لە ساڵیادی (دەنگی گەلی کوردستان)دا

03:19 - 2022-03-19
وتار
608 خوێندراوەتەوە


دەنگی گەلی کوردستان، دەنگێکی ئاشنا بەگوێی سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان، دەنگێک 43 ساڵە لە شاخەوە بۆ شار، لە خەباتی پێشمەرگایەتی و لە خەباتی حکومڕانیی شارستانی، هاودەمی هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵک بووە.
43 ساڵە ئەو رادیۆیە لەو کاتەوەی بە چەند ئامێرێکی سەرەتایی پەخشەوە دەستیپێکردووە، دەنگێکی زوڵاڵ و بەرز بووە، بەڕووی ستەم و زۆرداریی داگیرکەران و مژدەبەخشی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بووە، بۆ ئەو خەڵکانەی چاوەڕوانی تروسکەیەکی ئازادیی بوون لە تاریکستانی ژێر چەکمەی بەعسدا.
لە راپەڕینی ئازاری 1991دا دەنگی گەلی کوردستان، جگە لەوەی هەرخۆی دەنگی زوڵاڵی گۆڕەپانی کوردایەتی و دەنگی راپەڕین بوو، لە ئامادەکاریی راپەڕینیشدا جفرە و کۆدی پێکەوە گرێدانی هێزی پێشمەرگە و شانە چەکدارەکانی بروسک و شاڵاو و رێکخستنە نهێنییەکان و هەڵخڕاندن ساز و ئامادەکردنی جەماوەر بوو، بۆ راپەڕین و بڵندگۆی بانگەوازی سەرکردایەتیی بوو بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی شۆڕشگێڕان و کوردە هاوکارەکانی رژێم، تا کوردستانیان بە یەکڕیزیی و هاوخەباتی راپەڕین بگەیەننە سەرکەوتن.
لە کۆڕەوی نیسانی 1991یشدا، دەنگی گەلی کوردستان دەنگی ئاوارەکان و گەیاندنەوەی سەدان خێزان بوو بە یەکتریی و مینبەری بەرەنگاریی و مقاوەمەتی ئەزمڕ و کۆڕێ و هیزۆپ و شارەزوور بوو، کە بووە ورەیەک و دووبارە گیانی کردەوە بە بەری شکستە کاتییەکەی راپەڕیندا و بووە دەنگی هاندان بۆ کۆچی پێچەوانەی ئاوارەی شارەکان کە چووبوونە رۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە، تا دڵنیاببنەوە لە مقاوەمەتی پێشمەرگە و بگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان.
دەنگی گەلی کوردستان لە یەکەم خەباتی مەدەنیی مانگرتندا لە 5/12/1991، بووە هاندەر و پاڵپشتی مانگران و بەشێک لە بەرنامەکانی تەرخانکرد، بۆ بڵاوکردنەوەی چالاکی و پەیامی مانگران و ئەوەش شەرەفی ئەوەی بەخشی بە رادیۆکە کە لە 25 مانگرەوە گەلی کوردستان کرایە (26)ـەمین ئەندام.
لەدوای راپەڕینیشەوە، گەلی کوردستان دەنگێکی حەقبێژی سەردەمی حوکمڕانیی خۆماڵی و سەکۆیەکی ئازادی بیروڕا و رەخنەی هاوسەنگ بووە لە کایەی سیاسیدا، لەکایەی کۆمەڵایەتی و کارگێڕیشدا خەمخۆرێکی بە ئەمەکی خواست و پێداویستی و کێشەکانی هاووڵاتیان و پردی پەیوەندیی و سۆراخی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا و هەمیشەش لەسەر ئەو هێڵە راست و رەوانەی یەکێتی کاری کردووە و ئیلهامی لەو نەخشەڕێگا و پەیامە میدیاییە وەرگرتووە کە سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس سەرۆک مام جەلال نەخشەداڕێژەری بووە.
سەروەریی و قۆناغەکانی خەباتی سیاسیی و میدیایی ئەم رادیۆیە و پێشمەرگە و کادرە میدیایی و تەکنیکییەکانی هێندە زۆرن، کە لە دەرفەتێکی لەم شێوەیەدا و لە یادکردنەوەی (43)ـەمین ساڵڕۆژیدا، تەنیا دەکرێت ئەوەندەی لەبارەوە بووترێت و سڵاو بۆ ئەو ماندوونەناسانە بنێرین کە لەو کاروانە دوور و درێژەدا بەشداربوون و ئێستاش بەشدارن، هەر لە نووسەر و بێژەرەوە تا تەکنیککار و پێشکەشکار و هەواڵساز، سڵاو بنێرین بۆ گیانی هەموو ئەوانەش کە لەو کاروانەدا بەشداربوون و ئێستا لە ژیاندا نەماون.

وتارەکانی نوسەر