن و رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان پەخشکرا. بێگومان موحاسەبەکرام لەسەر ئەو دیدارە، بەڵام لەبەرئەوەی سەرکەوتووانە بوو سزانەدرام، لە هەمان ژمارەی رۆژنامەکەدا دیدارێکم کردبوو لەگەڵ عادل موڕاد کە بێ ناو دابەزی و دیدارێکی دیکەیش کە بەنازناوی (گوڵەباخ) بڵاوبۆوە. ئەگەرچی چالاکبووم، بەڵام لە 2004/12/21 بە بڕیارێکی فەرمیی بووم بە سکرتێری نووسین بۆ رێپۆرتاژ و ناوخۆ و لە 2005/1/12 ناوم کەوتە سەر رۆژنامەکە.لە 2007 چوومە کوردسات و سەفەرمکرد و دابڕام، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا هەمدیسان ناوم کەوتەوە سەر رۆژنامەکە و ئەوەتا گۆشەیەکی هەفتانەتان بۆ دەنووسم.

وتارەکانی نوسەر