ئەرسەلان مەحمود
هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین ئاستەنگی ئابووری و کارگێڕیدایە کە پێویستیان بە چارەسەری زانستی و پرۆفیشناڵ هەیە
لە سۆنگەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستی ئەم دواییەی ی.ن.ک، تەنها وەک پەیامێکی ناوخۆیی نابینرێت، بەڵکو دەکرێت وەک ستراتیژێکی دوورمەودا بۆ گۆڕینی شێوازێکی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا شرۆڤە بکرێت.
هەڵوێستی ی.ن.ک، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، دوو بنەمای سەرەکی و ستراتیژی دەخەنەڕوو کە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و ئایندەی دامەزراوەیی هەرێمەوە هەیە. یەکەمیان، گرنگیدان بە سەقامگیری و کارایی حکومەت وەک پێشمەرجێک بۆ هەر هەنگاوێکی سیاسی، دووەمیان، دانانی میکانیزمی پرۆفیشناڵ بۆ هەڵبژاردنی کەسی شیاو لە پۆستە هەستیارەکان.0دا.
لەڕوانگەی ژیۆپۆلەتیکییەوە، ئەم هەڵوێستە نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێویستییەکانی قۆناغی داهاتوو، لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام لە گۆڕاندان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیستمێکی حوکمڕانیی کارا و پرۆفیشناڵ هەیە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بکات.
لە ڕووی ئابووری و تەکنۆکراتییەوە، ئەم هەڵوێستە دانپێدانانێکی راشکاوانەیە بە پێویستیی گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن لە سیستمێکی کلاسیکییەوە بۆ مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای شارەزایی و پسپۆڕی دامەزراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین ئاستەنگی ئابووری و کارگێڕیدایە کە پێویستیان بە چارەسەری زانستی و پرۆفیشناڵ هەیە.
لەڕوانگەی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە، ئەم هەڵوێست و هەنگاوە وەڵامدانەوەیەکی ستراتیژییە بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگە و داواکارییەکانی ئەمڕۆی خەڵک کە خوازیاری سیستمێکی حوکمڕانیی مۆدێرن و شەفافە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شایستەسالاری دامەزرابێت - ئەو شایستە سالارییەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پێنجەم کۆنگرەی حزبەکەدا خستییەڕوو و جەختی لێکردەوە.
سەرەڕای گرنگیی ئەم هەڵوێست و هەنگاوەی یەکێتی، بۆ سەرکەوتن و دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو بەم ئاڕاستەیەدا، پێویستی بە چەندین پێشمەرجی بنەڕەتی هەیە لەوانە: دامەزراندنی سیستمێکی شەفاف و سەربەخۆ بۆ هەڵسەنگاندنی توانا و شایستەیی کاندیدەکان، بەهێزکردنی میکانیزمەکانی چاودێری و لێپرسینەوە، دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی لەسەر پێوەرەکانی هەڵبژاردنی بەرپرسان، پەرەپێدانی سیستمی پەروەردە و راهێنان بۆ ئامادەکردنی کادری شارەزا.
ئەم هەڵوێستەی یەکێتی، هاوچەرخ و پێشکەوتووە و پێویستی بە بەشداریی چالاکانە و هاوئاهەنگیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، لە رۆشنبیران و ئەکادیمیستانەوە بگرە تا دەگاتە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی کەرتی تایبەت.
بێگومان، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێم و متمانەی وڵاتانی دەرەوە بە سیستمی حوکمڕانیی کوردستان کە ئەمەش دەبێتە هۆی راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر و پەرەسەندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ چاکسازییەکی گشتگیر لە سیستمی حکومڕانیدا کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و خواستەکانی هاووڵاتیان لە ئەولەویەتەکانیدا دادەنێت.