لە چەند رۆژی رابردوودا، لە ئاسمان و زەمینەوە، رێگەکانی گەیشتن بە ریازی سعودیە، قەرەباڵغ و فرە گەشت بوو، سەردانەکان بۆ سعودیە و قەرەباڵغی هێڵەکانی گەیشتن بەو وڵاتە، بەهۆی دوو جەمسەرە دژ و ناکۆکەکەی جیهان، سعودیە و روسیا بوو کە لەدوای جەنگی ساردەوە، یان راستترە بڵێم لەنێوان ساڵانی 1917 تا 1990ی ئەفغانستان، نێوانی ئەم دوو وڵاتە بەردەوام پڕ کێشە و ناکۆکی بووە.
سعودیەی ئەم رۆژانە خاوەن رۆڵێکی ئەرێنییە، مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا دوای دەستبەکاربوونی لە ریاز دابەزی، دواتر سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا یەکێکیتر بوو لەو رووخسارانەی پێی نایەسەر خاکی سعودیە و دیداری لەگەڵ رۆبیۆ ئەنجامدا. دووشەممەی رابردووش وەفدێکی ئۆکرانی گەیشتۆتە سعودیە و پێشبینیی دەکرێت ئەو سەردانە پەیوەست بێت بە سەردانی زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (بلومبێرگ)، دەرگای سعودیە بە رووی رووداوێکی گەورەی مێژووییدا دەکرێتەوە کە ئەویش دیداری لووتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیایە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە ریاز.
ئەگەر ئەم دیدارە لەسەر خاکی سعودیە بکرێت، هێندە سعودیە دەباتە پێشەوە، دەکرێت بە بازدانی مێژوویی گەورەی سعودیە ناوی بهێنین، لە ناوەندە نێودەوڵەتی و جیهانییەکانیشدا سعودیەی پێش دیدارەکە، جیاواز دەبێت لە سعودیەی دوای دیدارەکە، رەنگە ئەمە ئەو سعودیە بێت کە محەمەد بن سەلمان بە سعودیەی چوارەم، یان بە (سعودیەی مۆدێرن) ناوی دەبات، هەرچی ئەمریکا و ئیسرائیلە بە سعودیەی نوێ و سەردەمیانە ناوی دەبەن.
سعودیە لە دوای ئەم دیدارەوە پێماندەڵێت ئیتر ئەو تەنها هەڵگری شوناسێکی دینیی نییە و وڵاتێک نییە لە داخرانی ناوخۆییدا بخولێتەوە، هەروەک لە دوای ئەم دیدارە وێناکردنی ئەم وڵاتە وەک هەڵگری مێنتاڵێت و رووخساری جیهانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی، هەڵەیە، ئیدی سعودیە ئەگەر تەواوی جەستەی سیاسی و ئابووری و دیینیشی لە خۆرهەڵاتدا بێت و خۆرهەڵاتیانە بێت، بەڵام دەتوانرێت لە ریزی وڵاتە گەورەکانی خۆرئاوا و جیهاندا پۆلێن بکرێت.
دەمێک ساڵە ئەم وڵاتە دەیەوێت ئەم جێگۆڕکێیە بکات، لە پێگەی دینییەوە بۆ نەوت و وزە و دواجاریش بۆ وڵاتێکی خاوەن رۆڵی سیاسی و سوڕێنەری گۆڕانکارییەکان، سعودیە ئەو چانسەشی هەیە کە ئیدارەکەی دۆناڵد ترمپ ویستی نزیکبوونەوەی لەگەڵیدا هەیە، ئەگینا رەنگە رێگری گەورەی بۆ هەژموونی سعودیە دروست بکردایە و دەرفەتی گەورەبوونی زیاتری پێنەدرایە، کەواتە ئەمەش پێماندەڵێت لە قازانج و سوودی ئەمریکایە، سعودیە زیاتر گەورە ببێت و وەک شوێنی مانەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتدا لەدوای ئیسرائیل ببینرێت و لەوێوە زیاتر دەستی بگاتە خۆرهەڵات و زیاتر نزیک ببێتەوە لە نەوت و داهاتی خۆرهەڵات.