کوردستانی نوێ ، 33 ساڵ خزمەتی میدیایی و بەردەوامبوون

09:53 - 2025-01-07
جەمال ئارێز
62 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

بەردەوام ئەو پرسیارەی کە دەڵێ: (کێ رۆژنامە دەخوێنێتەوە؟) بەرگوێمان دەکەوێت و رۆژانەش وەڵام دەدرێتەوە، پرسیارەکە یەک پرسیارە، بەڵام وەڵامەکان زۆرن، دەشتوانین وەڵامەکە بە هەمان پرسیار بدەینەوە و بپرسین ئاخۆ بەڕاستتانە کە دەپرسن (کێ رۆژنامە دەخوێنێتەوە؟)، بۆیە بەم فاکتانەی خوارەوە دەیسەلمێنین کە دەخوێنرێتەوە یان نا!
نزیکەی 33 ساڵە کوردستانی نوێ  وەک یەکەم رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕین دەردەچێت، ئەگەرچی ئەوکاتە دۆخێک لەئارادابوو کە جگە لە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، هیچ دامەزراوەیەکی میدیایی لە کوردستانی تازە رزگارکراودا نەبوو، تەنانەت کەرەستە و پێداویستییەکانی تایپ و چاپخانەش بەهۆی نەبوونی پێشتری رۆژنامەی قەبارە گەورەوە لە کوردستاندا نەبوو، هەروەک بەهۆی گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی دوای جەنگی کەنداو لەسەر عیراق و گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی و عیراقەوە لەسەر کوردستان دەستەبەرکردنی ئەو کەرەستانەش ئاسان نەبوو، ئەوە جگە لە نەبوون یان کەمیی کادری میدیایی پیشەیی لە کوردستاندا، بەڵام بەهۆی ویستی رووناکبیرانی ئەو رۆژگارە و تینوێتی خەڵک بۆ زانینی هەواڵ و زانیاری، سەرەڕای لاوازیی لایەنی تەکنیکی و تەحریری و زانستی کاری رۆژنامەنووسیش، کوردستانی نوێ بووە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریی لەسەر ئاستەکانی ناوخۆیی و دەرەکی و لەڕووی سیاسی و فیکری و ئەدەبییشەوە، بووە مەشخەڵی رووناککردنەوەی بیری خوێندەوارانی ئەو رۆژگارە.
لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیدا، کوردستانی نوێ توانیی لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە مینبەرێک کە سەرەڕای ئەوەی حزبێکی سیاسی لەپشتییەوە بوو، بەڵام فراوانترین دەرگای لەبەردەم بیروڕای ئازاد و جیاوازدا کردەوە تا رادەیەک کە زیاتر وەک رۆژنامەیەکی نیشتمانی دەربکەوێت لەوەی رۆژنامەیەکی حزبی بێت.
ئەگەرچی قۆناغەکانی شەڕی ناوخۆ و هاتنە ئارای کەناڵی ئاسمانی و بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاتری رۆژنامە و گۆڤاری دیکە و سەرهەڵدانی دیجیتاڵ میدیا و ململانێ دەروون حزبییەکان، کەم تازۆر کاریگەرییان لەسەر رەوتی رۆژنامەکە و کەمکردنەوەی خوێنەر هەبووە لە قۆناغی جیاجیادا، بەڵام وەک چۆن ی.ن.ک سەرباری دۆخە جیاجیاکان خۆی نوێکردووەتەوە، کوردستانی نوێش وەک ئۆرگانێکی میدیایی ئەو حزبە کۆڵی نەداوە و سەرەڕای کاریگەریی دۆخەکان، بەڵام توانیوێتی بەرگەی هەموو ئەو ململانێیانە بگرێت و بەردەوامیش ساڵانە بە ستایڵی نوێوە خۆی نوێ بکاتەوە، بەجۆرێک هێشتاش بابەتەکانی کوردستانی نوێ سەرچاوەی هەواڵی زۆرێک لە رادیۆ و تەلەفزیۆن و سایتە ئەلەکترۆنییەکانە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە مام وتەنی: «لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن خەومان لێ بکەوێت»، بەڵکو دەبێت هەمیشە کوردستانی نوێ خۆی ئەبدەیت بکاتەوە و شانبەشانی گەشەی بوارە جیاجیاکانی میدیا رێبکات و لەبری ئەوەی میدیای نوێ وەک رکابەر ببینێت، دەبێت هەوڵی لێبڕاوانە بدات تا سوودی زیاتریان لێ ببینێت بۆ مارکێتینگ بۆ خۆی، وەک چۆن میدیای نوێ سوودیان لە کوردستانی نوێ بینیووە وەک خوێندنگەیەکی پێگەیاندنی میدیاکار و سەرچاوەیەکی پوختکردنەوەی زمان و مینبەرێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی راست و دروست و راپۆرت و وتاری بەپێز و کۆکردنەوەی کەسانی خاوەن قەڵەمی سەنگین، کە زۆرێک لەو خاوەن قەڵەمانەی لە کوردستانی نوێدا نووسیویانە و دەنووسن، میوانی زۆربەی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و ئێستگە رادیۆییەکان و سایتە جیاجیاکانن، ئەمەش بەڵگەیە بۆئەوەی کە بەڵێ رۆژنامە دەخوێنرێتەوە، ئەگەر رۆژنامە بێت، نەک پەڕە رەشکردنەوەی بێ ئامانج. 

وتارەکانی نوسەر