خۆمانە و خێزانیی

ناچار نابین داوای مافەکانمان بکەین

11:26 - 2025-02-18
رۆزا دڵشاد مەریوانی
68 خوێندراوەتەوە

37
چۆن مافەکانی ژنان بێتە دی، لە کاتێکدا مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەدی نایەت، کۆمەڵگەیەک مافی هاووڵاتیی تێدا پارێزراوبێت، ژن ناچار نابێت داوای مافەکانی بکات

ئێمەی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ژنان بەردەوام کۆمەڵگە بە گشتی و خێزان بەتایبەتی هان دەدەین بۆ چوونە دەرەوەی کچان و ژنان لە چوارچێوەی ماڵ و خۆسەلماندن و کارکردنیان، بەڵام ئەو دۆخە ناهەموارەی وا بۆ زیاتر لە 10 ساڵ دەچێت بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە، هەر لە بێ مووچەیی و بایکۆتەوە تا دەگاتە نەبوونی کار و دامەزراندن..هتد، لە سەروو ئەوانەشەوە بێباکیی دەسەڵات لەبەرامبەر مافە رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەراندا وەک ئەوەی لەماوەی رابردوودا بینیمان و ئەو کارە ناشیرینانەی بەرامبەریان کرا، کارێکی ئەستەمە بەدی بێت بەجۆرێک گەیشتووەتە ئەوەی منداڵێک هەستی پێبکات و دنیای منداڵان بە کێشە و قەیرانەکان بشێوێنرێت و لێت بپرسێت «دایە یەعنی کە منیش گەورە بووم ئیشم دەستناکەوێت و ناتوانم کاربکەم؟» ئەو پرسیارە لە هەر دایکێک بکرێت دەیتاسێنێت و نازانێت چۆن وەڵام بداتەوە، درۆی بۆ بکات یان بەو واقیعە تاڵە ئەوەندەی تر بیترسێنێت.
هەمیشە دژی ئەوە بووم ئەم وڵاتە جێبهێڵم و بچمە ئەوروپا، هەردەم لەبەرامبەر ئەوانە وەستاومەتەوە کە لە ئەوروپاوە موزایەدەی کوردایەتیمان بەسەردا دەکەن و داوام کردووە ئەم وڵاتەی بە خوێنی شەهیدەکانمان ئازاد کراوە، دەستبەرداری نەبین، بەڵام ئەو کاردانەوە توند و ناشیرینەی بەرامبەر ئەو نموونە جوانەی دەربڕینی ناڕەزایی مۆدێرنانەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانە کرا، کە جگە لە پیشاندانی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو لە داواکردنی مافەکانیاندا بەبێ جیاوازیی جێندەریی، هەموو ئەوانە کردیانمە گومانەوە ئاخۆ ئێمە هەڵە بووین ماینەوە؟ ئایا چەند نەوەی دیکە دەبێت خوێن بڕێژێت و منداڵیی و گەنجێتیی چەندی ترمان بەفیڕۆ بڕوات لەپێناو ئەو ئازادییەی دایک و باوکانمان خەباتیان بۆ کرد؟ لەبەر زۆربەی منداڵانی ئەم نەوەیە کە نیوەی تەمەنی خوێندنیان بە بایکۆتەوە بەسەربردووە و هیچی وا فێرنەبوون، وەک دایکێک و ئینجا هاووڵاتییەک کە تەنیا لەم زۆنەدا ئەو ئازادییەی هەیە، پرسیار و رەخنە بگرێت، دەپرسم ئەم دۆخە تا کەی؟ چەند نەوەی دیکە بکەینە قوربانیی گەندەڵیی و چاوچنۆکیی دەسەڵات؟ هاوکات لە وڵاتێکی وادا چۆن چاوەڕێ بین مافەکانی ژنان بێتە دی لە کاتێکدا مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەدی نایەت، دواجار کۆمەڵگەیەک مافی هاووڵاتیی تێدا پارێزراوبێت، تێیدا ژن ناچار نابێت داوای مافەکانی بکات، کاتێک وەک مرۆڤێک لەگەڵ پیاودا لە ماف و ئەرکدا یەکسان دەبن.   

وتارەکانی نوسەر