کەرکوکیانە

کەرکوک خزمەتی دەوێت

09:47 - 2025-02-04
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
70 خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەدا دۆستێکی ئازیزم لە هەولێرەوە بە کەرکوکدا گەڕابوەوە بۆ سلێمانی، کە بینیم پێی وتم، تکایە لەسەر دەروازەکانی ئەو شارە پڕ خێر و بێرە شتێک بنووسە، ئاخر ناکرێت دەروازەی شار کە رووی شارە بەو جۆرە بێت، کەرکوک یەکێکە لە شارە دەوڵەمەندەکانی عیراق، لەگەڵ ئەوەشدا ستەملێکراوترین شاری عیراقە، بۆ ستەملێکراوی تەنها مەگەر سلێمانی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا هێندەی کەرکوک ستەمی لێکرابێت، ئایە کاتی ئەوە نەهاتووە هەندێک لەو ستەمکارییە لەسەر کەرکوک لابەرین، من دەزانم هەموو شارەکانی عیراق پێویستیان بە خزمەت و بەتەنگەوە هاتنە، لێ بۆ من کەرکوک لە پێشی هەمویانەوەیە.
هاوڕێکەم بەس دەروازەی هەولێر و دەرچوون لە کەرکوک بەرەو سلێمانی بینیوە، ئەو زۆر شوێنی تر هەیە نەیبینیوە و نازانێ بۆ کەرکوکییەکان چ مانا و ئاماژەیەک دەدەن لە رۆژانی بەرێ دوسێ سەعات بە کۆڵانە کۆنەکانی  دەوروبەری قەڵادا سوڕامەوەو داخی گەورە چووە دڵمەوە، هاووڵاتییەکی بە تەمەنی تورکمان، وەک ئەوەی من تورکمانییەکی گەلێ باش بزانم قسەی دنیای لەسەر ئەو بێنازییەی شار بۆ کردم، لەوەش بە ئازارتر خاسە و ئەمبەر و ئەوبەری خاسەیە کە چەقی شارە لەبری جوانکردن لە زۆر شوێن زبڵخانێکە بۆ خۆی، ئەوە لە باخچەی بەناوبانگی ئوم ئەلڕەبیعەین هەر مەپرسە، ئەویش بە دەردی دەردان چووەو داری لەسەر بەردی نەماوە.
کەرکوک هەرنا لەبەر ئەو دیرۆکە دێرینەی دەبێت بکرێتەوە بە شار، شارێک کە ئەسیری شاعیر بەئەلزاسی ناوبردوە،  شارێک کە لەوەتەی هەیە گڕی ئاگرەکەی دەگڕێ و ستەمی لێدەکرێت، ئەو شارەی وێڕای بەعساندن و عەرەباندن و تاراندن، هەمیشە پەناگەو داڵدەدەری بەلەنگاز و لێقەوماوان بووە،  من دڵنیام  ئێستا شێخ رەزا لە ژیاندا بوایە سەرزەنشتی ئەو بارودۆخەی دەکردو رەنگبێ شیعرێکی مزریشی گوتبا، لێ ئەو لەمێژە نییە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کەسی تر نەبێت شتێک بڵێت، باخچەو گەڕەک و دەروازەکانی شار داوا دەکەن بکرێنەوە بەو شارەی حەمەڕەوف کەرکوکی خەونی پێوە دەبینێ و جیهاد دڵپاک و ئاری بابان بە ئاواتی جوانبوونییەوە سەریان نایەوە، من هەر کوردەکە ناڵێم، دڵنیام لە تورکمان و عەرەبیش زۆر هەن دەیانەوێ شار ببینن، شار بە جوانی و کۆنینەو ژیارو شارستانیەتیەوە.
نازانم ئەوە تاچەند راستە گوایە فڕۆکەوانی ئەمریکی پێی وابووە کەرکوک لە لاس فیگاس جوانترە، ئەو بەگوێرەی نەوت و ناوبانگ وەی گوتووە، بەڵام ناکرێ هەر بەڕاستی کەرکوک بەو جۆرە بێت، بۆ نا، شارێک ژیان و دەستی کارو دیرۆک و کشتوکاڵ و نەوتی هەبێت و دەکرێت بایەخ بە ئاودێری و بەنداویش بدرێت تێیدا، خۆ لاس فیگاسیش کردەی مرۆڤە.
جوانکردنی شارو بایەخدان بەشار بەرتاقای ئەوەی ئەرکی حکومەت و دەسەڵات و شارەوانییە، ئەرکی خەڵکیشە، هۆشیاری خەڵک رۆڵێکی گەورە لە جوانی شاردا دەبینێت،  ناکرێ خەڵک هیچ بیانویەکی هەبێت بۆ ئەوەی گوێ نەدات بە جوانی و پاک و خاوێنی شار، بەتایبەت لە شارێکی وەک کەرکوکدا هەق بوو کێبڕکێ هەبێت بۆ جوانکردن، من پێشنیازی ئەوە دەخەمە بەردەم شارەوانی بۆ جوانی و پاکی گەڕەکەکان، ساڵانە خەڵاتی تایبەت دابنەن، یانی پاکترین گەڕەک خەڵاتی خۆی هەبێت، ئەمەش رێگەیەکە بۆ بەشارکردنەوەی شار.

وتارەکانی نوسەر