خۆمانە و خێزانیی

چیرۆکە راستەقینەکانی خۆشەویستی

11:39 - 2025-02-24
رۆزا دڵشاد مەریوانی
66 خوێندراوەتەوە

ئەو چیرۆکە راستەقینەیەی بە دەستی خۆمان لە ژیانی تایبەتیماندا پێکەوە دەینووسینەوە و تێیدا دەژین، زۆر لە ستۆرییە دەستکردەکانی سۆشیال میدیا جوانترە

(38)
«زۆریان یەک خۆشدەوێت بێ یەک ناژین، مێردەکەی دەیپەرستێت و هەموو کات پێکەوە لە گەشت و سەیرانن» پێموت تۆ چوزانیت لەگەڵیاندا دەژی؟ 
-وتی نەخێر، ئەوەتا تەماشای ستۆرییەکانیان بکە لە سۆشیال میدیا، پڕە لە وێنەی پڕسۆز و خۆشەویستی و شیعر بۆ یەکتری و لە ڤالانتاییندا ستۆرییەکانیان بۆ یەکتر سوور دەکاتەوە.
*وتم، بەڵام من دەیانناسم لەناو خەڵکیدا پیاوەکە زۆر بە ناشیرینی ژنەکەی دەشکێنێت، ئایا ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەیبینین ئەوە ژیانی راستەقینە و خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوێکە؟.
ئەی ئەوەی حەزی لە خۆدەرخستن و نماییشکردن نییە لەو پێگانە و بگرە ئەو جۆرە ئەکاونتانەی نییە، مانای وایە ئەوانە یەکیان خۆشناوێت و بەردەوام لە شەڕ و ئاژاوەدان؟
-بەڵێ دەکرێت مرۆڤ چاو هەڵیبخەڵەتێنێ، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە ژیانی تایبەتی کەسەکان نەماوە و وایلێهاتووە هەموو وردەکارییەکی ژیانیان یاخود بڵێین لایەنە جوانەکانی ژیانیان ئەگەر دەستکرد و بە درۆشەوە بێت، نماییشی دەکەن.
*خۆشە هاوسەر یان خۆشەویستەکەت گوڵ و ورچ و نەستەلەت بۆ بکڕێت، بەڵام ئەی ئەگەر نەیکڕێت مانای وایە خۆشی ناوێیت؟ ئەی مەگەر هەر مرۆڤە و بەپێی باکگراوند و ئاستی رۆشنبیریی و پەروەردە و تەنانەت کەسێتیی خۆی خۆشەویستی خۆی دەرنابڕێت؟ چونکە هەر مرۆڤە و زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی.
-راستە رەنگە من بە دروستکردنی خواردنێکی خۆش بۆ مێردەکەم خۆشەویستی خۆمی بۆ دەربڕم.
*هەروەها ئەوەشت لەبیر نەچێت ئەگەر خۆشەویستی رێز و پێزانینی لەگەڵدا نەبێت بە رای من ئەو کاتە خۆشەویستی یەکسانە بە سفر، چی لە رۆژی خۆشەویستی و گوڵی سوور و ستۆری عاشقانە بکەم، کاتێک لە هەر ساتێکدا بێت مێردەکەم بە جنێو قسەم لەگەڵدا بکات و لەنێو خەڵکیدا سووکایەتییم پێبکات و لەبەردەم منداڵەکانمدا رێزم نەگرێت؟
هاوکات بە رای من خۆشەویستی ئەوەیە، هەر کاتێک خەمی ئەم دنیایە بەسەر شانمەوە بوو ئەو بۆم ئاسان بکات و دڵنەواییم بداتەوە، کەسێک بێت هەمیشە بێ خەم پشتم پێ ببەستێت و پشتی پێ ببەستم و بزانم لەم دنیا خراپەدا ئەوم هەبێت هەرگیز بێ کەس نابم، دواجار ئەو چیرۆکە راستەقینەیەی بە دەستی خۆمان لە ژیانی تایبەتیماندا پێکەوە دەینووسینەوە و تێیدا دەژین، زۆر لە ستۆرییە دەستکردەکانی سۆشیال میدیا جوانتر و گرنگترە.  

وتارەکانی نوسەر