زیاد لە سی ساڵە خەڵكی هەرێمی كوردستان، بە دەست نەبوونی خزمەتگوزاریی مرۆیەوە دەناڵێنن. رۆژ بە رۆژیش مەسروفی ژیان، لەم وڵاتە قورستر دەبێت. بێگومان بە گوێرەی ناڵە و هاواری خەڵك بەدەست بێكاریی و نەبوونییەوە دەریخستووە، داهاتی تاكیش زۆر كەمترە لەو خەرجییانەی، كە بەسەری چەسپاوە. بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین خێزانێك ئەگەر زیاد لە دوو كەسیان كار بكەن، ئینجا توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەكی مام ناوەند بژین. خەرجییەكان هێندە زۆرن مرۆڤ پێڕاناگات داهاتی رۆژانەی بە ڕێكوپێكی دابەشبكات.
بەداخەوە حكومەتی هەرێم بەبێ داتا و زانیاری، هەنگاو دەهاوێت و بێبەرنامە و پلان، كاروباری دامەزراوەكانی حكومەت بەڕێوە دەبات. هۆكاری ئەو قەیرانانەی حكومەتیش گەلێك زۆرن، بەڵام لەبەرئەوەی بەشی زۆری كەرتی گشتی دراوە بە كەرتی تایبەت، وەك نموونەی ئاو و كارەبا و سزای هاتووچۆ و ....هتد. وایكردووە هاووڵاتیان بە چاوی بازرگانێك سەیری حكومەتی هەرێم بكات. بەڕاستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ناهەقیان نییە رەخنەیەكی زۆر لە حكومەت و كابینەی نۆ دەگرن، چونكە زۆرترین باجی خستۆتە سەر كاسبكار و خەڵكی هەژار.
ئاسان نییە لەم بێ بازاڕیی و گرانییەدا، بتوانیت مانگێك لە ژیانت بێ كێشەی دارایی و بژێوی ژیان ئاوابكەیت. سەرباری ئەو هەموو گرفتانەش، حكومەتی هەرێم بەهۆی پێدانی كارەبای 24 سەعاتییەوە باری سەرشانی هاووڵاتیانی قورستر كردووە. خەڵكی دەڵێن حكومەت فێڵی لێكردووین، ئەو چەند ساڵە بە دەستی ئەنقەست ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی لەسەرمان گرانكردووە، تا بە مەمنوونییەوە ئەو بڕە زۆرەی كارەبای 24 سەعاتییە قبووڵ بكەین. پێیانوایە ئەوەش دراوە بە كەرتی تایبەت و كەرتی تایبەتیش وەك خۆیان دەڵێن هی بەرپرس و كوڕە مەسئولەكانە، ئەگینا كارەبای نیشتمانیی لە هەموو دونیادا ئەگەر بە پارەش بێت بەو رێژەیە نییە، كە وەكو ئەوەی لە شاری هەولێر وەریدەگرن.
ئاخر كارەبای 24 سەعاتییەكە هێندە لە پرۆژەیەكی بازرگانیی و ئیحتیكاری دەچێت، هێندە پرۆژیەكی خزمەتگوزاریی نییە، بۆیە هاووڵاتیان دەپرسن كابینەی 9 سەرەتا داوای چاكسازیی و خزمەتگوزاریی دەكرد، بەڵام دەركەوت پرۆژەكانی زۆر بازرگانین و زیاتر گرنگی بە كەرتی تایبەتداوە، نەك كەرتی گشتی. ئەوەش مانای ئەوەیە ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێكی نا عادیل و نا شەفاف داین، كە بە چاوی موشتەری سەیری هاووڵاتییەكانی دەكات، نەك وەك هاونیشتمانییەك بەڕێوەیان ببات.
ئەگەر بە چاوێكی رەخنەییەوە سەیری نموونەی ئەو پسووڵانەی بۆ ئەو گەڕەكانەی، كە كارەبای 24 سەعاتییان هەیە هاتۆتەوە بکەین، دەریدەخات حكومەت هیچ پلان و بەرنامەیەكی خزمەتگوزاریی بۆ هاونیشتمانییەكانی نییە، بۆیە خەڵكی شاری هەولێر هەقی خۆیانە بەم كارە بڵێن: كارەبای 24 سەعاتی پرۆژەیەكی بازرگانییە، نەك خزمەتگوزاری.