لەم رۆژانەدا یادی دەرچوونی گۆڤاری (سیخورمە)ی جوانەمەرگ بوو. تاکە گۆڤاری تەنز لە کوردستاندا، کە لە 8/2/1997دا یەکەم ژمارە لەم گۆڤارە کاریکاتێرییە رەنگاوڕەنگ و رەخنەگرە لە سلێمانی دەرچوو. بەڕێکەوت ئاگاداری لەدایکبوونی ئەم هەوڵە رۆژنامەوانییە ناوازەیە بووم و لە یەکەم کۆبوونەوەی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (دادە هێرۆ) و د.شێرکۆ عەبدوڵڵا و هونەرمەند ئاکۆ غەریب ئامادەبوون، کە لەگەڵ کاک فەرید ئەسەسەرد و ستران عەبدوڵڵا بۆ کارێکی پەیوەست بە راگەیاندن چووبووین بۆ ماڵی مام. ئێمە بیرۆکەی گۆڤارەکەمان زۆر بەلاوە جوان و نوێ بوو، بەڵام ترسی نەبوونی ئەو توانایانەمان هەبوو کە بە کاریکاتێر و رەنگ و چاپی باش عەرشی گەندەڵەکانی سەرتاپای کوردستان بهێنێتە لەرزین بەڵام رۆژگار سەلماندی کە بە پشتیوانیی ماددیی و مەعنەویی ئەو خانمە خەمخۆر و ژیرە گۆڤارەکە توانیی سەرکەوتووانە بچێتە مەیدانی راگەیاندنەوە و ببێت بە مینبەری زمانی رەخنەکانی خەڵک، بەڵام بە زمانی گوڵەکە. پشتیوانە مەعنەوییەکە ئەوەبوو کۆمەڵگەی ئێمە لە رەخنە و سکاڵا رانەهاتبوو، پێشمەرگە چەند ساڵێکی کەمبوو لە شاخ دابەزیبوون و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیان گرتبووە دەست، هەر بۆیە لە هەندێ لەو کێشانەدا کە راشکاویی گۆڤارەکە دروستی دەکرد، هێرۆ خان خۆی دەکردە قەڵغانی دەستەی بەڕێوەبردنی گۆڤاری سیخورمە و پلارەکانی بەرنامە بەرنامە. لە خۆڕا شەڕەکان دەبوون بە هی ئەو، تا بەدحاڵی بوونەکانی بە شێوازە نەرمەکەی خۆی دەڕەواندەوە تەواو ماندوو دەبوو. لە راستیدا لە واڵی کاک ئەمیر قەساب بابەتێکی پڕ زانیاریی و سەرنجڕاکێشم سەبارەت بە یادی دەرچوونی گۆڤاری سیخورمە خوێندەوە و ئیلهامی پێ بەخشیم گۆشەی ئەمجارەم چەپکە گوڵی پیرۆزبایی بێت بۆ هەموو ئەوانەی لە دەرکردن و پێشخستنی ئەو گۆڤارە سەرنجڕاکێش و ئازایەدا رەنجیاندا و خۆشەویستیی و خەندەی سەر لێوی خەڵکیان چنییەوە. ئەمە هەلێکە بۆئەوەی راستییەک بڵێم ئەویش ئەوەیە، بیروباوەڕ و پڕۆژە فیکرییە گەورەکان گرنگییان لەوەدایە، چەندین کەسایەتیی بە توانا و میهرەبان، ژیانی خۆیانی لەپێناودا دەبەخشن، هۆکارەکەش خزمەتکردنی خەڵک و هێنانەدیی کۆمەڵگەیەکی ئازا و ئازادە. راست نییە پرۆژە فکرییەکان بخرێنە خزمەت کەسەکانەوە با گەورە و میهرەبانیش بن، چونکە گەورەیی ئەوان پەیوەستە بە خزمەتەکانیانەوە. هەوڵەکان ئەگەر لە پێناوی خەڵکدابن کەواتە خۆشەویستیی خەڵکەکەی خۆمان گەورەترینە، لەبەرئەوەی هاندەری هەزاران پرۆژە و بیرۆکە و خەون و خولیایە. عومەری خاوەر لەناو کارەساتی هەڵەبجەدا مەزن و جێگەی باسە، قازیی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمود بەو باوەڕەوە گەورە و نەمرن کە لەپێناویدا گیانیان بەخشیوە. سیخورمە و پڕۆژە هاوشێوەکانیشیی بەری رەنجی ئەوانەن کە بەرگریی لە مافی خەڵکیان، لە رۆحی خۆیان بەلاوە گرنگتربووە.