بژاردەی دیالۆگ و دوورەپەرێزی

09:40 - 2022-06-13
جەمال ئارێز
721 خوێندراوەتەوە

ناکرێت سیاسییەکان ببنە دیلی میدیا و  سۆشیال میدیا، وەک چۆن ناکرێت میدیا و سۆشیال میدیاش ببنە دیلی سیاسییەکان، ئەرکی سیاسییەکان گەورەترە لەوەی چاوەڕوانی هەواڵ و کۆمێنت و لایکی سایت و پەیجەکان بن بە ئیجابی یان سلبی دوای ئەوە هەنگاو بنێن، وەک چۆن ناکرێت میدیاکان و میدیاکاران و پەیجەوانەکانیش چاوەڕێی دەستخۆشی و مێدالی سیاسییەکان بن، بۆیە گرنگترینی هەموو ئەوانە ئەوەیە چ سیاسەتمەدار و دەوڵەتداران و چ میدیاکاران یەک خاڵی هاوبەش کۆیان بکاتەوە کە ئەوەیە خەڵک و خەمی خەڵک و بژێوییان بکرێتە سەنتەری ئەو بەیەکگەیشتنە، دەنا بۆ بابەتەکانی تر دەکرێت جیاوازبن لەڕووی ئەرک و ئەدا و دیدو ئایدیۆلۆژیاوە.
لە دوای هەڵبژاردنی 10/10/2021-ەوە پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە خراپیدایە، گەورەترین گرفتی ئەو پەیوەندییە سیاسییە ئاڵۆزە نەمانی متمانەیە لە نێوان حزبەکان لەلایەک و کاریگەریی میدیا و سۆشیال میدیاشە لەسەر هاووڵاتیان لەلایەک لە دەرخستنی راستییەکان و هەڵدانەوەی دۆسێکانی گەندەڵی، لەلایەکیش مانەوەی دەستەواژەی چاکسازیی و بنبڕکردنی گەندەڵییە وەک دروشمێکی رووت لە عیراق و کوردستانیش.
ئەم دۆخە لە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی پارەوە تا رادەی لێکدابڕان بە قەتیسی ماوەتەوە، لەلایەک عەقڵییەتی تەقلیدیی خۆرهەڵاتی پێیوایە کە نابێت ئەو دەستپێشخەریی بکات، چونکە وا لێکدەدرێتەوە لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا کە مادام ئەو دەستپێشخەریی کردووە بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و هێشتنەوەی لانیکەمی تاڵە دەزووی پەیوەندیی و لێکتێگەیشتن، ئەوا هەموو تیرەکانی تاوانبارکردن ئاراستەی ئەو دەکرێت، هەرچی عەقڵییەتی سەردەمییانەشە پێیوایە کە دەبێت لە سەختترین دۆخە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکاندا دیالۆگ و دانوستاندن لە نێوان سیاسییەکان خۆیان و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئیدارە و دەوڵەت و هەردوولاش لەگەڵ میدیاکاندا بەبێ هەڵاوێردن-دا هەبێت.
قۆناغی دوو مانگی رابردووی هەرێم و حەوت مانگی رابردووی بەغدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە تەنها ئەو لایەنە سیاسییانە زیان لەو دۆخە ناکەن کە دەنگەکانیان کەمی کردووە، یان دەنگی زۆریان هێناوە و حکومەتیان پێ پێکنایەت، بەڵکو زیانمەندی یەکەم خەڵکی عیراق و کوردستانن کە لەلایەک هەمیشە دەستیان لەسەر دڵیانە لەترسی تێکچوونی دۆخەکە، بەتایبەتی کە زۆربەی لایەنە ناکۆکەکان هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان هەیە و زۆربەشیان قووڵایی هێزیان لەناو هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتدا هەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە زۆرێک لە لایەنەکان بە شیعە و سوننەوە قووڵایی  ئیقلیمییان هەیە و وڵاتانی ئیقلیمی و لەڕێی ئەوانیشەوە بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسییەکان وڵاتانی زلهێزی خاوەن بڕیاریش کاریگەرییان دەبێت لە چەقبەستن و داخرانی سیاسیی زیاتری دۆخەکە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی چ وەک خوێندکاری رێبازی سەرۆک مام جەلال و چ وەک درێژەپێدەری سیاسەتی نوێخوازانە و هاوچەرخانەی یەکێتی لە ماوەی ئەو هەشت مانگەی رابردوودا کە عیراق و هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ بووە، سەرەڕای ئەرکە حزبییەکانی، بۆ ساتێکیش گرفتە ناوخۆییی سیاسی و ئیدارییەکانی هەرێمی فەرامۆش نەکردووە و نەک هەر دەرگای دیالۆگی هەمیشە بەکراوەیی لەبەردەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا بەکراوەیی هێشتۆتەوە، بەڵکو بەڕووی چین و توێژە جیاجیاکانیشدا دەرگای کراوەبووە لە سۆنگەی بڕوابوونەوە بەوەی خەڵک و خەمەکانی سەنتەر و چەقی قورسایی خەباتەکەیەتی.

 

پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە خراپیدایە، گەورەترین گرفتی ئەو پەیوەندییە سیاسییە ئاڵۆزە نەمانی متمانەیە لە نێوان حزبەکان 

ئەم حزبە و سەرکردایەتییەکەی هەربە دانەخستنی دەرگای دیالۆگەوە نەوەستاوە، بەڵکو لەو هەشت مانگەدا چەندین دەستپێشخەریشی کردووە لەسەر هەردوو ئاستی عیراق و هەرێمیش و هێندەی بۆی کرابێت شەفافانە پەیام و تێڕوانینی خۆی گەیاندۆتە لایەنە بەرامبەرەکان و لەو نێوەندەشدا زۆر گرێ هەبوون بەهۆی ئەو دیدار و دیالۆگە راستەوخۆیانەوە کراونەتەوە، بۆیە یەکێتی هەمیشە دیالۆگی زاڵکردووە بەسەر دوورەپەرێزیدا و دواجار سوودی گشتیش لەو دیالۆگ و کرانەوەیەدایە.

وتارەکانی نوسەر