تێزەكەی پێلیزمان و پلانی ريڤیێرای Rivieraرۆژهەڵاتی ناوەڕاست..!

09:28 - 2025-02-12
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
128 خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی ئەو تێگەیشتنە میللییەی كە زیاتر لەناو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت گەلی ئێمەشدا هەیە، وا باوە كە زۆرێك لە هەڵوێست و بڕیارەكانی سەرۆكە سەرنجڕاكێشەكەی جیهان، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا، وەها ببینرێن كە زادەی تایبەتمەندێتیی كاراكتەرێكن كە قاڵبووی كایەی سیاسەت نییە، ئەوەندەی كەسێكی بزنسمانە!. لەو تێگەیشتنە خوارتریش ئەوەیە كە هەندێکجار دەستەواژەی سەرۆكە(شێت یان هەڵچوو، یان تووڕە)كەی بۆ بەكاردەهێنرێت!. لەمەشدا، رەنگە ترەمپ خۆیشی، گەر بەگیانێكی تەنزئامێزیش بێت، لەو ناتۆرەیە بەرپرسیاربێت!. ئەو جارێكیان بۆ رۆژنامەی(Axios)ی ئەمریكی بە دەمی خۆی دەڵێ:(من شێتم)!، بەڵام ئەم قسەیە لەو پلارەوە هات كە لە سەرۆكی چین، چی جین بینگ-ی گرت و رایگەیاند كە ״سەرۆكی چین رێزم لێدەگرێت لەكاتێكدا كە دەزانێت من شێتم״. رستەیەك كە بێگومان دواتر بووە ترێند و تەنانەت جێی باوەڕی رۆژنامەكە خۆیشی تاڕادەی ئەوەی پێیوابێت، بیروباوەڕی ترەمپ، لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا،(شێتانە)یە!.
  لەم رۆژانەدا، دوای جاڕدانی ترەمپ بۆ پلانەكەی، كە بریتییە لە راگواستنی خەڵكی غەززە بۆ میسر و ئەردەن و كردنی غەززە بە ناوچەیەكی كەناردەریای گەشتیاریی بۆ هەموو جیهان و شوێنی نیشتەجێبوونی كۆمەڵگەیەكی گڵۆباڵ، سەرلەنوێ ئەم پلان و بیرۆكەیە وەك جۆرێك لە هەڵوێستێكی شێتانە وێناكرا!، لەكاتێكدا كە ئەو پلانە، لە بنەڕەتدا، دوور و نزیك، پەیوەندیی بە بیركردنەوەی ترەمپ خۆیەوە نییە، بەتایبەتی بۆ دۆزێكی ئاڵۆزی وەك كێشەی عەرەب - ئیسرائیل. ئەو بیرۆكە و پلانە، بەپێی راپۆرتێكی گەورە رۆژنامەی ئەلیكترۆنیی ئیسرائیلی(The Times of Israel) لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ پرۆفیسۆر جۆزیف پێلیزمان Joseph Pelzman مامۆستای ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی(George Washington)ی ئەمریكی. پێلیزمان هاوكات سەرۆكی سەنتەرێكی گەورەی توێژینەوەی ئابووریی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیایە.
  پێلیزمان، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە هەن، ئەو بووە كە لە مانگی تەمموزی ساڵی پاردا(2024ز) ئەو پلانەی گەڵاڵەكردووە و داوێتی بە تیمەكەی ترەمپ. بەپێی دیدی ئەم زانا ئابوورییە، ئەو وێرانكارییەی كە لە غەززەدا روویداوە، مەحاڵە بتوانرێت چاكبكرێتەوە و سەرلەنوێ غەززە بنیاد بنرێتەوە، بەتایبەتی كە بەپێی خەمڵاندنی زانستییانەی پێلیزمان، ئاوەدانكردنەوەی غەززە پێویستیی بە نزیكەی دوو تریلیۆن دۆلار و نزیكەی 5 بۆ 10 ساڵ كاركردن هەیە!. بۆیە لە دیدی ئەودا، هیچ لایەنێكی وەبەرهێنان، تایبەت بێت، یان نێودەوڵەتی، لە سایەی هەلومەرجی ناسەقامگیری ئێستادا ناتوانێت بچێتە كەرتی غەززەوە، بۆیە پلانەكە ئەوەیە كە سەرەتا دانیشتووانی غەززە لە وڵاتی تری دراوسێدا نیشتەجێ بكرێن، پاشان ناوچەی غەززە لەسەر ئاستی هەرسێ كەرتی گەشتیاریی، كشتوكاڵ و تەكنەلۆژیا بنیاد بنرێتەوە و بكرێتە ریڤیێرایەك بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕأست.
  بێگومان وردەكاریی پلانەكە لای ئەو زانایە، بواری زۆرتری تیایە، كە دەتوانین لەكاتی تردا بچینە سەری، بەڵام ئەوەی لەدواییدا شایەنی هەڵوەستەیە، ئەوەیە كە یەكەم: ترەمپ، بە پێچەوانەی تێگەیشتنە باوەكەوە، ئەم پلانەی بە میزاج و لە گیرفانەوە دەرنەهێناوە، بەڵكو زادەی بیری شارەزاترین كاراكتەرە ئابوورییەكانی وڵاتەكەیەتی و زۆریشی مەبەستە كە جێبەجێی بكات، لەئێستاشەوە هەموو كارت و فشارە ئابووری و بازرگانی و سیاسییەكانی بۆ بەكاردەهێنێت. دووەم: ئەو پلانە، هەرچییەك بێت، دواجار لەسەر حسابی گەلێكە كە پلانەكە ئەوەی تیا نییە جارێكی تر بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.   
‌‌[email protected]



وتارەکانی نوسەر