هـێزی نه‌رم

چەسپاندنی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە

10:46 - 2025-03-03
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
839 خوێندراوەتەوە

لە سەیركردنی ئەو ژمارە بەلێشاوەی كاریكاتێرەوە كە لە راگەیاندنەكانی جیهان لەم رۆژانەی دواییدا، سەبارەت بە شەڕە دەنووكەكەی ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا و زیلنسكیی سەرۆكی ئۆكرانیا دروستكراون، بیرۆكەی ئەوەم لا دروستبوو، سەبارەت بە سیاسەت و رێڕەوێكی كاركردنی ترەمپ بنووسم كە ئەویش (ئاشتیی هەر بە زۆر)یان ئەوەیە كە كورد پێی دەڵێت: (ئاشتی بە زەبری شەق!)
ئینجا ئەوەی مایەی پێكەنین و گریانیشە لە هەمان كاتدا ئەوەیە، ئیڤانكای كچی ترەمپ لە پلاتفۆڕمی ئێكس(X) هەر بەراستیی كاریكاتێرێكی كاریكاتێرستێكی ناسراوی بڵاوكردۆتەوە، تێیدا باوكی بە شەقێكی توند، زیلنسكیی لە دەرگایەك فڕێدەداتە دەرەوە. رۆژنامەنووسان وروژاون و پرسیاردەكەن لە هۆكاری ئەو مامەڵە بێ رێزەی سەرۆكی ئەمریكا بەرامبەر سەرۆكی ئۆكرانیا كردی، ترەمپ دەڵێت داوام لێ كردووە ئاشتیی رابگەیەنێت و ئەو قایل نییە! ئەم قسەیە دەمانباتەوە بۆلای باوەڕی ترەمپ بە چەسپاندنی ئاشتیی لەڕێی هێزەوە واتا بەزەبری شەقەكە، ئەم بۆچوونە بە هەمان باوەڕی چەسپاندنی ئاشتیی نێوان پەكەكە و توركیا بە زەبر و زۆری هێز، لە هەڵوێستی توركیادا سەبارەت بە پەیامی ئاشتیی بەڕێز  ئۆجەلان و وەفدی ئیمڕاڵیدا دەخوێندرێتەوە هەمان ئەو ئاشتییە مەرجدارەی نێوان ئیسرائیل و حەماسیشە كە هەوڵدەدات غەززە ببێتە شوێنێكی گەشتیاریی و فەلەستینییەكان بنێرێت بۆ وڵاتە دراوسێكانی وەك میسر و ئوردن، ئەگەرچی ئەم خەونە سیاسیی و ستراتیژییەی ترەمپ لەبەردەم لەمپەر و تەگەرەی زۆردایە و رۆژانی داهاتوو وەڵامی جێ بەجێ بوون یان نەبوونی ئەم نەخشە رێگەیە دەدەنەوە، بەڵام ئەمە كڕۆكی باسەكەی من نییە، كرۆكی بۆچوونەكەم ئەوەیە تیشك بخەمە سەر تێز و هەنگاوێكی قوتبی یەكجەمسەری دنیا (ئەمریكا) كە دەیەوێت هێزێكی نەرمی وەك ئاشتی، بە هێزێكی توندوتیژی وەك زۆرلێ كردن فەراهەم بكات. ئەمجۆرە سیاسەتە بە قازانج یان زیانی هەركەسێك بشكێتەوە لە رووی مۆڕاڵەوە نیشانەی پرسیاری لەسەرە. كەس كێشەی لەگەڵ چەمكی ئاشتیدا نییە مەگەر بازرگانەكانی شەڕ، بەڵام یانی چی، چەسپاندن ئاشتی بە زەبری هێز؟ دەمەوێت لەمە تێبگەم و دڵنیاببمەوە كە سبەینێ لە زیانی مەسەلەی كورد بەكارناهێنرێت.

وتارەکانی نوسەر