ئارام عهلی عهزیز
باخچەلی تا ئێستا دان نانێت بەوەی كە كێشەی كورد لە توركیا هەیەو پێویستی بە چارەسەركردنە، بەڵكو دەڵێت، «توركیا كێشەی تیرۆری هەیە و ئۆجالان با بێت لە بەردەم گروپی پەرلەمانتارانی دەم پارتی رێكخراوە تیرۆریستییەكەی هەڵبوەشێنێتەوە و چەكەكانیان دابنێن»، رەتیشیكردۆتەوە، كە باسی دانووستاندنی كردبێت.
دوو جار پەرلەمانتارانی دەم پارتی سەردانی ئۆجالانیان كردووە لە زینداندا ، ئەویش گوتویەتی، «پێویستە برایەتی كورد و تورك بە هێز بكرێت»، باخچەلیی و ئەردۆغانیش دەڵێن، «هەموو كوردێك، توركە و هەموو توركێكیش كوردە!»، بۆ دەربڕینی نیازپاكیش تا ئێستا چەندین سەرۆك شارەوانی هەڵبژێردراوی دەم پارتیی و كوردیان لابردوە و رووبەرووی دادگایان كردوونەتەوە و قەیومیان بۆ داناون! هەروەها بۆ لە ناوبردنی ئەوەی پێی دەڵێن، تیرۆر سوپای توركیا 40 كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و 75 بنكەی سەربازیی و بە سەدان تانك و تۆپی لە هەرێمی كوردستاندا داناوە و رۆژانە گوندەكانی دەڤەری بادینان و برادۆست و قەندیل و شارباژێر و پێنجوێن بە شیوازی جیاجیا بۆردوومان دەكات، تا ئێستاش بە سەدان هاووڵاتیی مەدەنی شەهید كردووە و ئامادەكارییش دەكەن بۆ ژیاندنەوەی ویلایەتی موسڵ لە رێگای پشتیوانیكردنی داعشەوە! وەك چۆن زەمینەسازیان كرد بۆ ژیاندنەوەی ویلایەتی حەلەب لە رێگای پشتیوانیكردنی هەیئەی تەحریری شام و رووخاندنی رژێمی ئەسەدەوە.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژانە گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای سەربە توركیا بە هەماهەنگی فڕۆكە و تۆپخانەی ئەو وڵاتە پەلاماری كوبانێ دەدەن و سایلۆی گەنم و عەمباری ئاو و ژێرخانە پێویستیەكانی ژیانی خەڵك دەكەنە ئامانج، رۆژانەش وەزیری دەرەوە و سەرۆكی میت لای جۆلانین و تەئكید لەسەر نەهێشتنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتیك دەكەنەوە و ئەردۆغانیش دەڵێت یەك لە دوان، یەپەگە: «یان چەك دادەنێت، یان بە چەكەوە لە گۆڕیان دەنێین».
ئایا ئەم سیاسەتە، ئەو بنەمایانەن كە گوزراشت لە برایەتی كورد و تورك دەكات، ئایا ئەمە سیاسەتی ئاشتیخوازانەیە؟
لە راستیدا ئەو دەنگۆیانەی كە هەیە و ئەردۆغان ناوی نەهێشتنی تیرۆری لێناوە و خەڵكانێك بە «پرۆسەی ئاشتی» ناوی دەبەن، تەنها بۆ ئیحتیواكردنی كورد و لە باربردنی ئەو دەرفەتە زێڕینەیە كە هاوسەنگیی و هاوكێشە تازەكان بۆ كوردیان هێناوەتە ئاراوە لە ناوچەكەدا، هەروەها بۆ راكێشانی دەنگی پەرلەمانتارانی دەم پارتییە بۆ تەعدیلی دەستوور و بوونەوەی ئەردۆغان بە ئەلفاتح بۆ دامەزراندنی «سوپەر توركیا» وەكو خۆیان باسی دەكەن.
باخچەلیی و ئەردۆغان، دڵنیان لەوەی گۆڕانكارییە مێژووییەكانی كە لە ناوچەكەماندا روودەدەن، توركیایان خستۆتە بەردەم دووڕیانێكی هات و نەهاتەوە، لەبەرئەوە هانا بۆ ئۆجالان دەبەن تا دەوڵەتی توركیا و كورسییەكەی ئەردۆغان رزگار بكات، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت، ژمارەی هەڵەیان لێداوە، چونكە «ئەمانەتە مێژووكردەكەی سەرشانی كورد» كە كلیلی رزگاربوون و برایەتی گەلان و بوونەوە بە ئیمپراتۆریەتە، بە دەست ئۆجالان و هیچ گروپێكی دیكەوە نییە، بەڵكو بە دەست «موختار»ەوەیەو، موفاجەئەی حەوتی ئۆكتۆبەر و «هستیریای نەتانیاهۆ» و موفاجەئەی رووخانی كتوپڕی دوازدە رۆژیی رژێمی بەشار ئەسەدیش باشترین بەڵگەن.