دەوڵەت باخچەلی (1948 ــ 2025)، ئێستا سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا ( MHPــ 1969)یە، باخچەلی لە رابردوودا یەکێک بووە لە کارەکتەرە تورکەکان کە سیاسەتی دژایەتیکردنی کوردی هەبووە. هەرچی MHP _ یە، سەرچاوەی فیکریی (رێکخراوی گورگە بۆرەکان)ە و لەو سەرچاوەیەوە بیری توندئاژوویی و رەگەزپەرستانەی خۆی وەرگرتووە، هەرئەوەش وایکرد ئەو رێکخراوە لە (کردەی نادیار)دا، هەزاران هاووڵاتیی کورد، زۆر بە دڕندانە و بێبەزەییانە بکوژن و زیندەبەچاڵیان بکەن.
دامەزرێنەرانی پارتەکەی ئێستای دەوڵەت باخچەلی، دوژمنانی تورکیایان دابەشکردبوو بۆ (سێ کاف) و ناویان نابوو (ئوچ کاف)، کە مەبەست لەم کافانە بریتی بوو لە (کورد، کۆمۆنیست و کزیل باشی _ عەلەوییەکان)، ئەوان پێیانوابوو: ئەم سێ کافە بە هیچ جۆرێک نە مافیان لە تورکیادا هەیە، نە هەرگیز دەبن بە تورکیش، بەڵام لەئێستادا دەوڵەت باخچەلی ئەوە ناڵێت و خاوەن پێشنیازی پرۆسەی ئاشتییە بۆ جارێکیتر لە تورکیادا.
پارادۆکسێک لە (ئوچ کاف)ەکەی مەهەپە و پەیامی ئێستای باخچەلی _ دا هەیە، ئەگەر تێڕوانینی سەرکردایەتیی ئەم حزبە هێشتا مێژووی تێنەپەڕاندووە و هەر حزبە نەتەوەپەرستەکەی جارانە و خاوەن هەمان دیدگای جارانە بۆ سێ کافەکەی (سێ دوژمنەکە)، ئەوا پرۆسەی ئاشتی قورسە و رەنگە شکستی یەکەمی ئەم هەوڵە بۆ دەوڵەت باخچەلی بگەڕێتەوە، ئەگەر لە واقیعیشدا ئەم حزبە نەتەوەپەرستە بڕیاریداوە بە راستی ببێتە داینەمۆی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، ئەوا دەبێت ئیدی ئەم (سێ کاف)ە ببێتە (دوو کاف) و جارێکیتر (کورد) بە نەیار و دوژمنی خۆیان نەزانن.
ئەگەر MHP ئەم هەوڵە ئەرێنییەی بە ئاراستەی پرۆسەی سیاسی سەرکەوتوو ببێت، ئەوا پێش هەموو شتێک بازدانی کردووە بەسەر بیری داخراوی رابردووی MHPدا دژی کورد و کوشتنی کورد بە دەستی تورک حەڵاڵ نابێت، ئەمەش بەچی دەبێت؟ بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کە راستەوخۆ خاڵی سێیەمی دەستووری ئێستای تورکیا هەڵبووەشێنێتەوە کە دەڵێت (یەک زمان، یەک ئاڵا و یەک نەتەوە)، ئەم وێناکردنە زۆر قورسە و لێدانە لە ستراکچەری هزری مەهەپە پێش هەموو کەس و لایەنێک، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆسەیە ببێتە واقیع، ئەوا دەوڵەت باخچەلی دەبێتە بزوێنەری مێژوویی لە کۆمەڵگەی تورکیدا و بەلای کوردەکانەوە پێش ئەتا تورک _ یش دەکەوێت.
بۆ دەوڵەت باخچەلی کە پەیامی ئاشتی هەڵگرتووە، دەبێت مێژووی رابردووی تورکیا تێکبشکێنێت، بچێتە دەرەوەی مێژوو و ئیدی کورد بکات بە بەشێکی تەواو لە مێژوو و زمان و خاک و کەڵچەری ناوخۆی تورکیا، ئەگینا هەموو ماناکانی ئەو قسەیە خاڵی دەکاتەوە لە راستی کە وتی: «هەر تورکێک کوردی خۆش نەوێت، تورک نییە».