دۆناڵد ترەمپ بەتەمای چییە؟

09:45 - 2025-02-04
شوان کەریم کابان
40 خوێندراوەتەوە

شوان كەریم كابان

دۆناڵد ترەمپ چلوحەوتەمین سەرۆكی ئەمریكا لە 20/1/2025 سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆكی ئەمریكا. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ، كە چواردە رۆژە، زیاتر لە 80 بڕیاری دەركردووە و هەندێكیان لەسەر ئاستی ناوخۆن و ئەوی تریشیان دەرەكین، لەسەر ئاستی ناوخۆ بڕیاری گۆڕینی زیاتر لە 1000 فەرمانبەری ژمارەیەك فەرمانگەی دەركرد، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو كەسانە دەركرد كە بە تاوانی پەلاماردانی بینای كۆنگرێس بەندكرابوون، بڕیارێكی تری دەركرد بۆ لێسەندنەوەی تیمی پارێزگاریی جۆن بۆڵتنی راوێژكاری پێشووتری ئاسایشی ئەمریكا.
سەبارەت بە پەناهەندە نایاساییەكان بەتایبەت ئەوانەی مەكسیك، فەنزوێلا و كۆلۆمبیا، بڕیاری گەڕاندنەوەی هەموویانی دا. بڕیاری بەهێزكردنی چاودێریی لەسەر سنووری مەكسیك دەركرد. بڕیارێكی تر كە بووە جێی ناڕەزاییەكی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆ، بڕیاری پێنەدانی رەگەزنامەی ئەمریكییە بەو منداڵانەی لە ئەمریكا لەدایكدەبن و دایك و باوكیان بە نایاسایی هاتوونەتە ئەمریكا و دەیان بڕیاری تر، كە هەندێكیان هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك بڕیاری جۆبایدنی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بوو.
لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك بڕیاری پەیوەست بە دەرەوەی ئەمریكای دەركرد، لەوانە: گومرگ خستنە سەر ئەو كاڵایانەی لە كەنەدا و مەكسیكەوە دەبرێنە وڵاتەكەی بەبڕی 25 % و چین-یش بە 10 %، هەروەها زیادكردنی بڕی پارەی گومرگیی ئەو كاڵایانەی لە ئەوروپاوە دەبرێنە ئەمریكا.
دەرچوون لە ئەندامێتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، رێككەوتنی نێودەوڵەتیی كەشوهەوا و بڕینی هەموو هاوكارییەكان لە وڵاتان و رێكخراوەكان، ژمارەیەك بڕیاری تری سەرۆكی ئەمریكان. لەلایەكی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ چەند لێدوانێكی داوە، كە بووەتە جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانی وڵاتان و سیاسەتمەداران و دنیای میدیا، لەوانە: كردنی گرینلاند و كەنەدا بە دوو ویلایەتی تری ئەمریكا، گۆڕینی ناوی كەنداوی مەكسیك بە كەنداوی ئەمریكا، وەرگرتنەوەی كەناڵی پەنەما، كشانەوە لە رێكخراوی سەربازیی ناتۆ ئەگەر ئەندامەكانی تری رێكخراوەكە هاوبەشییە داراییەكانیان زیادنەكەن، داواكردنی وەبەرهێنان بەبڕی ترلیۆن دۆلار لە نێوخۆی ئەمریكادا لەلایەن سعودییەوە.
لەپاڵ هەموو ئەوانەدا، ترەمپ؛ رۆژانە بڕیار و لێدوانی تر دەدات كە دەبنە جێی مشتومڕ و لێكدانەوەی جیاجیا بە جۆرێك چاودێران نازانن ترەمپ بەتەمای چییە و چی دەوێت؟!.

وتارەکانی نوسەر