لەم رۆژانەدا هەموو جیهان بە بەرز راگرتنی هەستێکی مرۆیی کاریگەرەوە سەرقاڵبوو، کە هێزی خۆشەویستییە. ئەوین ئەو پاڵنەرەیە وادەکات خواپەرستەکان بەرەو پەرستراوەکانیان بڕۆن و عاشقەکان گوڵی سوور پێشکەش بکەن و دایکان مناڵەکانیان بنووسێنن بە سنگیانەوە و شەهیدەکان ئامادەبن سەدان جاری دیکەیش لە پێناوی وڵاتەکەیاندا شەهید ببنەوە. لەو باوەڕەدام کە شەڕ و کینەش بەهێز و کاریگەرن، بەڵام هەر ئەوەی کە نەیانتوانیوە کارێک بکەن مرۆڤایەتیی رۆژێکیان پێ رەواببینێت و یادیان بکرێتەوە، دەرخەری بێ هێزییانە لە بەرامبەر هێزی خۆشەویستیدا. لە یەکێ لەو شیعرانەمدا کە دژی توندوتیژیی نووسیومە دەڵێم:
کۆتایی دێت ژێردەستەیی
خۆشەویستی بەهێزترە
دەستی تاوان کە تۆی وەراند
ژین لە شەوگار تاریک ترە
من ژیانم ئێش و ژان بێت
باخی رەنجی تۆش بێ بەرە
نیشتمانێ کە زامداربێت
کەی شایەنی غەدری ترە
ئینجا لە واقیعیشدا خۆشەویستیی بەهێزترە، تا ئەو ئەندازەیەی کە رێژەی توندوتیژیی دژی ژنان و منداڵان و بەساڵاچوان لەناو کۆمەڵگەکاندا کەم دەکاتەوە یان نایهێڵێت، بێگومان توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوانیش کەم دەکاتەوە کە هەندێجار وەک پەرچەکرداری خۆپاراستن یان تۆڵەسەندنەوە روودەدەن. بۆ ئەوەی منداڵانێک لە خوێندنگەکاندا بخوێنن شەڕانی و ئاژاوەگێڕ یان موزیڕ نەبن وا پێویست دەکات لە ماڵە باوانیان رێز و خۆشەویستییان بینیبێت و لەسەر نەرمیی و لێبووردەیی و گوێگرتن لە کەسانی تر پەروەردەکرابن، ئەوانەی لە خێزانی هەڵوەشاوە و ماڵی پڕ لە ئاژاوەدا چاویان هەڵهێنابێت، ناتوانن مامەڵەیان لەگەڵ دەوروبەرەکەیان تەندروست و جوان بێت. لەسەر هەموو ئاستەکان و بۆ هەموو بوونەوەرەکانیش عەشق و خۆشەویستیی تاکە چەمکی راوەستاوە لە رووی مەرگدا، وەک چۆن ئاشتیی چەمکێکی بەهێزترە و لە رووی شەڕدا وەستاوە و دەوەستێت، بە درێژایی مێژووش خێر لە دژی شەڕ و رووناکییش دڕبە تاریکیی دەدات. رۆژی ڤالانتاین و ئەو ئاهەنگ و مەراسیم و شیعرانەیش کە بۆ ستایشکردنی خۆشەویستیی خوڵقێنراون، نوێن بەڵام خۆشەویستیی خۆی دێرینترە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتییش.