یەکێک لەو تاوانبارانەی دانی ناوە بە کوشتنی محەمەد باقر سەدردا، باسی لە کوشتنی بیست و پێنج لاوی کوردی بەرزنجیشدا کردووە، دوای ئەو دانپیانانە لەگەڵ دکتۆر فەرهاد مارف بەرزنجی و کاک قەلەندەر بەرزنجی کەوتینە سۆراغ و گفتوگۆی ئەوەی، کە ئەم دانپیانانە لەگەڵ چیرۆکی کوشتن و گولەبارانکردنی ئەو بیست و دوو گەنجە بەرزنجییەی کەرکوکدا زۆر لێکچوون و وەک یەکیان تێدایە، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە سۆراغ و گەڕانی وردەو پێویستە پارێزگاری کەرکوک بەڕێز رێبوار تەها و سەرۆکایەتی کۆمار و لایەنی کوردی بەدوای ئەو دانپیانانەدا بچن و ئەو کۆمەڵکوژییە کە لە ساڵی 1991 دا کراوە بخرێتەوە بەر باس و دۆسیەی بۆ دروست بکرێت.
ئەو پێنج گیراوەی لەسەر شەهید محەممەد سەدر گیراون، دانیان ناوە بەزۆر کەتندا، یەکێک لەوانە چیرۆکی ئەو لاوانەی کوردە، کە ئێمە مەبەستمانە قسەی لەسەر بکەین، من ئێستا سەرقاڵی ئەوەم ئەو بابەتە بکەم بە دۆسییەو وردەکارییەکەی کۆبکەمەوە، دۆستان هاوکاری باشن لەوبارەیەوە، گەرچی ئەمە برین کولانەوەی سی و چوار ساڵ پێشترە، چیرۆکی ئەو بیست و حەوت گەنجەی دواتر بیست و دوویان بێسەر و شوێن کران لە 10ی 3ی 1991دا، بەمجۆرەیە کاتێک بەعس لە کەرکوک دەکەوێتە رەشبگیری گەنجانی کورد و تورکمان ئەو لاوانە لە ماڵی شێخ برایم کۆدەبنەوە لە گەڕەکی واستی گوایە پارێزراوترە، دواتر لە ترسی گرتن بە پاسێک دەیانەوێ لە کەرکوک دەریان بکەن بۆ ماڵێکی ناسیاوی عەرەب، وردەکاریەکە لە شوێنی تر باس دەکرێت، لە تازە دەکەونە ناوخاڵی پشکنینەوە و هەموو دەگیرێن، ناویان دەنوسرێ و ئەو شەوە دەبرێنە تۆپزاوە، رۆژی دواتر ناویان دەخوێنرێتەوە و دەگەڕێنرێنەوە بۆ بنکەی پۆلیسی موسەڵا لە پریادی، لەوێ پێنج کەسیان ئازاد دەکەن کە لە خوار شانزە ساڵەوەن، ئەوانی تریش بەرەو مەرگ و شوێنی نادیار راپێچ دەکەن.
ئەو بیست و دوو کەسە تائێستا سەر و سۆراغیان نییە و کەس نازانێ گۆڕیان لە کوێیە، باسکردنی چیرۆکی لە ناودانی بیست و پێنج گەنجی بەرزنجی لەو دانپیانانەدا، لەگەڵ چیرۆکی ئەو بیست و دوو گەنجە خزم و کەسەی یەک زۆر لە یەک دەچن، بۆیە دەبێت ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی وردی تیا بکرێت، من ناوی هەر بیست و دوو گەنجەکەم بەردەستە، کە زۆربەیان براو کەسی یەکترن.
ساڵی 1991 پێش ئازادکردنی کەرکوک، رەشبگیری گەورە لە شارەکە بەڕێوەچوو، لەو رەشبگیرییەی بەعس و عەلی حەسەن مەجیددا، بە هەزاران گەنج و لاوی کەرکوک گیران، ژمارەکە سەر و دە هەزار کەس بوو، لەوانە بەشێکیان گولەباران کران، وەک گولەباران کردنەکەی شۆڕیجە، ئەو بیست و دوو لاوە بێسەر و شوێنە تا ئێستا نازانرێ لە کوێ گولەباران کراون، بەداخەوە کورد لە بواری کنە و بە دواداچوندا کەم تەرخەمە، دەنا دەکرا ئەو پرسە ئیشی زۆری لەسەر بکرایە، هەڵبەت ئێستاش نەچووە بچێ.